ناسیۆناڵیزم و گلۆبالیتە لە دوو نۆرە سەدەدا
لە وتارێک بە ناوی قۆناغی جیاواز، لۆژیکی جیاواز: ناسیۆناڵیزم و گلۆبالیتە لە دوو نۆرە سەدەدا، ئۆڵف هێدێتوفت، لە چەند سۆنگەی لۆژیک، ناوەرۆک، بنیاتی هزری، ئامراز، ئامانج و کارلێک، دەپڕژێتە سەر دوو قۆناغی زەمەنی سەدەی بیستەم و سەدەی بیست و یەکەم و جیاوازییەکانی.
لە نووسینەکەیدا ئاماژە دەکات کە لۆژیکی سەدەی بیست، دێکۆلۆنیالیزم و دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوەکان و هەروەها ڕکابەری زلهێزە جیهانییەکان بووە لە کاتێکدا لۆژیکی سەدەی نوێ، ناسیۆناڵیزمی شوناسخوازانە، کاردانەوەیی، نێئۆلیبرالیزم و ئاوێتەبوونی ئابوورییە.
لە خوێندنەوەی ناوەرۆکدا، ناسیۆنالیزمی پێشوو، لەتکردنی ئێمپراتوورییەتەکان و دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوەکان پەرەپێدانی دەسەڵاتی هێزە ئورووپاییەکان بووە بەڵام ئەوەی نوێ، کاردانەوە بووە بە بەجیهانیبوون، جوداییخوازی نەتەوەیی و ساب نەتەوەیی، گەڕاندنەوە بۆ شوناسی خۆجێیی، و تۆرگەلی نێونەتەوەیی و دارایی و زانیاری.
سەبارەت بە بنیاتی هزری، نووسەر وا لێکیدەداتەوە کە داروینیسمی کۆمەڵایەتی، پێداگری لەسەر ڕۆحی نەتەوە و ڕۆمانتیزمی ئێتنیکی دەستی باڵای بووە لە خولی پێشوودا بەڵام لە خولی نوێدا، ترسی لەدەسچوون یان سڕینەوەی شوناس، ئەویدیسازی، نۆستاڵژی، سەرمایەداری جیهانی، کۆمەڵگای زانیاری و مافی مرۆڤی جیهانی، دینامیزمی ناسیۆناڵیزمە.
نووسەر بۆ ئامێرەکانی ئەو سەردەمە، ئاماژە بە هێز و سوپا، سنووری ڕەق، کۆچبەری و بازرگانی دەکات بەڵام بۆ ناسیۆناڵیزمی خولی نوێ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چاودێری سنوورەکان، یاسای سنووردارکەرەوە، ئینتەرنێت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە توخمگەلی سەرەکی ناوزەد دەکات.
لە وتارەکەدا ئاماژە دەکرێت کە ئامانجی سەرەکی ئەو قۆناخە، سەربەخۆیی نەتەوەیی بووە بۆ ڕکابەری لە کەشی نێونەتەوەیی، زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکان و دابەشکردنی جیهان نێوان هێزگەلی دیار بەڵام ئەوەی ئەوڕۆ، پاراستنی ئێمە بەرامبەر ئەویدی، گەڕانەوەی ئۆتۆریتە بۆ نەتەوە و دەوڵەت، بەزۆرینەکردنی قازانج، سووڕی ئازادی سەرمایە و بەشداری لە حوکمڕانی جیهانیدایە.
نووسەر لە کۆتاییدا کارلێکی ناسیۆناڵیزمی ئەودەم وەکوو دژبەری ڕاستەوخۆ بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی نەتەوەیی لێکدەداتەوە لە کاتێکدا بە بۆچوونی ئەو کارلێک لە ناسیۆناڵیزمی سەردەمدا، هەڵمژینە و دەردان؛ لە حاڵێکدا هەموو ئامێر و ئامرازەکانی بەجیهانیبوون بەکار دێنیت بەڵام دژایەتیشی دەکات.
خاڵێکی گرنگ کە سەرنجی منی بۆ لای ئەم وتارە ڕاکێشا ئەوەیە کە ئێستاکەش زۆربەی خوێندنەوە و هەوڵدانەکانی ناسیۆناڵیزمی کوردی، سەرنج خستنە سەر ناسیۆناڵیزمی سەدەی بیست لە هەموو بوارەکانی لۆژیکی، ناوەرۆک،بنیاتی هزری، ئامراز، ئامانج و کارلێک بە بێ گرنگیدان بە گۆڕانی زەمەن، بەکارهێنانی چەمکگەلی ئاڕفتە و ماوەبەسەرچوو، ناوەرۆکی سەردەمانی بیستەکانی سەدەی پێشوو، ڕوانینی لەسەرەوە بۆ خوارەوەی دروشم ئاسا بە بێ ئەندازیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی تیکە تیکە (Piecemeal Engineering)، گرنگینەدان بە لۆبی و مێدیا و یاسا و ڕێکخراوە و تۆڕ و هەوڵنەدان یان هەوڵدانی سەقەت بۆ بەفەرمی ناسێندرانی کورد وەکوو ئاکتەرێکی حوکمڕانی (Governance Actor).
بڕوانە بۆ:
Different Phases, Different Logics: Nationalism and Globality at two turns of century, Aalborg University, 2004.

