“دار الملک”ەکەی بابان ئەم ڕۆژانە ماندوویە، بێ ئارامە، بێ تاقەتە، تووڕەیە. ئەم حاڵەتە سزاواری سلێمانی نییە.
ململانێی هێز، تەماحی عەجەم و ئالی عوسمان، و یاری تاقمەکان، ئەم شارەی لە کۆڵەکەی قایمی ی، پێش بینی ئەم دۆخەم کردبوو و هۆکارەکەشم ئەمە بوو:
جیاوازی دوو حیزبی سەرەکی باشوور ئەوە بووە کە بە پێی باری دەروونی دانیشتوانی دوو زۆن، هەولێر پێویستی بە سیستەمێکی حیزبی هیرارشیک هەیە کە لە سەرەوە بۆ خوار داڕێژڕاوەو سیستەمی سلیمانیش، پێویستە لە خوارەوە بۆ سەرۆ، دیزاین بکرێت. بە واتایەکی دیکە، هەڵسووکەوتناسی هەولێر، پەیڕەوکەری “هێز” (Power)ەو ئەوەی سلێمانی پەیڕەوکەری “تاکەکان”(Individs).
لەم ساڵانەی دواییدا، زۆنی سەوز، لە سیاسەت و داڕشتندا، بە پێچەوانەی سروشتی دەروونی جەماوەر هەنگاوی هەڵگرت و بە لادان لە پرێنسیپی “لە خوارەوە بۆ سەرێ”، دەستی دایە ساز کردنی وردەسیستەمی هیرارشیک و بە چەندین هێرەمی چووکەی بنیات نا. نە دەیتوانی سیستەمی هیرارشی تەواوڕەهەند درووست بکات لەبەر ئەوەی پێکهاتەکەو دەروونی خەڵک ڕێگای ئەوە نادات نە ڕچاوی سرووشتی ئاسایی خۆی کرد بۆیە کۆمەڵێک هێرەم درووست کراو هێرەمەکان، سەرەتا بوون بە ڕکابەرو دواتر کۆسپ و لەمپەر بەرانبەر یەکترو ئیمڕۆ دوژمن.
لەم حاڵەتەدا دوو شت ڕوو ئەدات: پەنابردن بۆ هێزی دەرەوەی سلێمانی -جا ناوخۆیی بێت یان دەرەکی- بۆ ڕاگرتن و بەهێزکردنی چووکەهێرەمەکان.
کەڵک وەرگرتنی نابەجێ لە خواست و ئیرادەو هێزی جەماوەر بۆ شەرعییەتدان بە هێرەمی خۆ.
هەنووکە یەکێک لە سیاسیترین شارەکانی کوردستانی گەورە، بێزارە لە سیاسەت، بووە بە قوربانی سیاسەتبازی، و “دایرە خبیثە” (Viscious Cycle)ەیەک پەیدا بووە کە هەر ڕێگا چارەیەک، یان دۆخەکە خراپتر لە پێشتر دەکات یان هەموو ڕێسەکان دەکاتەوە بە خوری.
سیاسەت و هێز لە سلێمانی پێویستە بە زووترین کات دەسبەرداری سیستەمی هیرارشی بێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمەی کە لە زاتی ئەودایە ئەگەینا ئەم پاژنە ئاشیلە لەوانەیە ببێت بە ڕەشچاڵەیەک کە دواجار، هەموو دەرفەتەکان قووت بات و سەرەنجام ئەم سەرمایە نەتەوەییە بەرەو داڕمان و نەمان ببات….