ئەو پردەی گەرەکتە بە سەریدا تێپەڕیت چۆمەکەی ژێری دەمێک ساڵە وشک هەڵاتووە
لە شوێنێکدا خوێندمەتەوە کە کەسێک بڕوای بە خودا نەبوو چونکی نایبینێت و بە هیچ ئارگۆمێنتێک، قەناعەتی نەدەهێنا. پیرێکی خودا بڕوا، گوتی سەری بکەن بە نێو ئاودا تا نزیکەو خنکان. جاری یەکەم سەریان دەرهێنا و پرسیاریان کرد: بینیت؟ گوتی: نا بۆ جاری دووهەم ئەوەیان لەگەڵ کرد و دیسان وڵام نا بوو. سەرەنجام کەڕەتی سێهەم، نزیکەو مردن، کاتێک هیوای بە هیچکەس و هیچ شتێک نەما، لە ژێر ئاوەکە، نوورێکی وێنا کرد. ئانجا گوتی: سەرەتاکان هەر بە تەمای ئێوە بووم ڕزگارم بکەن، دواجار کە هیوام بە کەس نەما و لە سەرە مەرگدا بووم، ئانجا هیوام بەست بە خالقێک و نوورێک بە ڕوومدا کرایەوە. پیری تەریقەت گوتی: تەواو! ئەوە ئافرێنەرە و بینیت، هەر ناوێکی لێدەنێیت ئیتر کەیفی خۆتە. بڕۆ نوورەکە هیدایەتت با….
هەموو ڕێگاکان ڕۆیشتووین و بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووین، با جارێکیش سەربەخۆییخوازی بە دڵ و بە گیان و لە چوارچێوەی بەرەیەکدا تاقی بکەینەوە بە بێ مەرج و ئەگەر و بەڵام. دڵنیام کە نورەکە بە ڕوومدانا دەکرێتەوە.
هەتاکوو ئەو ڕۆژەی بەدواداچوون بکەین بۆ پرسی ڕۆژهەڵات لە وابەستەیی بە ئێران و فێدراڵی و “عدم تمرکز” و خودموختاری و کۆنفێدراڵی و دێمۆکڕاتیزەکردنی داگیرکەر و ئێرانی دێمۆکڕاتیک، هەم لە بازنەدا دەخولێینەوە و هەم هیچ لایەنێک، نامانکاتە بەردەنگی حەقیقی.
ئەو پردەی گەرەکمانە دروستی بکەین و بەسەریدا تێپەڕین، دەمێکە ئاو و ڕۆخانەی ژێری وشک بووە.
بۆ جارێکیش بووە ئەمە تاقی بکەینەوە، خۆ زەرەری نییە…. نەیشکراوە و نەکرا خۆ هەر تەپڵی کۆن بەردەستە….
