“حق تعیین سرنوشت مردم ایران” و مافی چارەی خۆنووسینی ئێمە
یەک: ئەوەی کە بۆ یەکەم جارە بە شێوازێکی ئاشکراتر لە هەمیشە، لە زاری کەسایەتییەکی ئێرانی و دواجار مەنزوومەیەک لە چالاکانی ئێرانی، چەمکی “حق تعیین سرنوشت” بۆ “مردم ایران”، بەکار دەهێنرێت تێپەڕینێکی چلۆنایەتییە کە لە قۆناغێکەوە هەنگاو دەنێت بەرەو قۆناغێکی دیکە.
دوو: چەمکەکە لە چوارچێوەی ئێراندایە و زۆر ئاساییە کە هەموو هەوڵ و تەقالای خۆی بدات بۆ ئەوەی چەمکەکە ببەستێتەوە بە خەڵکی ئێران و یان خود “مردم ایران” و بیگشتێنێت وەکوو تاکی شارمەندی ئێرانی.
سێ: ئەمە ئەتوانێت سەرەتا جۆرێک کاردانەوە بێت بەرانبەر نەتەوەکان و زۆرتر لە هەموویان نەتەوەی کورد لە بەکارهێنانی ئەم چەمکە. ئێرانی باش دەزانێت کە دواتر لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەیی ناتوانێت بەرەنگاری ئەم خواست و مافە ببێتەوە بۆیە هەم چوارچێوەبەندی گشتی ئەکات لە قاڵبی ئێران، هەم شارۆمەندێزەی ئێرانی دەکات و هەم بە ئێبهامی گشتی، دەرفەت بۆ خۆی ئەگوێزێتەوە بۆ داشکاندان و ریداکسیۆن کردن و هەم کاتێک کە مۆئەسەساتی بۆ تەواو کرد (بە ڕێفڕاندوم و “مجلس موسسان”) بتوانێت بە تەفسیر و لێکدانەوە، “مصادرە بە مطلوب”ی ئێرانی بکات.
چوار: هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێویستە هۆشیار بن سەبارەت بە چەن خاڵ:
هەوڵدانی ڕەوتی بەناو ڕێفۆڕم بۆ ئێسڵاحات لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی،
ناواقعیبوون و فریودەربوونی ئەم چەمکە لە حاڵێکدا هەموو سیستەم، هەر هەمان قەبارەی هەیە و تەنیا بە شێوازی کاتی و بە ڕووکەش، تا کاتێکی دیاریکراو، بە ڕواڵەت دەگۆڕدرێت،
هەوڵ بدات خواستی نەتەوەیی مەشرووعی نەتەوەکان بەم شێوازە مەهار و کۆنترۆڵ بکات،
بەرپێگری گۆڕینی حاکمییەتی ئێرانی بکات.
پەنج: هێزە سیاسییەکان پێویستە لە گوتار و هەڵوێستی خۆیان بە ئاشکرا ئەم پرسە بهێننە ئاراوە کە ئایاکوو مەبەست لە “حق تعیین سرنوشت مردم ایران”، تەنیا وەکوو تاکی شارۆمەندە یان بە پێی یاسای نێونەتەوەیی هەموو مافەکانی چارەنووسیش دەگرێتەوە و لە یاساداناندا دەگونجێندرێت. (لێرەدا بەردەنگ ئەو هێزە سیاسییانەن کە هێشتاکوو پابەندن بە سیاسەت لە چوارچێوەی ئێراندا).
شەش: و وەکوو خاڵی کۆتایی پێویستە نەتەوەی ئێمە ئاگاداری ئەم ڕاستییە بێت کە هەر سمێڵ سوورێکی “حق تعیین سرنوشت”، هەمزە ئاغای “مافی دیاریکردنی چارەنووس نییە”. فارس گوتەنی:
آن یکی شیر است اندر بادیە، وین یکی شیر است اندر بادیە، آن یکی شیر است کە آدم می خورد، وین یکی شیر است کە آدم می خورد….
