لە دیوی ڕاستەقینەی مێژوودا بین
لە فیلمی “تیشکۆ” (Radius)، بەهۆی ڕووداوێکی سەروو سروشتییەوە، پاڵەوانەکە تووشی حاڵەتێک دەبێت کە هەر بوونەوەرێکی زیندوو لە دوورییەکی دیاریکراو لێیەوە دەمرێت. هەروەها لە فیلمی “گوندی نەفرەتلێکراودا” (The Village of Damned) خەڵکی شارەکە لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا خەویانلێدەکەوێ و دوای چەند کاتژمێرێک زۆربەی ژنانی شارەکە بێ هۆکار دووگیان دەبن و هتد.
جودا لەوەی ئەم دوو فیلمە بۆ چ مەبەست و بە چ سێناریۆیەک درووست کراون، ئەمەوێ ئاماژە بە خاڵێک بکەم:
تاک و گرووپ و ڕێکخراو و هێزێک کە لە ژێر هەر کاریگەری و گوشارێکدا بکەوێتە نێو ڕەشچاڵەی ئێران یان ڕەشچاڵەی نەزمی سایکس- پیکۆیی، ڕەشچاڵەی ئایدیۆلۆژی، یان ڕەشچاڵەی نەزمی کۆن و ماوەبەسەرچوو و یاساکانی قبووڵ و پەیڕەو بکات، مەحکووم دەکرێت بە لەناوچوون یان چارەنووسی نەتەوەیەک ڕەش دەکات بە دووگیانبوونی نەخوازراو.
هەروەها کە لە وێنەکەشدا دەبینرێت لە زنجیرەیەک لە فیلمی “سیمپسۆن”ەکان، خوداوەندانی جوولەکە و مەسیحییەت لە تەنیشت یەکەوە دانیشتوون و خوداوەندە کوتوڵە ئێرانییەکە، لە لەبەر پێی ئەم دوو خوداوەندە، شەرابی کۆتایی دەنۆشێتەوە و سەرخۆشی وەهمی دەسەڵات، دواجار دەکەوێت و لەناو دەچێت.
****
با ئێمەی کورد وریا بین و لە دیوی ڕاستەقینەی مێژوودا بوەستین. نە پاشماوەی عوسمانی، نە پاشماوەی سەفەوی و نە گرێدراویی ئایدیۆلۆژیک، چارەی پرسی ئێمە نابن. هەر ئەوەندە….
