ناسیۆناڵیزمی ئێرانی و داڕمانی چوار کۆڵەکەی
یەک. گەورەترین هەڵەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە ڕەهەندی ناسیۆناڵیزمی نەتەوەیی، تێکهەڵکێشکردنی تەواوی ئەو ناسیۆناڵیزمە بوو لە کەسایەتی ڕەزا پەهلەوی و گەڕانەوەی پاشایەتی. بە ڕووخانی ئەم کۆڵەکە، یەکێک لە پایەکانی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی داڕما.
دوو. ناسیۆناڵیزمی باستانیش هەرواتر بەو دەردەدا چوو و ئەگەرچی هەوڵی زۆر درا، کۆدەنگییەک لە دەوری کورش و داریووش و دواتر شانامەی فێردەوسی پێکبهێنرێت لەم ساڵانەی دواییدا بەڵام جێگیر نەبوو و ئەویش فەوتا.
سێ. یەک کۆڵەکەی گرنگ و سەرەکی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی، هەمان ناسیۆناڵیزمی ئایینی بوو کە لە مێژوودا لانیکەم لە دوو خوڵدا ئێرانی لە بە عەرەب بوون و دواتر لە دەسەڵاتی عوسمانی دەرباز کرد و هەنووکە لە سیستەمی ویلایەتی فەقیەدا، بە “یاری دژەسیستم” و دوای فەترەیەک باڵادەستی هیلالی شیعە، دەبینین کە چۆن خەریکە تێکدادەڕمێت.
چوار. وشەی “ملت ایران”یش کە هەوڵدانێکی بەردەوام بووە بۆ ڕاگرتنی ئێران لە چوارچێوەی ناسیۆناڵیزمی مەدەنی بۆ وەفاداری بە دەوڵەت- نەتەوە و سازکردنی گەورە شوناس (Macro- Identity)ی دەستکرد، بە هۆی گەشەی سیاسی و مەعریفی نەتەوەکان، چیدیکە تەنیا چەسپێکە کە هێدی هێدی کارایی خۆی لەدەست داوە.
پەنج. هەر چوار کۆڵەکەی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی هەنووکە یان ڕووخاوە یان لە داڕماندایە و دوایین دوو کۆڵەکە کە ناسیۆناڵیزمی نەتەوەیی و ناسیۆناڵیزمی ئایینییە بە هۆی ناکارایی و ناشیاوی، بە خێرایی و هاوتەریب، وەکوو خۆرە، پیرەمێردە نەخۆش و داماوەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دائەکرمێنن.
شەش. بە داڕمانی ئەو چوار کۆڵەکە، چیدیکە ئێرانێک بوونی نامێنێت یان باشترە بڵێین بوونی نەماوە.
حەوت. ئەمێنێتەوە چۆن وەکوو نەتەوەی کورد، بە هۆشیاری نەتەوەیی، ماڵی خۆمان هەنگاو بە هەنگاو بینا بکەین.

