گەلانی کوردستان یان گەلی کوردستان
بۆ نەتەوەیەک کە لە پڕۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەییە، کاتێک وردە ناسنامەو شوناسە لاوەکییەکان زۆر جەختیان لەسەر دەکرێتەوە یان قۆرخ دەکرێن، ئالنگاری یان ناکۆکییەک لەگەڵ چەمکی شوناسی نەتەوەیی دروست دەبێت. شوناسە لاوەکییەکان، کاتێک بەرانبەر ناسنامەی نەتەوەیی دەکرێنەوە، توانای دروستکردنی دابەشکاری کۆمەڵایەتی و پارچەپارچەبوونیان لە نەتەوەیەکدا لێ پەیدا ئەبێت، دەبنە هۆی دروستبوونی گرژی نێوان گرووپە ئایینی و ئایینزایی و زاراوەو بن زاراوەو ناوچەو ئێتنیک و ناسەقامگیرکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای نەتەوە، میللەت توانای پێکەوەبوون لەدەست دەدات، هەستی بەشێکبوون لە شوناسی نەتەوەیی لاواز و هەستی جیابوونەوەو نامۆبوون بەهێزترو کاری بەکۆمەڵ دژوار دەبێت، یەکپارچەیی نەتەوەیی لە کیس دەچێت، “ئێمەی خودی” بەرامبەر “ئەوانیدی خودی” پێناسە و بە دامەزراوەیی دەکرێت، چەشنە کڵیشەکان و دابەشبوونەکان دەبنە دوورگە لە جوگرافیاو جوگرافیای مرۆیی ناسنامەی نەتەوەیی، هەستی یەکگرتوویی لەدەست دەچێت، شوناسی نەتەوەیی هاوبەش، گرینگی خۆی لەدەست دەدات و نواندنی غەرەزاوی و قەڵش و لێکترازان جێگیر.
کێشەکە کاتێک قووڵتر دەبێتەوە کە زەقکردنەوەی ئەم وردە شوناسگەلە، ببێتە ئامانجێکی سیاسی و بۆ مەبەستێکی سیاسی، پڕۆژەی بۆ دابنرێت.
بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، دروستکردنی هاوسەنگی و پەروەردەکردن و پەرەپێدان و گەشەی وردە شوناسەکان و دروستکردنی کارلێککردن دەبێت بەشێک بێت لە سیستەمی شوناسی نەتەوەیی.
بەکارهێنانی گەلانی کوردستان، هەڵگری ئەم خەسارگەلەیە کە باسکرا. بەکارهێنانی گەلی کوردستان یان نەتەوەی کورد، لەگەڵ سیستەمی شوناسی نەتەوەیی دێتەوە….
ت.ب: مەبەست لە وردەشوناس و ناسنامەی لاوەکی لێرەدا، ئاماژەیە بە چەمکی “Sub Identity”.