“تەنزیمات”ی سەردەم یان پڕۆسەی ئاشتی
“ئوسامە مەقدیسی” لە وتارێکدا بەناونیشانی “داهاتوویەکی ونبوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” دەنووسێت:
ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بۆ چەندین سەدە حوکمڕانی سەرزەمینێکی بەرفراوانی ئۆراسیای کرد کە پێکهاتبوو لە نەتەوە و زمان و ئایینی جۆراوجۆر و تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم، ئیمپراتۆرییەت، نە هیچ چەمکێکی یەکخستنی ناسیۆنالیزمی بوو، نە یەکسانی سیاسی و هاووڵاتیبوون، بەڵکوو سوڵتانەکانی عوسمانی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پارێزەری ئیمپراتۆرییەتێکی ئیسلامین کە لە ڕووی یاسایی و ئایدیۆلۆژییەوە ئیمتیازیان بە موسڵمانان بەخشی و لە هەمان کاتدا پلەیەکی بەرفراوانی ئۆتۆنۆمی ئایینی و کولتوورییان بە ڕەعییەتەکانی جوولەکە و مەسیحی دەبەخشی. بەڵام بە پێچەوانەی ئەفسانەی لێبوردەیی هەمیشەیی عوسمانی، ئەم پێکهاتە ئیمپراتۆرییە دەیتوانی لەڕادەبەدەر دڕندانە بێت کاتێک باس لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و یاخیبووان دەکرا. و وەک دیکەی ئیمپراتۆرییەتەکانی پێش مۆدێرن، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، ئایینی بەکارهێنا بۆ بەهێزکردنی ئیمتیازاتی خانەدانی و شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی موسڵمانانی عوسمانی بەسەر دانیشتووانێکی بەرفراوان و هەمەچەشنی ڕەعییەتدا. مەسیحی و جوولەکە و موسڵمان هاووڵاتی یەکسان نەبوون بەڵکوو ڕەعیەتێک بوون کە ملکەچی جۆرە جیاوازەکانی نایەکسانی بوون بۆ شانشینی حوکمڕانی عوسمانی، لە ژێر دەسەڵاتی سوڵتانییەتی ئیمپراتۆری کە بنکەکەی لە ئەستەنبوڵ بوو، و تێدا دەژیان و دەمردن.
ئەم ئیمپراتۆرییەتە کلاسیکە عوسمانییە لە سەدەی نۆزدەهەمدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینی. لەژێر گوشارێکی لەڕادەبەدەری ئیمپراتۆرییەتەکانی ئووروپا کە چاویان بڕیبووە خاکی عوسمانی، هەروەها یاخیبوونی ناوخۆیی لەلایەن ڕەعییەتەکانی مەسیحی باڵکانەوە، عوسمانییەکان چاکسازییەکی بەرفراوانی ئایدیۆلۆژی، سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان ڕاگەیاند و ئەنجامدا کە بە “تەنزیمات” ناسراوە لە نێوان ساڵانی ١٨٣٩ بۆ ١٨٧٦. بەپێی ئەم بەرنامەیە، ئیمپراتۆرییەتەکە هەوڵیدا هەستی ناسیۆنالیزمی سێکۆلاری عوسمانیی مۆدێرن لە دانیشتووانەکەیدا بچێنێت، بەبێ گوێدانە جیاوازییە ئایینییەکان….
نووسەر لە بەشێکی تردا دەنووسێت:
لە لایەک ناسیۆنالیزمی سێکۆلاری عوسمانی بە ڕوونی هەوڵێک بوو بۆ تێپەڕاندنی جیاوازییە تائیفی و نەتەوەییەکان بۆ ئەوەی چەمکێکی نوێی عوسمانییەت دروست بکات؛ لە لایەکی ترەوە هەوڵێک بوو بۆ پاراستنی سەروەری عوسمانی.
بەمجۆرە هەرکاتێک هەلومەرج پێویستی پێی بوو، لایەنی تاریکتر و شۆڤێنیستی و ستاتیستی (حکوومی) ناسیۆنالیزمی عوسمانی بەسەر گوتاری هاووڵاتیبوونێکی یەکسانی عوسمانیدا زاڵ بوو.
تەنانەت نووسەر لە بەشێکی دیکەدا ئاماژا بە ئەوە دەکات کە عوسمانییەکان لە کۆتاییدا وازیان لە باڵکان هێنا، ئەگەرچی دوای کۆمەڵکوژییەکی خوێناویش، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە وجوودییە ببنەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵەوە سەریهەڵدابوو.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە:
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرنامانەی لەسەر بنەمای میساقی میللی و نیوعوسمانلی و فراوانخوازی، بە گرینگیدان بە ناسنامەی تورکی-ئیسلامی چێندراوە ئایا ئەو بەناو “پڕۆسەی ئاشتی” – ئەڵبەت لە زاری کوردەوە – هەمان “تەنزیمات” نییە؟ چەمکێک کە بەرنامەی گۆڕانکاری و چاکسازی لەخۆگرتبوو، بەڵام لەکۆتاییدا بەهۆی بەرهەڵستکاری ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین “دەوڵەتی قووڵ”، نەیگەیشتە ئەنجام و تورکیای نوێ و یەک نەتەوە و کۆچی زۆرەملی و سەرکوت و کوشتار و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەکان و لەوانە کوردی لێکەوتەوە.
بڕوانە بۆ:
ALost Future for the Middle East, Ussama Makdisi, Thr Yale Review, 2020.
وێنە:
Malin Bülow
