کۆماری کوردستان، بڕێک جیاوازتر
یەک: هەر لە میانەکانی کۆماری کوردستان، هەوڵێک لە نێو کورد بۆ خۆی و لە نێو حاکمییەت و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەوکات لە ئارادا بوو کە کۆماری کوردستان، بکرێتە دەسەڵاتێکی ناوچەیی (کۆماری مەهاباد) و هەروەها ببرێتە قاڵبی وێژمانێکی ئێرانی و داماڵینی لە کوردستانی بوون و سەربەخۆخوازی. هەوڵ دەدرا لە دیسکۆرس دا بچووک بکرێتەوەو ئەو وتارانەی کە زۆرتر وەک تاکتیک بەکار دەهێنرا، بۆڵد بکرێتەوەو وەک ستراتیژ نمایش بکرێت.
دوای پەهلەوی و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی دا، لانیکەم لە حەفتاکانی هەتاوی، دیسان ئەم هەوڵە چڕتر کراوەو دیسان هەمان فاکتەرگەلی نێۆخۆیی کوردو دەسەڵات، بوون بە بکەری ئەم چەواشەیە بەڵام بە جێگای ئۆپۆزیسیۆنی توودە، ئەفسەرانی ڕێفۆڕمیستی کوردو لە جیاتی پەهلەوی، دەوڵەتی قووڵی کۆماری ئیسلامی ئەو دەورەیان گێڕا. بمێنێت کە ناوچەگەراییش، ئاوی لەم ئاشە دەکرد.
دوو: سیاسەتی قووڵی کۆماری ئیسلامی لە سەر ئەو بنەما بوو کە بدرێت لە کۆڵەکەکانی ناسیۆناڵیسمی کوردی و بیگومان کۆمارو پێشەوا، سیبلی یەکەم بوون.
سێ: لە دەرەوەی بازنەی سیاسەتی دەوڵەتی قووڵی ئێران، ئێستاکەش کومەڵێک هەوڵ دەبینرێت کە بە نووسین وگوتە، بە جۆرێک لە جۆران، سیمای ناسیۆناڵیست بوونی کۆماری کوردستان کەم ڕەنگ بکرێتەوەو گەر بیشکرێت، تا ئاستی بۆ نموونە “شۆڕشی جەنگەڵ” و “تقی پسیان” و ….داببەزێندرێت و وەک شۆڕشێکی دژەپاشایەتی لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران، ناسنامەدار بکرێت.
سێ: هەموو ئەو بنیاتگەلەی کە بۆ سەربەخۆخوازی پێویستە، زۆر هۆشیارانە، بۆ کۆماری کوردستان، پێشتر بیری لێکراوەتۆ و قەبارەکەی بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ، مێعماری کراوە. هەر لە بەیان و سروود تا ئاڵاو کابینە، تا ڕێکخراوەسازی حکوومەت-بنەماو تا سیستەمی ئێداری و سپاو مێدیاو چاپەمەنی. حاشای لێناکرێت و ئەوەندە هۆشمەندە کە ئێستایش، بە بەراورد، جێگای تێڕامانە.
چوار: بیری لێکراوەتۆ کە چ سروودێک، دەتوانێ سروودی نەتەوەیی بێت و پێویستە چ تایبەتمەنیگەلێکی بێت؛ ئیجابی بێت نە سلبی، لە چوارچێوەی شۆناسی شەرعییەت دا بێت تاکوو شووناسی بەرگری و پێی لە سەر جوگرافیاو واقیع دا، بێت.
پەنج: ئاڵا، لووتکەی ئەو شوناسە بە شەرعییەت کراوەیە کە سنووری خودو ئەویدی نیشان ئەکات.
سێ کاستی “شەڕوان” (هێمای سوور)، “وەڕزێڕ” (هێمای سەوز)، و “ئایینی” (هێمای سپی)، کۆنترین، لە کۆنترین سیستەمی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرچاوە دەگرن، بە پێچەوانەی ئاڵای ئیرانی، پێویستیی کورد دیاری دەکەن، خودی کورد و ئەویدی ناکورد، پیشان ئەدەن و هێمایەک لەناوەڕاستی ئاڵا دادەنێن کە نە “شیر و خورشید” پارسی بێت نە “قمر در عقرب” عەرەب و نە “هلال” تورک. کورد بێت و کوردستانی بێت.
شەش: کۆماری کوردستان، بە بێ هۆکار، نەبووگە بە کۆڵەکەی کوردو قازی محەمەد، بە بێ هۆ، بە پێشەوای کورد؛
دووی ڕێبەندان، لووتکەی عەقڵییەتی کورد بووە بۆ دەرباز بوون لە ژێردەسەڵات بوون و پێناسەی “سەروەری نەتەوەیی کورد”