وەرچەرخان لە تێگە و تێڕوانین
وەرچەرخانی تێگە و وەرچەرخانی تێڕوانین لە ئاستی دوودڵی لە بەڵگەنەویستەکان، لە ئاستی گومان لە پێشداوەرییەکان، لە ئاستی خستنە ژێر پرسیاری بنەما نەگۆڕەکان، لە ئاستی ئاڵوگۆڕی چاوگە، لە ئاستی وێناکرن، لە ئاستی مانا، لە ئاستی پێناسە، لە ئاستی تاقیکردنەوەی پێچەوانەکان، لە ئاستی کاردانەوە، لە ئاستی کردە و لە ئاستی ناخودئاگادا ڕوودەدات.
کاتێک ڕوویدا بۆ نموونە:
چیدیکە:
تەنیا کوێستان دۆستی کورد نییە،
کورد تەنیا نزا ناکات بۆ قوربانی بوون،
قوربانیبوون ناکاتە ناسنامە،
کوردستان “مناطق کردنشین” نییە،
کوردستان “چشم و چراغ”ی تاران و ئانکارا و بەغداد و شام نییە،
ڕێگای ئازادی کورد لە دێمۆکراسی وڵاتانی داگیرکەر تێپەڕ نابێت،
کورد بەرپرسی ساز کردنی کۆمەڵگای دێموکڕاتیکی چەوسێنەری خۆی نییە،
تورک و فارس و عەرەب، براگەورەی کورد نین،
کورد نابێتە بەشێک لە نەخشەی ڕێگای داگیرکەری خۆی،
نەتەوەبوونی خۆی داناشکێنێت بۆ “ملیت” و “اتنیک” و “قوم” بۆ ڕەزامەندی ئەویدی،
هەموو هەوڵی سیاسی کورد ئەوە نییە کە بیسەلمێنێت “تجزیەطلب” نییە،
بەڕژەوەندی تاک و تاقم، پێش بەڕژەوەندی نەتەوەیی ناکەوێت،
ناڵێت قەوارەی کوردستانی لە ئاجێندای نێودەوڵەتیدا نییە،
قاڵبە کۆنەکان ناتوانن وەڵامدەری جیهانی نوێ بن،
کوردستان لەو چوارچێوەدا نییە کە داگیرکەر بۆی کێشاوە،
دەرکەوتن بۆ سەروەری، جێگای تەقالا بۆ مانەوە دەگرێتەوە،
ڕزگاری ڕەنگ کردنەوەی دیوارەکان نییە،
بەرخی نێر بۆ سەربڕینە و نانی خۆم و کووزەڵەی کانی سینە بە سینە ناگێڕێتەوە،
و
زانست و فەلسەفە و مەعریفە و وێنا و مانا و کردە، بۆ بوون و هەبوون و سەربەخۆیی خۆی دەتاشێت و دەتاشێتەوە…..
Perceptual Shift
Conceptual Shift


No Comment! Be the first one.