بەینی خۆمان بێ
لە وەرزی دووهەم ئەڵقەی ٢٤ی زنجیرەی “دوکتور هاوس” بەناونیشانی “بەبێ هۆکار”، ڕووبەڕووی نەخۆشێک دەبینەوە کە دوای چەندین ساڵ لە نەبوونی هەستێک یا نەبوونی کارایی و بەکارهێنانی زۆری دەرمانی ئازارشکێن، بەو حاڵەتە ڕاهاتووە. کاتێک تیمی پزیشکی ئەو کەموکوڕییە دەرمان دەکەن، نەخۆشەکە تووشی قەیرانێکی دەروونی یان خەمۆکی و وڕاوە و وەهم و بگرە هەڵشاخانەوە دەبێت، چونکی ناسنامە، تێگەیشتن لە خۆی و تەنانەت هەستی ئاسایشی بەو کەموکوڕییەوە بەستراوەتەوە.
لێرەدا لە ڕووی دەروونناسیەوە، ئێمە لەگەڵ چەمکێک ڕووبەڕوو دەبینەوە کە پێی دەگوترێت “ڕاهاتن بە نوقسانی” یان “وابەستەیی بە دۆخی زیانلێکەوتوو”؛ کە مرۆڤ جۆرێک لە گونجانی ناسنامەیی لەگەڵ بارودۆخی درێژخایەنی خۆیدا دەدۆزێتەوە و ڕاستکردنەوەی دەتوانێت قەیرانێکی وجودی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
سەرنجی بەشێک لە فەزای دیالۆگ بدەن:
نەخۆش:
بۆچی هەست بە خراپتربوون دەکەم؟ ئێوە خۆ گوتتان باشتر دەبم بەڵام هەست دەکەم شتێکم لەدەستداوە.
پزیشکان:
بەڵێ چونکی شتێکت لەدەستداوە. تۆ لەگەڵ نوقسانییەکەتدا ژیاویت. تۆ پێی ڕاهاتبووی. ئێستا کە چاکمان کردووەتەوە مێشکت نازانێت چی لەگەڵ ئەم وەشانە نوێیەی تۆ بکات.
نەخۆش:
کەواتە باشتر نەبوو دەستی لێنەدەن؟
پزیشکان:
تەنیا لەبەر ئەوەی شتێک دڵتەنگت دەکات و ئازارت دەدات مانای ئەوە نییە کە هەڵەیە. ناڕەحەتی تۆ کاردانەوەی مێشکتە بەرانبەر بە لەدەستدانی خووەکەت نەک حەقیقەت و ڕاستی….
هەندێک جار ئێمە وابەستەی ئازار دەبین و کاتێک نامێنێت هەست بە بۆشایی و پووچی دەکەین….
کێشەی تۆ چارەسەر نییە. کێشەکەت ئەوەیە کە ئێستا دەبێت مامەڵە لەگەڵ وەشانێکی تەندروستتر لە خۆت بکەیت… و ئەوەش لە خودی نەخۆشییەکە قورسترە.
ئەوەی جێگای سەرنجە نەخۆشەکە لێرەدا پسپۆڕێکی پزیشکی هەرە بەناوبانگ و چارەسەرکەرێکی نەخۆشییە دەگمەنەکانە. (تۆ بیخوێنەوە پرۆفیسۆر و ئاکادیمیست و سەرکردەی سیاسی و سەرۆک حزب و مەردمانێک کە هێشتا خۆیان بە ئێرانی و تورک و عێراقی و سووری دەزانن و بڕوایان بە سەربەخۆیی نەتەوەکەیان نییە و هەوڵی بۆ نادەن و گاڵتەیشی پێدەکەن و تەنانەت لەگەڵ داگیرکەریش دەستێکەڵدەکەن).
هەروەها لە دەروونناسی کۆمەڵایەتی و دەروونناسی دەسەڵاتدا ئەم حاڵەتە بە “بەدامەزراوەییکردنی سەرکوت” یان “سێندرۆمی سازان لەگەڵ داسەپاوی” ناودەبرێت، لە ئەنجامی ماوەیەکی درێژخایەنی ژێردەسەڵاتبوون و داگیرکاریدا، بەشێک لە ناسنامەی کۆ، تێکەڵ بەو چەوساندنەوە دەبێت و قوربانیی، دۆخی ئێستا و ئێرە بە سروشتی و نەگۆڕ دەزانێت، سەربەخۆیی و ئازادی بە نامۆ و ترسناک و ناڕاستەقینە وێنا دەکات، و ڕەنگە بەرگری لە بەردەوامیی چەوساوەیی و داگیرکراوی بە ئارگیومێنت بکات و تەنانەت توندوتیژی بە نیسبەت سەربەخۆییخوازیش بنوێنێت چونکی بە چەوسێنەری و داگیرکراوی ڕاهاتووە.
و لە کۆتاییدا، وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕستەیەی ڤۆڵتێر:
زەحمەتە ڕزگار کردنی ئەو نەزانانەی کە زنجیرەکانیان دەپەرستن.
