سپێدەی ڕزگاڕیت باش ڕۆژهەڵاتەکەم
سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژەی خومەینی مرد کاتژمێر دە ئیمتحانی عەرەبیم بوو و لە ژوورەکەمدا خەوتبووم. یادی بەخێر دایکم ڕادیۆیەکی بچووکی دوو شەپۆلی بوو، خۆی کرد بە دیوەکەدا و بە کوڵەی گریانەوە هاواری کرد: هەڵسە تۆپێ، بەخوا تۆپی. دوو ساڵ بوو ڕەشپۆش و جەرگسووتاوی شەهید ئەفخەم بوو. ئینجا باوەشی پێمداکرد ، دەستی بە پێکەنین کرد و فەرمووی ئای! سوکناییم هات و….
لە دوێنێوە کە هێدی هێدی دەنگۆی کوژرانی خامنەیی بڵاو دەبووەوە هەستیکی سەیرم بوو، دوای یەکەم کاتژمێرەکانی دەسپێکی شەر، عەرزم بە خۆمدا نەدەگرت، دوای گوێدان و بینینی هەواڵەکان و سەردانی کڵابهاوس،خۆم کرد بە دارستاندا، لە تەنیایی پیاسەدا تاوێک دەگریام، تاوێک پیدەکەنیم، لەگەڵ خۆمدا قسەم دەکرد و…..
ئێوارە کاتێک ئیتر هەواڵەکان ڕووەو پشتڕاستکردنەوە دەڕۆیشتن چەند پەیوەندیم لەگەڵ هاوڕێیان و بەتایبەت کاک بێهرووز کرد و بەدواداچوونم دەکرد کە ئاخۆم ڕاستە؟!
ناوەبەناوە سەیری تی وییەکانی ئێران و ئەلجەزیرەشم دەکرد بەڵکوو هەواڵێک ببینم.
ژوان و سونبۆل لە بازاڕە زەنگیان لێدا: بۆ خواردن هیچ لێمەنێ، شتێک دێنین، گوتم نا، خواردن دروس ئەکەم، گوتیان ئاخر پەرۆشی ڕووداوەکانی، گوتم نا، با مەشغووڵ بم، ئەوە باشترە و….
کاتژمێر نۆ ئیتر هەواڵەکان گەیشتنە لووتکە، دانیشتبووم لە سەر مۆبلەکە و تەکانم نەبوو، نە پێکەنین، نە گریان، نە قسە، نە هیچ، وەکوو جۆرێک شۆک، هەرگیز ئاوا حاڵەتێکم نەبووە، بەدەم سەیرکردنی سۆشیال میدیا خوێندمە کە زۆرکەسی دیکەش وەکوو من وان و….
ژیانم وەکوو فیلمێکی خێرا بەبەرچاومدا دەهات و دەڕۆیشت، چت لێکردین کۆماری ئیسلامی؟، چیت بەسەرمان هێنا داگیرکەر؟ ئەی جەوانیم کوا؟ و…
ساعەت سێی بەیانی، لە خەودا، سەرەتا ئازاد و دواتر ئومید: پیرۆزە ڕەئیس گیانەکەی ئازاد بە پێکەنین و گریانەوە و بەزێ گیان تۆپی ئومید، ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند….و پرسیاری من لە هەردووکیان دوای پیرۆزبایی بەڵام دووپاتبوونەوەی دۆخەکەی ئێوارە: ئاخۆم بۆ ڕەوتەکەی ڕۆژهەڵات، باش دەبێ یان نا؟ تۆ بێژی هێرشەکان نەوەستن؟ بلێی دیسانەوە نەبینە قوربانی سات و سەودا و…؟
لێتان ناشارمەوە نیگەرانم، لە دڵەڕواکییەکی سەیردام، نزیکین لە لووتکە، نزیکتر لە هەمیشە، ئەبێ شاد بم، زۆر شاد، بەڵام ترسی دواڕۆژی نزیک لە کۆڵم نابێتەوە، نەفرەت لە وشەی دانوستاندن، بریا بخەوم و تا ئاخری ئەم حەوتەیە بەخەبەر نەیەمەوە، بەو خەیاڵ و هیوایە کە کاتێک بەخەبەر هاتمەوە، یەکەم هەواڵ بخوێنمەوە:
ڕۆژهەڵات ئازاد بوو، پێشمەرگە هاتن ماڵی خۆیان و گەل…..
سپێدەت باشترین ڕۆژهەڵات
سپێدەی ڕزگاریت باش ڕۆژهەڵاتەکەم
March 1, 2026
2 Mins Read
26
Views

No Comment! Be the first one.