سەربەخۆیی ڕۆژهەڵات؛ لە تیۆری و ئارگومێنتەوە بۆ دۆسییەی یاسایی
لە وتاری پێشوودا لە ژێر ناوی”ڕۆژهەڵات؛ سەربەخۆیی بە پێی تیۆریگەلی مافی قەرەبووکردنەوە/ چارەسەرکردن” ئاماژە بەوە کرا کە ئەم تیۆرییە لەوانەیە گونجاوترین ڕێگا بێت بۆ دۆزی ڕۆژهەڵات. بەڵام تیۆرییەکە تەنیا کاتێک کار دەکات کە “بێعەداڵەتی گەورە” بسەلمێنرێت. ئەم وتارە باسی قۆناغی دواتر دەکات:
گۆڕینی لیستی ڕووداوەکان بۆ بەڵگەی یاسایی.
یەکەم. بەڵگەمەندکردن
هەر ڕووداوێک دەبێت بکرێتە دۆسییەیەک بەم تایبەتمەندییانەوە:
کات،
شوێن،
زنجیرەی بەرپرسایەتی،
قوربانییان،
سەرچاوەکان.
ئامانج:
دروستکردنی ئارشیڤێکی شایەتحاڵ و بەڵگەنامە بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
پێوەرێکی گرنگ ئەوەیە هەر بەڵگەیەک بە سەرچاوەی سەربەخۆ، پشتڕاست بکرێتەوە، چونکە بەڵگەی بێ سەرچاوە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا بایەخی کەمە.
دووهەم. پۆلێنکردنی یاسایی
هەر دۆسییەیەک دەخرێتە ژێر پێناسەیەکی دیاریکراو:
ژینۆساید،
تاوانی دژی مرۆڤایەتی،
تاوانی جەنگ،
هەڵاواردنی سیستەماتیک.
تێبینی یەک:
ڕووداوەکان تێکەڵەیەکن لە ڕووداوی کتوپڕ و سیاسەتی درێژخایەن. جیاکردنەوەیان پێویستە، چونکە قورسایی یاساییان جیاوازە.
تێبینی دوو:
پۆلێنی ژینۆساید پێویستی بە سەلماندنی مەبەستی تایبەتە (dolus specialis)، کە دژوارترین پێوەرە.
هەندێک دۆسییە بە ئاسانتر لە ژێر “تاوانی دژی مرۆڤایەتی” یان “هەڵاواردنی سیستەماتیک” دا دەگونجێن.
ئەنجام: پێویستە پێوەرێکی کارپێکراو بۆ “بێعەداڵەتی گەورە” دیاری بکرێت: لەسەر بنەمای چەندێتی:
ژمارەی قوربانییان،
مەودای کات،
جوگرافیا.
چۆنەتی:
بەرنامەدارییەتی،
بەرپرسایەتی حاکمییەت.
سێهەم. سەلماندنی “دوا ڕێگاچارە”
ئەمە گرنگترین ئاڵقەیە.
دەبێت بسەلمێنرێت ڕێگاگەلی ناوخۆیی وەکوو ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی، چاکسازی، دیالۆگ، تاقی کراونەتەوە و شکستیان هێناوە.
بۆ ئەمە پێویستە ئەم ئارگومێنتانە لیست بکرێن و بەڵگەیان بۆ بهێنرێتەوە:
یەک. داواکارییە ئاشتییانە و دیالۆگەکان و وەڵام و کردەوەی دەسەڵات بۆیان.
دوو. ئەو بڕگانەی دەستووری ئێران کە بەڵێنیان داوە بەڵام جێبەجێ نەکراون.
سێ. پابەندنەبوونی ئێران بە ئەو پەیمانانەی واژۆی کردوون، وەک ICCPR و ICERD و ICESCR.
چوار. نەبوونی هیچ دەزگایەکی سەربەخۆی ناوخۆیی بۆ سکاڵا و قەرەبووکردنەوە.
چوارەم. بڵاوکردنەوە و بەراوردکاری
ئەم باسانە پێویستە بە زمانگەلی نێودەوڵەتی بڵاو بکرێنەوە:
بۆ ڕای گشتی جیهانی،
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان،
ناوەندەکانی سیاسەتی جیهانی. باشترین ڕێگا بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکانە بە زمانگەلی نێونەتەوەیی.
هەروەها پێویستە ڕووداو و پیلانە سیستەماتیکەکان، بەراورد بکرێن لەگەڵ ئەو حاڵەتانەی لە جیهان دا کە ئەزموونی لەم چەشنەیان بووگە.
پەنجەم. یەکخستنی ئەکتەرەکان
خاڵی هاوبەشی قوربانیبوون پێویستە بکرێتە بنەمای یادداشتێکی یاسایی هاوبەش.
تێبێنی: پێویست ناکات هێزی سیاسی ڕۆژهەڵات لەسەر ئایدیۆلۆژیا یان ئامانجی کۆتایی یەک بن، بەڵکوو تەنیا لەسەر ئەوەی چی ڕوویداوە و بۆچی دەبێت بەڵگەمەند بکرێت هەماهەنگ بن.
بۆچی: ئەمە بەرپرسایەتی سیاسی نییە، دابەشکردنی ئەرک و کارە.
شەشەم. کەناڵە نێودەوڵەتییەکان
بریتین لە:
ڕاپۆرتەرە تایبەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان،
لیژنەکانی چاودێری پەیمانەکان،
دادگاکانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی دادوەریی جیهانی (universal jurisdiction) بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان،
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC)،
تێبینی بۆ ئەم خاڵە:
ئێران ئەندام نییە؛ ئەگەرچی واژۆی کردووە بەڵام پەسەندی نەکردووە، بۆیە ڕێگایەکە کە پێویستی بە ناردنی دۆسییە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە هەیە، کە ئاستەنگی سیاسی گەورەی هەیە.
پارلەمانەکان و ڕێکخراوە هەرێمییەکان.
تێبینی گرنگ:
ئەم وتارە تەنیا دەسپێک و دەروازەیەکە بۆ بەیاسایی کردنی پرسی کوردستان و کورد لە ڕۆژهەڵات و دواتر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و شارەزایانی یاسا، بە هاوکاری هێزە سیاسییەکانی دەروەست بە لێکدانەوەی خاڵە لاوازەکان و خاڵەکانی جێگای موناقشە کردن، پڕۆژە- پڕۆسەکە تەواو دەکەن.
سەربەخۆیی ڕۆژهەڵات؛ لە تیۆری و ئارگۆمێنتەوە بۆ دۆسییەی یاسایی
October 11, 2026
2 Mins Read
80
Views

No Comment! Be the first one.