ڕەهاگەرایی ئێرانی لە واتاناسی شێخ و شادا
ڕەهاگەرایی کە سەرچاوەی ئەوروپایی هەیە لە ئەنجامی تێکچوونی فۆرماسیۆنی سەدەی ناوەڕاست هاتە ئاراوە کە بووە هۆی دروستبوونی نەتەوەی نوێ کە پێویستی به سەرکردەی بەهێز بوو. دەرەنجام، دەسەڵاتی دەوڵەتەکان پەیوەست بوو بە دەسەڵاتی سەرکردەکانیەوە لە ڕێگەی دروستبوونی جۆرێک لە سەرکردایەتی پاوشا.
دواتر و لە سەردەمی نوێدا. فەڕانسەی سەردەمی لوویی چواردە لەو سەردەمانەو ئاڵمانیای نازی و یەکێتی سۆڤییەت، بوون بە دوو نموونەی کلاسیکی ڕەهاگەرایی.
ڕەهاگەرایی ئاماژەیە بۆ عەقیدەیەکی سیاسی کە تێیدا سەروەری تەواو و دەسەڵاتی بێسنوور بە دیکتاتۆرێک سپێردراوە، کە بەزۆری، بۆماوەییە.
ڕەهاگەرایی بناغەیەکی مەعریفی هەیە و “تۆماس هۆبز” بانگەشە بۆ گرێبەست و حکومەتێکی کۆمەڵایەتی دەکات لەلایەن پاشایەکی ڕەهاوە. بە بڕوای هۆبز، ژیان بەبێ حکومەتێکی ناوەندی بەهێز، ئاژاوە و شەڕی ناوخۆی لێدەکەوێتەوە. بۆیە ڕێکەوتنێک لە نێوان خەڵک و حکومەتدا دەکرێت، مافە سروشتییەکانی خەڵک دەگوازرێتەوە بۆ حکومەت، چونکە ئاشتی باجێکی قورسی هەیە، دەبێت خەڵک هەر خراپەی سیستەمەکە قبوڵ بکات، مافی خۆڕاگری نییە و پرۆسەی گواستنەوەی مافەکان بۆ پاشا ناگەڕێتەوە.
بەڵام ڕەهاگەرایی ڕۆشنگەری، مەیلی ئەوەی هەیە کە ڕێگە بە لێبوردەیی ئایینی و ئازادی قسەکردن و ئازادی ڕۆژنامەگەری بدات، سزای لە سێدارەدان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەشکەنجە قەدەغە بکات، سیستەمی پەروەردە پەرەپێبدات، بیرۆکراسی و خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان مۆدێرن بکات، سەروەری یاسا بەرەوپێش ببات و پاشا خۆی وەک یەکەم خزمەتکاری گەل پێناسە بکات. دەتوانرێت لە ئەندیشەی “مۆنتسکیۆ” و “ڤۆڵتێر” ڕەهاگەرایی دەربهێنرێت. (فێرێدریشی دووهەم لە ژێر کاریگەری ڤۆڵتێردا بوو).
٭٭٭٭
بە ڕوانینێک بۆ سیستەمی کۆماری ئێسلامی ئێران لە باری تیۆرو پراکتیک، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەم سیستەمە، هەنووکە، زۆرینەی نیشانەکانی سیستەمی ڕەهاگەرایی تێدا دەبینرێت و ڕەنگە زۆر پێویست نەکات سەبارەت بەم پێوەندییە، قسە بکرێت.
بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێبکرێت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پادشاییخوازە کە ئەسپی خۆی تاوداوە بۆ داهاتووی ئێران.
ڕاستی ئەوەیە کە “سامانەی پاشایەتی” لە ئێران چ لە بواری تیۆر (ئەگەر بتوانین ناوی تیۆری بۆ دابنین) و چ لە باری گوتارو پڕاکتیک، لە باشترین حاڵەتدا، کار دەکات بۆ جۆرێک ڕەهاگەرایی ڕۆشنگەرانە کە بە بانگەشەی مەشرووتەخوازی و دواتر کەڵکوەرگرتن لە چەمکی دێمۆکراسی و ئازادی، دواجار، بەرەو هەمان ئامانج دەڕوات کە لێکەوتەکەی دەبێت بە ڕەهاگەرایی.
ئەم ڕەهاگەراییە لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران و لەوانە نەتەوەی کورد، هەر لە بەردی بناخەوە، ڕەهاگەرایی خۆی زەق کردووەتۆ و بە بێ هیچ ناڕوونی یان شەرمێک، هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کردووە.
هەر بۆیە جێگەی سەرسووڕمان دەبێت ئەگەر هەر تاکێک یان ڕەوتێکی کوردی بیەوێت لە نێوان دوو ڕەهاگەراییدا یەکیان هەڵبژێرێت، بە تایبەت کاتێک دەزانین کە ئێستبدادی ئێرانی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ئێرانشاری و ئایدیۆلۆژیای ئایینی، هەمیشە توانای ئەوەیان هەبووە ببن بە ڕەهاگەرێکی شەڕانگێزو سەرەتا کورد و کوردستان بکەن بە قوربانی توندڕەوی خۆیان و سیانەی ئاسن و ئاگر و خوێن دژ بە خواستی ڕەوای سەروەریخوازی کورد بخولقێنن.
بۆ زانیاری زۆرتر بڕوانە بۆ:
Difference Between Absolutism and Totalitarianism
The age of Absolutism
ڕەهاگەرایی ئێرانی لە واتاناسی شێخ و شادا
June 26, 2022
2 Mins Read
234
Views
