بۆچی سنە مانگرتنی نەکرد
یەک: سنە لە دۆخێکدا کە “چالاکی خیابانی دەستەجەمعی” بۆ ئەسپەردەکردن و پرسەی شەهیدانی ژینگەپارێزی هەڵبژاردبوو، ئەو ئەکتەی کرد بە “خۆپیشاندانی ناڕەزایی جەماوەری ناتوندوتیژ” و بە گوتنەوەی دروشمگەلێک کە ڕاستەوخۆ حاکمییەتی ئێرانی کردە ئامانج، پەیامی خۆی گەیاند.
دوو: گردبوونەوەیەکی جەماوەری ناتوندوتیژ لە پرسەی شەهیدانی ژینگەپارێزدا بە کەڵک وەرگرتن لە مەرجەکانی “کات”، “شوێن”، “ئیمکان” و “زمان” گۆڕا بۆ “بەسیجی گشتی” و “نمایشکردنی هێز”.
سێ: مانگرتنی گشتی لە دۆخێکدا کە حکوومەت دەیەوێت بە ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتی سواری شەپۆلی هەستی گشتی خەڵکی توڕە بێت، لە ڕاستیدا ئاو لە ئاش کردنی سیستەمێکە کە هەوڵدەدات بە ئامرازی پڕوپاگەندە، ناکارایی خۆی داپۆشێت و فرمێسکی تیمساح هەڵوەرێنێت.
چوار: مانگرتنی گشتی دەکرا یارمەتی حکوومەت بدات بۆ سەرکەوتن لە “بەلارەڕێدا بردنی ڕای گشتی”.
پەنج: مانگرتنی گشتی وەک یەکێک لە تێکنیکەکانی خەباتی مەدەنی بەسوودە، بەڵام نابێت ببێتە “رێکارێکی دووبارەبووەوە” چونکە یەکەم، سیستمی سەرکوت دەتوانێت پێیڕابێت، دووهەم، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکدا دەکرێت وەک شمشێرێکی دوودەم بەکاربهێنرێت و توڕەیی گشتی کۆنتڕۆڵ بکرێت، و سێیهەمیش دۆخێک دروست دەکات کە خەڵک هەست بکات ئەوە “تاکە ڕێگەیەکی هەمیشەیی”ە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حکوومەت و بەرەو جۆرێک “خۆڕازیکردن و ئۆرگاسمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و دەروونی” ڕێنومایی بکات.
شەش: تابلۆ و مینیاتۆڕێکی ڕەنگامە لە هەموو جۆرەکانی خەباتی مەدەنی لە سنە بە بەشداری هەموو چین و توێژ و نەسلەکان و دایکان و ژنان، دەرخەری دووبارەی ئەو ڕاستییە بوون کە ڕۆژهەڵات، ئێستا قووڵتر لە جاران، “وێنا گەورە”کەی بە ئامانج کردووە.
حەوت: قۆناغی نوێی بزووتنەوەی نەتەوەییمان، پێویستی بە هۆشیارییەکی نوێ و تێگەیشتنێکی نوێ و وێناکرنی نوێ و بڕیاری نوێ هەیە.
