کورد و “مەغڵەتەی چەکی شکاو”
یک: لە “کاریگەری شووشەی شکاو”دا دەگوترێت کە ئەگەر بینایەک بە هەر هۆکار، شووشەکەی بشکێت و بە زووترین کات نۆژەن نەکرێتەوە، هەر ئەو شووشە شکاوە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ خەڵکیی کە شووشەی زۆرتر بشکێنن و وا هەست بکەن کە بیناکە بێخاوەنە و ئەمە ڕوانینە ببێتە سەرەتایەک بۆ کاولکردنی بیناکە. وەکوو “کاریگەری بینەر”یش باسی لێدەکرێت.
دوو: مارینا ئابرامۆویچ لە ساڵی ۱۹۷٤ خۆی خستە گالێرییەک و ۷۲ ئامێر لەوانە چەقۆ و تێغ و چەکی نایە بەردەست بینەران کە بە هەر شێوازێک ئەیانەوێت لەگەڵی هەڵسووکەوت بکەن. سەرەتا بەشداربوان زۆر بە پارێزەوە ڕەفتاریان دەکرد بەڵام هێدی هێدی ڕوویانکردە توندوتیژی و کار گەیشتە جێگایەک کە یەکێک لە بینەران، هەوڵی دا بە چەک بیکووژێت. ئەم کاریگەرییە بە نێوی “پێڕفۆرمەنس ئارتی ڕیتم سفر”، ناوبانگی دەرکرد و پیشانی دا کە لە نەبوونیی یاسا و سنوور و بەرپرسایەتی و چاودێری، تەنانەت مرۆڤە ئاساییەکانیش دەتوانن، خووی دڕندەبوون بنوێنن.
سێ: فیلیپ زیمباردۆ لە ئەزموونی ستانفۆرد، ئەو ڕاستییەی خستە ڕوو کە کاتێک مرۆڤەکان، وڵامدەر نەبن و هەست بە بەرپرسایەتی نەکەن بە هاسانی دەتوانن ئازاری ئەوانیکە بدەن.
چوار: وڵاتێکی داگیرکراو لە لایەن چوار دەوڵەت-نەتەوەی هێرشبەر کە ئەزموونی هەموو جۆرە جینایەتیان بە نیسبەت کوردەوە هەیە و هەرگیز دەستیان نەپاراستووە لە دڕندەیی دژ بە نەتەوەی کورد نە پابەندی یاسان، نە سنوور، نە ئێخلاق، نە بەرپرسایەتی و نە حسابیان بۆ هیچ چاودێری و کۆنترۆڵ و مافەکانی مرۆڤ کردووە و دەیکەن.
پنج: سیستەمی یاسایی و ئەمنی و سەربازی ئەم وڵاتانە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، دژ بە نەتەوەی کورد، داڕێژراون و کورد، هەمیشە وەک ئەویدی و ئەویدی ناخود و هەڕەشە، مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
شەش: کورد چ چەک هەڵبگرێت و چ چەک دابنێت بۆ داگیرکەر، هەمیشە مەترسی و هەڕەشەی وجوودییە و هیچ لە ئەسڵی بابەت ناگۆڕێت.
حەفت: لە قۆناغێکی زەمەنیدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەرەو گۆڕانکاری بنەڕەتی و نەخشەی نوێ ڕێگە دەکات و وڵاتانی داگیرکەر و کوردستان، لە چەقی ئەم گۆڕانکارییەدان، خۆداماڵین لە چەک و هێنانەئارای چەکدانان، هەڵەترین ستراتژییە بۆ هێزی کوردی، سیاسەتی بەرگری پاسیڤە و بە شێوازێک، گێڕی پێچەوانە و ناتەبابوونە لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیە.
هەشت: ئارگۆمێنتی بە ڕواڵەت دروست و لە ناوەرۆکدا هەڵە کە گوایە بە کڵاشینکۆف، شەڕ لەگەڵ تێکنۆلۆژیای نوێ ناکرێت مەغڵەتەیەکی مەترسیدارە. بۆچی؟
کاتێک هێزێک بڕیاری خۆلەچەکداماڵین دەدات یان پەیام دەنێرێت بۆ داگیرکەر کە بە مەرج ئامادەین چەک دابنێین، لە بنەڕەتدا خۆی لە ئیمکانێکی بەرگری بەرانبەر داگیرکەر خۆی بێبەش دەکات و دواتر ئەو دەرفەتە لە کیس ئەدات کە لە ئەگەرێکدا، ببێتە جێگای سەرنجی هێزی دەرەکی هاوبەڕژەوەندی و پڕچەک بکرێت و لە معادلەکاندا ببینرێت و حیسابی بۆ بکرێت. یانی چیدیکە وەکوو هێزێکی سیاسی- مەدەنی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت تەواو.
نۆ: بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای باسەکە: کاریگەری چەکی شکاو یان کڵاشینکۆفی شکاو، دەتوانێ هەمان کاریگەری شووشەی شکاو، پێڕفۆرمانسی ئارت ڕیتم سفر یان ئەزموونی ستانفۆرد بێت بۆ نەتەوەیەک کە بەرانبەر بە بێ یاسایی، یاخیبوونی یاسا، قبووڵ نەکردنی چاودێری و نەبوونی بەرپرسایەتی لە لایەن داگیرکەر، هەم ڕێگای قوربانیبوونی هەموارتر بکرێت و هەم سەرنجکانی نیونەتەوەیی وەکوو بکەرێکی کارا لە سەر خۆی لاببات.
دە: گفت و لفت و کردەوەگەلی کۆتری ئاشتیبوون لە سەردەمی شاوازەکان، ئەنجامەکەی هەمان کاریگەری شووشە شکاو و ڕیتم سفر و ستانفۆردە و بۆ نەتەوەی ئێمەیش دواجار دەبێتە کاریگەری چەکی شکاو و کڵاشینکۆفی شکاو.
