سەرکوتی پەژارە و کاریگەرییەکانی لە سەر نەتەوەی چەوساوە
زەبر و زەنگی بەکۆمەڵ وەک شەڕ، ژینۆساید، ستەمی سیستماتیک، داگیرکاری، سەرکوت، خەم و پەژارەی دەرەنجامی ئەمانە و سەرکوتکردنی درێژخایەنی خەم و پەژارە، دەبنە هۆی ئاڵۆزی دەروونی، جەستەیی و کۆمەڵایەتی جددی وەک تێکچوونی دەروونی، خەمۆکی درێژخایەن، دڵەڕاوکێ و هێرشی پانیک، تێکچوونی خۆگونجاندن، کەم توانایی و بێتوانایی ئەزموونکردن و دەربڕینی هەست و سۆزی ئەرێنی، گۆشەگیری، شەڕانگێزی چاوەڕوان نەکراو، دژواری لە متمانەکردن، سەختی لە ئینتیما، پچڕانی پەیوەندییەکان، ئەزموونکردنی ساردی لە پەیوەندیکردندا، تێکچوونی گەشەی سۆزداری و کێشەی قبووڵکردنی ئاشتەوایی، تێکچوونی دەربڕین و لاگیری ئێدراکی زێدەڕۆیانە.
ئەو گەل و نەتەوانەی کە بە درێژایی نەوەکان ناچار بووگن خەم و پەژارەی بەکۆمەڵ سەرکوت بکەن، لە ئاستی تاک، کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەروونیدا ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە دەبنەوە.
بۆ نموونە لە خەم و پەژارەی نەژیاوە یان پرسەی بەکۆمەڵ و ناتەواودا، کاتێک نەتەوەیەک نەتوانێت بە هەر هۆکارێک، لەوانە سەرکوتکردن، قەدەغەکردنی زمان، ئینکاری ناسنامە، یان توندوتیژیی پێکهاتەیی، خەم و پەژارەی خۆی دەرببڕێت، جۆرێک لە ماتەمینی بەستوو یان هەڵپەسێردراو دروست دەبێت. ئەمەش دەتوانێت لە شێوەی خەمۆکی بەکۆمەڵ، بێمتمانەیی، توڕەیی شاراوە، یان دڵەڕاوکێی نەوەکان خۆی دەربخات.
یەکێکی تر لە ئەنجامەکان، گواستنەوەی زەبر و زەنگە لە نێوان نەوەکان و گواستنەوەی بۆ نەوە نوێیەکان بەبێ ئەوەی ئەم نەوەگەلە خۆیان ئەزموونی ڕاستەوخۆیان هەبووبێت، کە لە ئەنجامدا بارگرانی سۆزداریی نەوەکانی پێشوویان هەڵگرتووە و یادەوەری زارەکی و بێدەنگی خێزانی و هێما و ترسە نەگوتراوەکان هەموویان هەڵگری ئەم ئازارە دەبن.
هەروەها سەرکوتکردنی خەم و پەژارە دەبێتە هۆی وەرینی دەروونی، تاقمگەری، یان ڕادیکاڵبوونی هەندێک کاردانەوە.
دەرئەنجامەکانی تر بریتین لە تەقینەوەی سۆزداری یان تێکچوونی دەروونی لە ئەنجامی خەمێکی سەرکوتکراودا، کە هەندێکجار لە شێوەی کاوێژی فیکری، دڵەڕاوکێی درێژخایەن، هەستێکی ئیفلیجکەری هەڕەشە، وەرگۆڕانی کەسایەتی، بێمتمانەیی بەخۆ و جیهان، وەهمی پیلانگێڕی، تەقینەوەی بەکۆمەڵ، ئاژاوەی لەناکاو، نەفرەت پژاندن، شەڕی ئایدیۆلۆژی بێکۆتایی، دوژمنسازی لە ڕێگەی بەئەویدیکردنی نێوخۆیی، شەڕانگێزی درێژخایەنی نێوگرووپی، ئاڕاستەکردنەوەی توڕەیی لە داگیرکەرەوە بۆ شەڕی ناوخۆ، لاوازی لە یەکگرتوویی بەکۆمەڵ، داڕمانی هاودەنگی، تێکچوونی کەسایەتی سنووری، تێکچوونی کەسایەتی وابەستە، پرۆسەی ناسنامەداماڵین، هەستیارییەکی زۆر بەرانبەر بە ڕەخنە و تەنانەت خۆخزاندنەخۆی سیاسی و بێدەنگی زیانبەخش.
هەروەها سەرکوتکردنی خەم و پەژارە لە درێژخایەندا یەکێکە لە بەربەستە هەرە گرینگەکانی بەردەم بنیاتنانەوەی ناسنامە.
Painting:
Salvador Dali (1940)
بۆ خوێندنەوەی زۆرتر:
Impact of intergenerational trauma on second-generation descendants: a systematic review, Charlotte El-Khalil, Denisa Caculidis Tudor &Catalin Nedelcea, BMC Psychology, 2025.
From loss to disorder: The influence of maladaptive coping on prolonged grief, Kirsten V. Smith abc, Jennifer Wild abd, Anke Ehlers a b, SienceDirect, 2024.
Transgenerational trauma and attachment, Zlatomira Kostova and Vanya L. Matanova, Frontiers, 2024.
Emotional and physiological reactivity in Complicated Grief, Nicole J. LeBlanc Leslie D. Unger, Richard J. McNally, ScienceDirect, 2016.
