شانزە ساڵ دوای لەتبوونی حیزبی دیمۆکڕات و هەنووکە یەکگرتنەوە، جیهان خێڕاتر لە هەر زەمەنێک، بەرەو سازمانە تۆڕ تەوەرەکان هەنگاوی هەڵگرتووەو چیدیکە ناتوانرێت بە مۆدێلی پێشووتر یاری بکرێت، بە مۆدێلی پێشووتر پرسەکان چارەسەر بکرێت و بە مۆدێلی پێشووتر، ئامانجەکان بپێکێندرێت.
لەم نێوانەدا، داهێنان و بەرپرسایەتی، دەتوانن دوو گرینگتر فاکتەر بن بۆ بەرەوپێشچوون.
داهێنان وەک زێدە کردنی بەکارهێنانی سەرچاوە باڵاکانی زانیاری و زانست، سەرمایەی مرۆڤی و بە زۆرینە کردنی تۆڕەکانی پێوەندی هەمەلایەنەو خێرایی پێویست و دواتر هەماهەنگی وێپکهێنانی تۆڕی بەرفراوان کە هاوکات هەڵگریکارلێککردن، کارامەیی و کارتێکەرییە.
کۆی ئەم خاڵانەی کە ئاماژی پێکرا لەگەڵ “ڕیسکی سازمانی”، دەتوانن پازێڵی نوێبوونەوە، بەڕۆژبوونەوەو گەشەی دەمەزراوەیی و سەقامگرتوو بۆ حیزبی دیمۆکڕات تەواو بکەن.
هەروەها بەرپرسایەتی ڕێکخراوەیی کە هاوکات بریتییە لە بەرپرسایەتی دوو لایەنەی پێشمەرگە- حیزب لە یەکەم قۆناغ و دواتر بەرپرسایەتی حیزب- گەل، پێویستە ببێت بە تۆڕێکی یەکپارچە لە سەر ئەساسی ئەرک، بەها، متمانەو دواتر فەرهەنگ.
پەیکەربەندی ڕێکخراوەیی نوێی حیزبی دیمۆکڕات لە قۆناغی نوێدا، پێویستی بەم خاڵانە هەیە کە باسی لێکراو واتا نوێکان، لەم بەستێنەدا، دەخولقێندرێن و بەهاو ئامانج و کردە تێیدا شین دەبێت.
حیزبی دیمۆکڕات نابێت ئەوە لە بیر بکات کە وەک حیزبی دایک، هەڵگری بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی هەموو کۆمەڵگایەو لە داهێنان و بەرپرسیایەتیدا پێویستە هەمیشە ئەم خاڵە گرینگە لە بەر چاو بگرێت کە نابێت بکەوێتە نێو یاری ڕکابەری لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەدا.
ئاشکرایە کە پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکڕاتیش لەم خوێندنەوەدا، سەرەتا پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکڕاتەو دواتر بە هۆکاری بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی، ئەرکی تەواوی ئەو، پێشمەرگایەتی هەموو کوردستانە….
—-
ڕۆچنەیەک بەرەو دەروونناسی تێکەڵبوونەوە
ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە یەکدەگرنەوە، پێویستە بە مێکانیزمگەلی دەروونناسانە، تێگەیشتن لە دۆخی نوی، هاودڵی و هاوئاهەنگی، و یەکبوونەوەی دەروونیشیان تێدا درووست ببێتەوە.
زۆر ئاساییە کە کۆمەڵێک لە ئەندامان و کادرەکان و ڕێبەری ڕێکخراوەگەلێک کە تێکەڵ دەبنەوە، ئەم ڕووداوە، بی متمانەیی بە نیسبەت داهاتوویان بۆ درووست بکات، تووشی ترس و دڵەڕاوکی بن یان هەر پلانێک وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆیان، لێکبدەنەوە. تەنانەت لە کورت ماوەدا بڕێک کاردانەوەی ڕەفتاریش پەیدا دەبێ کە لە دەروونناسی تێکەڵبوونی ڕێکخراوەییدا، تەواو نۆرماڵەو دوای لێکدانەوە ڕێگا چارەی بۆ دەبینرێتەوە.
یەکپارچەسازی لە سووڕی ژیانی ڕێکخراوەیی
دوای تێکەڵبوونەوەی دوو ڕێکخراوە کە یەک ناو هەڵدەبژێرن و دوابەدوای تێکەڵبوونەوەی ئۆرگانەکان، لانیکەم چوار گرووپ، پێناسە دەکرێن:
خۆ بە براوەزانەکان
خۆ بە دۆڕاوزانەکان
خۆ گونجاو کردووەکان
خۆ بەقوربانیزانەکان
ئاشکرایە کە هەریەک لەم گرووپانە، هەڵسووکەوتی تایبەت بە خۆیان دەبێت و جۆری چالاکی و کردەوەو کاردانەوەو وڵامدانەوەیان بە پرسەکان، جیاواز ئەوێت.
لێرەدا پێویستە بەرپرسانی هەر ئۆرگانێک تا ئاستی ڕێبەریی، ئەو تواناییە لە خۆیاندا شک ببەن کە لەگەڵ هەر گرووپێک، ڕەفتاری شیاو بکەن بۆ ئەوەی دواجار، ئەو قەناعەتە دەروونی بکەن کە لە ئەنجامدا هەموو براوەن، خۆ بە براوەزانەکان، هەست بە ناوچاو سپیبوون نەکەن، خۆ بە دۆڕاوزانەکان، کەم هێواو بێ متمانە نەبن، خۆ گونجاوکردووەکان، بەرەو کەلکاوەژۆ کردن نەڕۆن و خۆبەقوربانیزانەکان، دانەبڕێن.
دانیشتنی بەردەوامی ئەندامان و کادران لەگەل یەکتر، ڕێگەدان بە دەربڕینی ئەوەی لە دڵدایە، ڕاوێژی بەردەوام، سێمیناری دەروونناسی، و چالاککردنەوەو تواناسازی بەشی کۆمەڵایەتی، وەک پێشنیار، دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ دەرباز بوونی سەرکەوتوانە لەم قۆناغە.
—-
“من”ی حیزبی و تۆ”ی ناحیزبی
“ئەویدی” وەک کۆمەڵێک داینامیک و پرۆسە و پێکهاتە پێناسە دەکرێت کە دەبنە هۆی دروستبوونی “ناسنامەی گرووپ” و کۆمەڵێکی گەورە لە خەڵک، لە پەراوێزدا دادەنێن.
ئەویدی هەمیشە بوونی هەیەو ناتوانین حاشای لێبکەین. لە بنەڕەتدا ئەویدی، یەکێک لە فاکتەرەکانی پێکهێنەری شوناس و تەنانەت گەشەیشە بەڵام بۆ نموونە لە نێو گرووپێکی نەتەوەییدا، ئەویدیسازی لە فۆڕمی شارو گوندو ناوچەو زاراوەو ڕوانینی ئایدیۆلۆژیک و سیاسی، سەرەتا کۆمەڵگا بەرەو بەرانبەرکێ دەبات، دواتر جەمسەربەندی درووست دەکات، ئەبێتە هۆکاری پێکدادانی مێنتالی ڕووخێنەرو سەرەنجام، پەرتەوازەیی و دوورکەوتنەوە لە ئامانجی سەرەکی لێ پەیدا ئەوێت کە ئەم حاڵەتە بۆ نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، یەکجار گران تەواو ئەبێت.
خاڵێکی تایبەت بۆ ئاماژە کردن کە مەبەستی ئەم یادداشتەیە، “خودی حیزبی” و “ئەویدی ناخود حیزبییە” کە لە غیابی دەوڵەت لە کوردستان، دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەی زۆر خەساری گەورەو کۆمەڵگا تا ئاستی لێکدابڕان، ببات. زۆر جار دەبینرێت کە لە خودیسازی حیزبیدا، هەموو فاکتەرەکانی پێکهێنەری شوناس وەک زاراوەو ئایینزاو تەنانەت جوگرافیاش، وەک کاتالیزۆر، کەڵکیان لێوەردەگیرێت و بەکاردەهێنرێن بۆ قەڵەوکردنی شوناسی حیزبی کە هەنووکە بووگە بە شوناسی سەرەکی و تەنانەت وەپێش شوناسی نەتەوەییش دەکەوێت.
پێشتر ئاماژەم کردووە بە حیزبی دیمۆکڕات وەک حیزبی دایک کە هەموو هزرو ڕوانین و تێڕوانین و ڕەفتارو هەنگاوەکانی دەتوانێ کاریگەری قووڵ لە سەر کوردستان دابنێت بۆیە زۆر پێویستە سیاسەتی سەرەکی حیزب و هەڵسووکەوتی ئەندامان، دوورەپەرێزی خودی حیزبی و ئەویدیسازی ناحیزبی بێت.
حیزبی دیمۆکڕات، سەرەتا حیزبی نەتەوەی کورد بووەو پێویستە تا دوامەنزڵیش، چەتری هەموو کوردستان بمێنێتەوە.
—-
بڕێک ڕاشکاوانەتر
لە ماوەی ڕابڕدوودا هەوڵی زۆر دراوە، یەک لایەن وەک نوێنەری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان زەق بکرێتەوەو وەک تاقانە حیزبی نەتەوەیی، پیشان بدرێت. تەنانەت وایلێهاتبوو کە هەرکەس، بیرۆکەی ناسیۆناڵیستی هەیە، پێویستە لە فیلتەری یەک لایەنەوە گوزەرابێت یان وا دەرخواردی گەل دەدرا کە هەڵگرانی ئەو هزرە لە ژێر سێبەری ئەو لایەنەن و بە بێ ڕێگەپێدانی ئەوان، بزووتنەوەی شوناس تەوەر، ناسووڕێت. ئەم بیرو بڕوایە تا ئاراستەیەک چووە پێش کە دەتوانین بێژین جۆرێک “ناسیۆناڵیزمی دەوڵەتی”، سەریهەڵدابوو و لە دەرەوی ئەودا، نە شەرعییەتێک بوو نە ئێعتبارێک و نە خوێندنەوەو نە قبووڵ کردنێک.
هەروەها هەوڵێکی سیستەمیک درا بۆ دزەکردنە نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی ئەوەی ناوەندارییەتی بیرۆکەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتەوە بگوێزرێتەوە دەرەوەی ئەم بازنە.
هەوڵی گرینگی تر هاوکات، خستنە پەراوێزی هێزە ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵات و وابەستە کردنیان بوو تا ئەو ڕادەی کە وەک “سازمانی ڕۆژهەڵاتی” لایەنەکانی باشوور، پێناسەو نمایشت بکرێن.
بێگومان یەکگرتنەوەکان کە هیوادارم کۆمەڵەیش بەرەو ئەو ئاراستەیە ببات دەتوانێ کاریگەری گەورەی بێت لە سەر ئەو جۆرە بیرکردنەوەو هەنگاوانەو لە خێراییان کەم بکاتەوە بەڵام ئەگەری فیتنەنانەوەی دیکە بە شێوازی دیکە، دوور نییە.
بەڕای من، دیاسپۆڕای ڕۆژهەڵات، توانستی گەورەی هەیە بۆ پاڵپشتی حیزب و پێشمەرگەو تا ئێستایش نە ئەو توانستە کەوتووەتە گەڕو نە ئەو هێزە گەورە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەڕژەوەندی و مەسڵەحەتی باشوورە، کارامەیی و کارتێکەری خۆی خستووەتە بواری جێبەجێکردن.
خاڵی کۆتایی ئەوەی کە ئەگەر ناڕزایی و پێرۆزبایی نەگوتنی لایەنەکانی باشوور بە بۆنەی یەکگرتنەوەی هێزێکی ڕۆژهەڵات، بە پاساوی ڕچاوکردنی حاکمییەتی ئێرانی، چاوپۆشی لێبکەین، نابێت و ناکرێت خۆ ئیشاڵا کۆماری ئیسلامی ئێران فەلاقەی نەدەکردن.
—-
حیزبی دێمۆکڕات ئێستا توانای ئەوەی هەیە هەم لە پانتایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە چوارچێوەی ئێران، هاوکات، بەرەیەکی کوردستانی و هێڵی سێهەمی ئۆپۆزیسیۆن، ڕێبەرایەتی بکات.
بێگومان بەرەیەکی کوردستانی هەمیشە خواستی سەرەکی گەل لە ڕۆژهەڵات بووەو وەک پێویستییەک، حاشای لێناکرێ. ئەمە بەو واتایە نییە کە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لە یەک بەرەدا کۆ ببنەوەو تەنیا ڕۆخسارێکی هێمایین درووست بێ یان زۆرو بۆر بێت بەڵکوو ئامانجێکی هاوبەش و ستراتێژی هاوبەشە کە وەک پێوەر، دەتوانێ گارانتی بەردەوامی و چالاکی بێت.
هەروەها لە چوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، دەکرێت بە هاوکاری نەتەوەکانی دیکەی ئێران، هەم فرەنەتەوەییوون، شەرعییەت و ڕەسمییەتی سیاسی پێبدرێت، هەم ناسنامەی نەتەوەکان، ببێتە پێوەری بەشداری و هەم بە شکاندنی قاڵبە نەریتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، هێڵی سێهەمی ئۆپۆزیسیۆن وەک “ناوەندی هاوکاری نەتەوەکان” فۆڕم بگرێت.
گومانی تێدا نییە کە یەکگرتنەوەی حیزبی دیمۆکڕات، هەژمۆنی کوردستان هەم لە نێوان نەتەوەکانی دیکە قورستر دەکات و هەم توانای موزایەدە کردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی پرش و بڵاوی ئێران، فراوانتر دەکات.
دوو تێبینی:
له هەموو دیالۆگ و دانووستاندا، لایەنەکان هەوڵ ئەدەن سەرەتا کۆمەڵێک خاڵی جێگای موناقەشە، بکەن بە تەوەری دیالۆگ و مشتومڕ بۆ ئەوەی زۆرترین دەسکەوتیان بێت.
هەم پاشگری ئێران و هەم خواستی فێدراڵی، دەتوانن ئەو خاڵە گرینگانە بن کە یاریان پێبکرێت. ئەمە لایەنی تەکنێکی و سیاسی باسەکەیەو جودا لە ناوەرۆکی مەعریفی و کۆمەڵایەتییە کە هەنووکە نەسڵی نوێی حیزبی دیموکڕات، نە پابەندی ئێرانیبوونن و نە فێدراڵیسم دەتوانێ، خواستی سەروەریخوازی نەتەوەیی ئەوان، تێر بکات. جیلی نوێی حیزبی دیمۆکڕات، ئێمڕۆ هەمان نەوەی نوێن کە قاسملوو ئاماژەی دابوو ئەوانەی دوای من، لەوانەیە خواستێکی دیکەیان بێت و من تەنیا نوێنەری سەردەمی خۆمم.
—-
گەنجان هێزێکی داهێنەر و سەرچاوەیەکی دینامیکی نوێخوازییەکانن و هەمیشە توانیویانە گۆڕانکاری گرنگ لە سیستەمی سیاسی و داینامیکی دابەشکردنی دەسەڵاتدا دروست بکەن.
هەروەها ژنان لە سیستەمی سیاسی و بزووتنەوە سیاسییەکاندا ڕۆڵێکی گەورە دەبینن و گرنگییەکەی لە جیهانی سیاسی ئەمڕۆدا بە باشی ناسراوە.
تەرکیزکردن لەسەر ژنان و گەنجان لە ڕووی بەشداریکردن لە داڕشتنی سیاسەت و سەرکردایەتیکردن، لە ئەولەویەتە نوێکانە.
بەشداریکردن و سەرکردایەتیکردنی مانادارانەی ژنان و گەنجان پێویستی بەوەیە کە وزەو بەهرە و تواناکانیان بە باشترین شێوە بەکاربهێنرێت بە دروستکردنی ژینگەیەکی کارا و پلاندانانی دروست.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئالنگاری سەرەکی بۆ ژنان و گەنجان لە هێزەکانی کوردستاندا دەرفەتی سنووردارە بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لە پرۆسەی بڕیاردان و سەرکردایەتیدا.
لێرەدا سەرکردایەتی بە واتای “سەرکردایەتی کاریگەر”ی (Effective Leadership) ژنان و گەنجان دێت، نەک بەرپرسیارێەتی لاوەکی و ناگرینگ کە تەنیا بۆ پاراستنی ڕواڵەتیی بوونیان هەیە.
پێویستە ژنان و گەنجان دەنگی حیزبەکانی کوردستان و لە هەمان کاتدا دەنگی نەوە و ڕەگەزی خۆیان بن. پڕۆسەو ڕەوتی گۆڕانکاری بە تایبەتی لەلایەن گەنجانەوە دروست دەبێت و پەلسی بەشداری سیاسی، لە ناخی ئەوان لێدەدات. بە تایبەتیتر دیجیتاڵبوونی خێرای جیهان بۆشایی نێوان نەوەکان و بۆشایی مەیلەکان و کەلێنی تێڕوانین و بۆشایی جیهانبینی و کەلێنی ڕەفتارەکانی نێوان نەوەکانی زۆر قووڵتر کردووەتەوە.
پێویستە سەرکردایەتی نەوەکانی پێشوو بگۆڕدرێت بە نەوەی نوێی گەنجان و ژنان و خوێنی تازە بهێنرێتە جەستەی ڕێبەریی کارای حیزبە کوردستانییەکان و بەستێنێک بێت بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ دونیای ئەمڕۆ و داخوازییەکانی نەوەی ئێستای گەنجان و ژنان.