کورتەچیرۆک
خەونێکی ئاڵۆز
ئیمشەو لە خەونمدا سواری قاڵیچەکەی حەزرەتی سلێمان ببووم و لە خزمەتیدا دەسووڕاینەوە بە سەر عاسمانی نیشتماندا. لە بەشێکی ڕۆژهەڵات، قشوونی تورک هاتبوون بە بیانووی مەترسی کۆچبەران و هەڕەشەی تێرۆر، بڕێک شارەکان ناویان گۆڕدرابوو بە پاشگری “داغ”، منداڵانیان لە مەکتەب فێر دەکرد بێژن “هۆشگەلدین کارداشیم”، منداڵێک پرسیاری لە مامۆستا دەکرد بۆچی وا بڵێین؟ مامۆستا دەیفەرموو ڕۆڵە گیان! خراپە زمانێکی دیکە فێر دەبیت؟ ئەوە پێیدەڵین ئێنێگراسیۆنی دیموکڕاتیک. با گەورە بی دەزانی و….
لە خەونەکەمدا پارێزگای ورمی هەموو ببوون بە تورک، ورد و درشت، ئێنێگراسیۆنیان کردووە و پێی شادن. لە سەرەوە دەڕوانم مەزەندە دەکەم سی لە سەتی خاکی پیرۆز، تەواو تەواو دیمۆکڕاتیانە و بێ عەیب، ئێنتێگراسیۆن کراوە.
حەزرەتی سلێمان، لاری دەکاتەوە بۆ بڕێک خوارووتر و دواتر باشووری نیشتمان، هەموو کچان خەریکن خۆیان ئامادە دەکەن کەزی بهۆننەوە بۆ ڕۆژهەڵات، ئاخر قەرارە وەکوو جاری پێشوو، شۆڕشێک بەرپا بکەن لە پرچ و کەزی، جیهان سەرسام بکەنەوە، دواجار هەموو بڕژنە سەر شەقامەکان و تەنانەت ڕەشپێستەکانیش فێر کەن بێژن “یەکەیەکەیەکە” و دوو و سێ و چوار و هەزار نییە.
بڕێک ئەولاتر بەرەو لای کاکە کاکە و ئامادەکاری تەواو بۆ ڕۆژهەڵاتی سەربەخۆ. زۆر جوانە، هەر زۆر، پڕ لە ئاڵا و چەک و پێشمەرگە بەڵام لە ناکاو: دەسڕاگرن دەسڕاگرن، جارێکان کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنین، دواتر ئێران، دیمۆکڕاتیک دەکەین، ئانجا سەربەخۆیی مسۆگەر دەکەین ئەڕاتان، دڵنیا بن.
لەو شلووقی و قسەوباسەدا، چەند کەس بە دەنگی کز پێکەوە وەک وردە بۆڵەیەک پرسیار دەکەن: کاکە کاکە، ئەی کوا ئاڵاکە؟!
بە سواری قاڵیچەکە لە ناکاو لەو خوارەوە لەبەر پرسگەی کاکە خۆم دەبینمەوە کە داوای نووسینی تۆبەنامەم لێدەکات کە تۆ دەبێ تۆبە بکەیت لەبەر ئەوەی لە سەربەخۆییخوازی لات داوە و نزیکی لە فێدراڵچییەکان و…. منیش: ڕاستە گەورەم تۆبە بەڵام….
بەڵام بێ بەڵام، ئەوەی ئێمە دووربینی تێدایە و….
قاڵیچەکە بەرەو بەغداد دەفڕێت، لە ناکاو چاوم دەکەوێت بە فریاڕەسەکەی بەغداد و “لدینا مشکلە”. هەر بەو ڕستەیە هەموو سێحرێک بەتاڵ دەبێتەوە، لە حەزرەتی سلێمان دەپرسم بەڕاست ئەو دۆعایە ئەوەندە کارتێکەرە؟ دەفەرمی بەڵێ، دوای نوێژی پەنج فەرزە، لە جیاتی “سبحان اللە”، سی وسێ کەڕەت بڵێ “لدینا مشکلە” هەموو فەرەجێک حاسڵ دەبێت.
بەسواریی قاڵیچەکە دەینەوە بازاڕێکی ڕۆژهەڵات، تا چاو کار دەکات کڕاواتی فیرووزەیە و مەقنەعەی سوور، ناوەبەناوە دەنگی سروودی ئینتێرناسیۆناڵ و دروشمی سووری تۆخی سەر کۆڵانان و ڕکابەرییەکی سەیر بۆ هەموو جۆرە کڕین و فرۆشتن، ئاخر کاکەکان فەتوایان دەرکردووە بۆ شوێنکەوتووان قەیدی ناکا جایزە، بە تایبەت بۆینباخی فیرووزە و ڕووسەری سوور، ئەوان نەزەرکەردەن و تەبەڕوکە و بۆ سۆمای چاویش باشە.
دەی دەی بەرەو مۆنیتۆڕێکی گەورە لە مەیدانی سەرەکی شارێکی دیکەی ڕۆژهەڵات و دیسان ڕۆخساری جوان کاکەکان: ما در مناطق کردنشین، تجزیەطلب نمی باشیم، ما بە دنبال ایران دمکرات می باشیم، فدرالیسم و اینها هم فعلا وقتش نیست، با سلطنت هم پررنگ مخالف نمی باشیم، کم رنگ ناموافق هم نمی باشیم، این تژزیەطلب ها با میکروسکوپ هم دیدە نمی شوند و برادری خلق ها چقدر قشنگ می باشد ….
حەشیمەتێکی زۆریش تەماشا دەکەن و جەماوەری هەر کاکەیەکیش وەک بارشا و ڕیاڵ هەر خەریکی چەپڵە و فیکە و ئیشاڵا و ماشەڵان و کەسیش بە دۆی خۆی ناڵێ سۆڵە و لایەنی بەرانبەریش هەر هیچ…
لە خەونەکەدا هێشتا دانەچڵەکاو بە حەزرەتی سلێمان عەرز دەکەم بەقوربانانانە دامبەزێنە، با بچمەوە ماڵ و بخزێمەوە ژێر مەلافەکەم و بڕێکی دیکە بخەوم بەڵکوو دوو خەونی گوڵ و بولبول ببینم. حەزرەتیش دەفەرمی ئێستا بڕۆ بنوو ئاها کاتی خۆی لە زاری خەڵکیێەوە پێماندەگوتی “دووکانێکەو چوار قاڵب سابوون”، گوێت نەدەدا و هەشت هەشت دەتکوشت؟!
بەدەم پیرۆزە پیرۆزە، لە هەموومان پیرۆزە لەو ئاڵۆزەخەوە ڕادەچڵەکێم و چیدیکە “ئیتر بۆ پێشەوە” نا؛
تێحە…..


No Comment! Be the first one.