گفتوگۆی سنووری، دیالۆگی داگیرکەر- داگیرکراو
گفتگۆی سنووری، هەر ئەو جۆرەی لە ناوەکەیدا دیارە، ئاماژە بە دیالۆگی نێوان باڵادەست و ژێردەستە دەکات کە هاوکات سنووری بوونناسانەو ماناناسانەو دەروونناسانەو مەعریفەناسانەیش لە خۆ دەگرێت.
له ههموو ئهو بوارانهی ئاماژه پێكراوە، دهكرێت بوونی پێكهاتهی پهیوهندیی نایهكسان ببینرێت كه كاریگهری لهسهر دهروون و رۆحی باڵادەست و ژێردهستە ههیە و پانتاییهكهی لە ناتەندروستی دیالۆگ تاکوو تهنانهت كهمئهندامی بۆ ههردوولا، کەم و زیاد دەکات.
لە واقیعدا، دەتوانی جۆرێک لە چوارچێوەدانان و فۆرماتبەندی ببینیت کە ڕوانگەو مێنتاڵیتەی داگیرکەر بە نیسبەت داگیرکراو و داگیرکراو بە نیسبەت داگیرکەر تێیدا ڕەنگ ئەداتەوەو هەرگیز ناتوانێت وەک دیالۆگێکی تەواو تەندروست، چاوی لێبکرێت.
لە دیالۆگی سنووریدا هەمیشە دەتوانرێت دەرئەنجامەکانی پێکهاتەی دەسەڵات لە بەشێک یان هەموو وتووێژەکاندا دەستنیشان بکرێت کە ڕێگە بە پێکهێنانی پێگەیەکی یەکسان و بەدامەزراوەییکردن و دەروونیکردنی بەستێنی دیالۆگێکی بەردەوام نادەن.
هەمیشە برین و ئازارەکانی زاڵبوون بە قسەی لایەنێکەوە دەبینرێت و لە دیوەکەی تریشدا ئەو سەرخۆشییە کە بەهۆی هەژموونی درێژەوە دروست بووە، لە شێوازی قسەکردنی لایەنەکەی تردا دیارە.
ئاشکرایە کە درێژبوونەوەی پەیوەندیی باڵادەستیی، تۆڕێکی ئاڵۆزی دروست کردووە کە بووەتە هۆی تێنەگەیشتنی قووڵ نێوان خوێندنەوەو ڕوانگەو بۆچوونی داگیرکەرو داگیرکراو کە تەنانەت تا ئاستی وشە بەستانداردکراوەکانی باڵای کردووە.
هەروەها دەتوانین ئاماژە بە چەمکی شوناسی هێمایین بکەین کە ئەنجامی درێژبوونەوەی ئەم پێوەندییەیە نێوان داگیرکەرو داگیرکراو بە شێوازێک کە ڕوانینی داگیرکەر بۆ شوناسی منی داگیرکراو، زۆرتر لەوەی ئاوێنەی شوناسی حەقیقی من بێت کاردانەوەی پێوەندی و پێکهاتەی دەسەڵاتە لە ژێر کاریگەری پێوەندی داگیرکەر- داگیرکراو.
کارەساتەکە کاتێک قووڵتریش دەبێتەوە کە ئەم جۆرە ڕوانینە دوولایەنە دەخزێتە نێو کۆیادەوەری هەردوولا و بگرە دەبێتە بەشێک لە پەروەردەو فەرهەنگ و ناخودئاگایش.
دووبارە چەمکسازی ناسنامەی نەتەوەیی و بنیاتنانی ئاسۆیەکی ناسنامەیی هەمەلایەنتر بۆ ئێمەی کورد بۆ ڕزگاربوون لەم پەیوەندییە ناهاوسەنگ و ناتەندروست و نەخۆشە لەم پێکهاتەی دەسەڵاتە، پێویستییەکی بەپەلەیە، تەنانەت بە پەلەتر لە سەربەخۆیی جەستەییش.
بەندە نەبینراوەکانی مێشک و ڕۆحمان، لە زنجیرە فیزیکیەکانی دەست و پێمان ئەستوورترن…..
گفتوگۆی سنووری، دیالۆگی داگیرکەر- داگیرکراو
July 19, 2022
2 Mins Read
147
Views