هیچ ستراتیژییەکمان نییە،
بێژمار خاڵی لاوازمان هەیە،
هاوکاری و هاوپەیمانی نێوخۆییمان، ماڵی جاڵجالووکەیە،
هێشتا بۆ گورچەویلەیەک، گایەک مردار دەکەینەوە،
مێنتاڵیتەمان هێشتا وەک سەردەمی میرنشینەکانە،
حیزبایەتیمان، درێژەی مێشکی عەشیرەییمانە،
بەرگەی ئالنگاری گەورە ناگرین،
لە جیاتی پشیلە، کەروێشک ئەسێنین،
هەر شتێک کە بدرەوشێتەوە، وا دەزانین تەڵایە،
وەک هەمیشە، لەبەر زۆر بوونی درەختەکان، دارستان نابینین،
نە خۆمان باش دەناسین نە دوژمنەکانمان،
لە کونێکەوە نە دووجار، هەزار جار دەگەزرێین،
هێرش دەکەینە سەر خاڵی لاوازی یەکتر نە خاڵی لاوازی دوژمن،
ئەمەگناسیمان بۆ حیزب و تاقم، گەورەترە لە ئەمەگناسی بۆ نەتەوە،
دێمۆکڕاسی لای ئێمە یەک واتای هەیە: لێدان و جوێن و بوختان و نەفرەت، بە دەستی خەڵک، لە خەڵک، بۆ خەڵک،
هزرمان ترسەنۆک و شەڕمان گەمژانەیە،
هەریەک لە ئێمە بە شێوازی تایبەتی خۆی، بەرەو دۆزخ دەڕوات،
درۆی شیرین، هێشتا لە حەقیقەتی تاڵ، لای ئێمە پەسەندترە،
سیاسەت لای ئێمە، پەروەردە کردنی سیستەماتیکی نەفرەتە،
هەرگیز هەڵە قبووڵ ناکەین،
گەورە بیر ناکەینەوە،
سیاسەت بۆ ئێمە هونەری بیر نەکردنەوەیە،
تێبینی: کۆتایی قۆناغێک و دەسپێکی قۆناغێکی دێکە لە “خولانەوە نێو بازنەدا”و “شکاندنی پەنجەکانی یەکتر”…..