شیکارییەک بۆ شۆڕشی ژینا لە چوارچێوەی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەمدا
پێشەکی
لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی شۆڕش و لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەکرێت شۆڕشی ژینا بە نموونەی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەم هەژمار بکرێت. ئەم بزووتنەوەیە بە هۆی تایبەتمەندییەکانی وەک تۆڕیی و شوناسخوازی و بەجیهانیبوونی خێرا بە جیاواز لە ڕاپەڕینەکانی پێشووی کوردستان و ناوچەکە دادەنرێت. ئاخێزگەی ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستان نیشانی دا کە چۆن ناسنامەی کوردی دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ پێکهێنانی گوتارێکی ئەوپەڕنەتەوەیی بە جل و بەرگ و ناوەرۆکی کوردستانی.
باس
شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەم بە چەند تایبەتمەندییەکی سەرەکی جیا دەکرێنەوە:
ئاسۆیی و دیسانتراڵە و یەک سەرکردایەتیش نییە،
شوناس تەوەرە و جێندەر، پرسە نەتەوەییەکان و کەرامەتی مرۆڤ لە چەقیدایە،
ئاخێزی مەدەنی شارن،
لە ئایدیۆلۆژی تێدەپەڕن،
شەپۆلی ئیلهام بەرهەمدەهێنن،
مەیدانی خەبات دیجیتاڵی کراوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەکۆی سەرەکی ڕێکخستنن،
هێماتەوەری گرینگە و وێنە و دروشم و مۆسیقا و ڕەفتاری هێمایین دەبنە ئامرازی سەرەکی بەرخۆدان،
خۆجێیی-جیهانییە، لە بنەچەیەکی دیاریکراوەوە دەست پێدەکات و بە خێرایی دەبێتە جیهانی.
یەکتربڕینی جێندەر و شوناس لە بنەچەی کوردستاندا
گیانلەدەسدانی ژینای کوردستانی لە تاران بە هۆی سەرکوتکردنی پۆشش، ساتێکی تەقینەوەی خولقاند کە لە یەکتربڕینی دوو میحوەری ستەم، ڕوویدا:
چەوساندنەوەی جێندەری و ستەمی نەتەوەیی.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی مێژووی دوور و درێژی خۆڕاگری و شوناسخوازی، بەستێنێکی ئامادە بۆ ڕاپەڕین بوو و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە شۆڕشی ژینا، لە پەراوێزی ئێرانەوە هێنرایە ناوەندی کۆمەڵگا و سیاسەتی ئێران و وەرگێڕدرا بۆ زمانە جۆراوجۆرەکانی جیهان.
شوناسخوازی کورد لە بزووتنەوەی ژینادا لە سێ ئاستدا وێنا دەکرێت:
ئاستی لۆکاڵی: لە کوردستاندا شۆڕشی ژینا ڕەنگدانەوەی داواکاری مێژوویی بوو بۆ دانپێدانانی شوناس و زمان و فەرهەنگ و کەرامەتی بەکۆمەڵ.
ئاستی نەتەوەیی: دروشمی کوردی بزووتنەوە بە خێرایی لەلایەن نەتەوەکانی تر و شارەکانی دیکەی ئێرانەوە وەرگیرا و بوو بە زمانی هاوبەشی ئازادیخوازی.
ئاستی جیهانی: ئەم بزووتنەوە لە میدیا و تۆڕە فێمینیستەکانی جیهانیدا دەنگدانەوەی دۆزییەوە و ناسنامەی کوردایەتی ژینا بوو بە هێمای بەرخۆدانی ژنانی جیهان.
شۆڕشی ژینا وەک شۆڕشی نەوەی پەنجەم
بزووتنەوەی ژینا زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی نەوەی پەنجەمی هەیە:
تۆڕیی بوو، یەک سەرکردەی نەبوو، و چالاکوانانی ناوخۆیی ڕۆڵێکی سەرەکی و ناوەندییان هەبوو،
شۆڕشی مەدەنی شار بوو،
ئایدیۆلۆژیک نەبوو،
ئیلهامبەخش بوو،
ناسنامەتەوەر بوو و شوناس و ژن و زمانی کوردی بوو بە چەقی سیاسەت،
دیجیتاڵی بوو و ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە ژینا و شۆڕش بڵاو کرانەوە هۆکارێک بوون بۆ گشتگیری جیهانی،
ئەوپەڕنەتەوەیی بوو و لە سەقز و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا بەرلین و ئورووپا و ئامریکا دەنگ و ڕەنگی دایەوە،
ڕەمزی بوو و هێماکانی وەک پرچبڕین و دروشمی شەقام و بەرخۆدانی جەماوەری و کردەوەی بەرانبەر بە کوشتن و بریندارکردنی ژنان و گەنجان و پرسە و کۆڕی ماتەمینی و تەنانەت مانگرتنی گشتی، ئامرازی سەرەکی بەرخۆدان بوون.
شۆڕشی ژینا یەکێکە لە شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەم؛ بزووتنەوەیەکی شوناسخوازانە و تۆڕیی و جیهانی کە لە بەستێنی سیاسی-مێژوویی-کۆمەڵایەتی کوردستان دەستیپێکرد و بوو بە وێژمانی ئازادیخوازی جیهانی. هەوڵی کورد بۆ شوناس لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” نیشانی دا کە چۆن داواکارییەکی ناوخۆیی دەتوانێت ببێتە زمانی هاوبەشی بزووتنەوەیەکی جیهانی.
چەند پرسیار و وڵام لە چوارچێوەی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەمدا
پرسیاری یەکەم: ئایا ئەگەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ نەهاتبایەنە نێو شۆڕشی ژیناوە باشتر نەبوو؟
وڵام: لە شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەمدا، پێکهاتەی ئاسۆیی و دیسانتراڵ گرینگییەکی سەرەکی هەیە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی هێزە سیاسییەکان دەتوانێت پێچەوانەی لۆژیکی بزووتنەوەکە بێت، چونکە:
بزووتنەوەکانی نەوەی پەنجەم لەبری سەرکردایەتی پلەبەندیکراو، پشت بە چالاکیی خۆبەخۆ، خۆڕسک و ئاسۆیی دەبەستن.
هاتنە ناو کایەی ڕاستەوخۆی هێزە سیاسییەکان ڕەنگە ببێتە هۆی دەسبەسەرداگرتنی وێژمان یان دابەشبوون لەناو جەستەی بزووتنەوەکەدا.
تێبینی: بەڵام سڕینەوەی بەتەواوی گرینگی ڕۆڵی حیزبەکانیش یەکلایەنەیەڕوانینە، چونکە حیزبەکان دەتوانن سەرچاوە و ئەزموون و تۆڕەکانی خۆیان بخەنە خزمەتی بزووتنەوەکە.
بە پێی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەم، ڕەنگە هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی هێزە سیاسییەکان بە پێگەی سیاسی قورسەوە لە ساتەکانی زۆر سەرەتاییدا زیاتر زیانبەخش بووبێت و کۆماری ئیسلامی، بەخێرایی، بە فڕێدانی کێشەی نێوخۆیی و شەرعییەتی بزووتنەوەکە بۆ سەر هێزە سیاسییەکان و لە درێژەدا بە بۆردومانی بنکەی حیزبە کوردستانییەکان، یەکسەر بزووتنەوەکەی خاو کردەوە.
پرسیاری دووهەم: ئایا باشتر نەبوو حیزبەکان بە بەکارهێنانی کاریگەریی مێژوویی و سیاسی و ڕێکخراوەیی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بکەن؟
وەڵام: لە بزووتنەوەکانی نەوەی پەنجەمدا ئەگەر بیانەوێت کاریگەر بن، پێویستە حیزبەکان ڕۆڵی ئاسانکاری و پشت پەردە و ڕێوەبەری ناڕاستەوخۆ بگێڕن نەک سەرکردایەتی و ڕێوەبەری ئاشکرا.
ئەم ڕۆڵە دەتوانێت بریتی بێت لە دابینکردنی سەرچاوە، ڕاهێنانی چالاکوانان و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ تۆڕە نێودەوڵەتییەکان.
حیزبەکان بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەم، وەک پارێزەری یادەوەری مێژوویی، دەتوانن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەزموونی خەباتی خۆیان بگوازنەوە.
پرسیاری سێهەم: ئایا باشتر نەبوو سیاسەتی کوردی لە چوارچێوەی پرسی شوناسدا ڕوو لە دیپلۆماسی و دیپلۆماسی گشتی بکردایەت؟
وڵام: شۆڕشی ژینا توانستێکی زۆری هەبوو بۆ ئەوەی ببێتە کەیسێکی ناسنامەخوازی کوردی لە ئاستی جیهانی؛
بەکارهێنانی ئامانجدارانەی میدیای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تۆڕە فێمینیستە جیهانییەکان دەکرا دەنگی کوردستان زیاتر بگەیەنێت و بڵاوی بکاتەوە.
نەبوونی ستراتیژییەکی دیپلۆماتیکی هاوئاهەنگ ڕێگری لە بەدیهێنانی زۆرێک لە توانا نێودەوڵەتییەکان کرد.
پرسیاری چوارەم: بۆچی ئینتەرنێت داخرا؟
وڵام: داخستنی ئینتەرنێت بەشێکە لە ستراتیژی حکوومەتە پاوانخوازەکان لە بەرانبەر شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەمدا، چونکە گۆڕەپانی سەرەکی ئەم شۆڕشانە فەزای دیجیتاڵییە.
حکومەت بە داخستنی ئینتێرنێت هەوڵی تێکدانی ڕەوتی زانیاری و هاودەنگی ئاسۆیی و نوێنەرایەتی جیهانی دەدا.
ئەمەش دەریخست کە پشتبەستنی ڕەها بە فەزای دیجیتاڵی. لاوازییەکی جددییە و ڕێگەی بەدیل بۆ ڕێکخستن و پەیوەندیکردن پێویستە.
پرسیاری پەنجەم: ئایا پێویست بوو جەختکردنەوە لەسەر بنەمای شوناسخوازی بەردەوام بێت و هاوپەیمانییەکی کوردی لە دەوری ئەم میحوەرە دروست بکرێت؟
وڵام: لە چوارچێوەی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەمدا شوناس و کەرامەتی مرۆڤ، خاڵی هەرە سەرەکین. ئەگەر بزووتنەوەکە لە کوردستاندا توانیبایە لە دەوری هاوپەیمانییەکی یەکگرتووتری ناسنامەیی-سیاسی چالاکی بکات دەیتوانی یەکگرتوویی ناوخۆیی زیاتری هەبێت و خۆی وەک گوتارێکی سەربەخۆ لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا بناسێنێت.
نەبوونی هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە توانای بزووتنەوەکە بەهۆی کێبڕکێی ناوخۆیی یان پەرتەوازەیی لەنێو بچێت.
پرسیاری شەشەم: ئایا چوونە ناو هەر جۆرە پەیمانێک لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرایی بزووتنەوەکەی لەکارخست؟
وڵام: سەرەڕای دژایەتی کردنی حکوومەت، زۆرێک لە گرووپە ناوەندگەرەکان لە ئێران هێشتا دیدێکی یەکگرتوو و یەکپارچەیان بۆ “نەتەوەی ئێران” هەیە و کەمتر بایەخ بە مافی نەتەوەکان دەدەن.
پەیوەست بوونی لێبڕاوانە بەم جۆرە ڕەوتگەلە مەترسی بەلاڕێدابردنی ناسنامەی کورد و ناوەرۆکی شوناسخوازانەی شۆڕشی ژینای لێکەوتەوە.
لە لۆژیکی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەمدا، سەربەخۆیی وێژمانی و ناسنامەیی بزووتنەوەکە زۆر گرینگە؛ هەر نزیکبوونەوە و یەکگرتنێک لەگەڵ گێڕانەوە ناوەندییەکان دەتوانێت وزەی بزووتنەوەکە لە ڕێڕەوی سەرەکی خۆی لابدات.
ئاماژە بە چەند خاڵی لاوازی بنەڕەتی دیکە:
نەبوونی ستراتیژی هاوبەش و ئاسۆی درێژخایەن،
نەبوونی ڕوانگە یان بەرنامەیەکی یەکگرتوو،
نەبوونی ستراتیژی فرە قۆناغی،
بێتوانایی لە گۆڕینی شەپۆلی سەرەتایی هەست و سۆز بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی بەردەوام،
بێتوانایی لە گۆڕینی سروشتی ناسنامەی بەرخۆدان بۆ ناسنامەیەکی پلان بۆ داڕێژراو،
بێتوانایی لە مانابەخشی نێودەوڵەتی بە بەرخۆدانی خەڵک وەک توڕەیی ڕەوا،
لاوازی لە دروستکردنی تۆڕی بەدیل لە بەرانبەر کوژانەوەی ئینتێرنێت،
بەئامانجکردنی دەماری سەرەکی بزووتنەوەکە بە واتا ئینتێرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامی و نەبوونی ئامرازی بەدیل بۆ ڕێکخستن،
لەرزۆکبوونی هاوپەیمانی و کۆدەنگی جێندەری و شوناسخوازانە و بێتوانایی لە هاوئاراستەکردنی ئەم دوو ڕێچکەیە،
جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان،
جیاوازی درێژخایەن لە سەلیقەی سیاسیدا،
نەبوونی دامەزراوەی نێوەندگیری بۆ وەرگێڕانی داواکارییە ناوخۆییەکان بۆ ئاستی نیشتمانی و جیهانی،
زێدەڕۆیی لە گرینگیدان بە کردەی هێمایین بەبێ پەیوەندی بە کردەی ڕێکخراوەیی و سازمانی،
بێتوانایی لە ڕێوەبەری گێڕانەوە لە دژی زاڵبوونی پڕوپاگەندەی حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بێتوانایی لە شەڕی گێڕانەوەکان،
بێتوانایی دیاسپۆڕای کوردی لە پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و یەکپارچەی شوناس تەوەر بە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی سەقامگرتوو،
پشتگوێخستنی پێکهێنانی تۆڕەکانی پشتیوانی جێگیر،
ناسکی لە بەرانبەر وەرینی کات،
نەبوونی یادەوەری دامەزراوەیی،
پەیوەندی لاواز لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە،
نەبوونی دامەزراوە ناوخۆییەکانی خۆڕێکخستن،
نەبوونی ڕەوتی سیستماتیکی پشتیوانی ئابووری.
سەرەنجام
شۆڕشی ژینا دەتوانین بە یەکێک لە نموونەکانی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەم ناو ببەین کە خاوەن سێ تایبەتمەندی ناسنامەیی و تۆڕی و جیهانییە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست و یەکەمدا لە کوردستان ڕوویدا و ئەو تایبەتمەندییانەی کە تێیدا دەدۆزرێتەوە لێکچوونێکی زۆریان لەگەڵ ئەم جۆرە شۆڕشەدا هەیە. جگە لەو تایبەتمەندییانە، خاڵی لاوازیشی هەبوو کە نەیتوانی ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی هەبوودا بەهۆی نەناسینی تایبەتمەندییەکانی نەوەی پەنجەمی شۆڕشەکانەوە. لەم نووسینەدا هەوڵێک درا بۆ لێکۆڵینەوە لەم بزووتنەوە و تایبەتمەندی و لێکچوونەکانی و هەندێک لە لاوازی و کەموکوڕییەکانی لە سۆنگەی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەم.
وەکوو ڕستەی کۆتایی، خاڵێکی تری گرینگ لە شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەمدا، تێڕوانینی شۆڕشە وەک ڕەوتێک و نەک یەک ڕووداو، و خاوەن ڕوانگەی ماکرۆ و سیستماتیک و بزووتنەوەیەکی ماکسیمالیستییە کە لە زۆرینەی دروشمەکاندا وەکوو خواستی سەربەخۆییخوازانە ڕەنگدانەوەی بوو. لەسەر بنەمای ئەمەش دەتوانرێت ئیدعای ئەوە بکرێت کە شۆڕشی ژینا بە خزاندنە نێو هەموو ڕەهەندەکانەوە و بە بەرهەمهێنانی سەرمایەی هێمایین و مەزنەزەین، بەردەوامە و لە قاڵبی شەڕی ئیرادەکان، دواجار بەرەو شوناس تەوەری بەرنامەدار ئاراستە دەکرێت و ڕێگە دەکات.
بۆ خوێندنەوەی زۆرتر دەربارەی شۆڕشەکانی نەوەی پەنجەم:
the fifth generation of Revolution studies, part One : When, Why, and How Did it Emerge, Andrey Korotayev, Grinin, Vadim Ustyuzhanin, Egor Fain, Critical Sociology, 2024.
the Fifth generation of Revolution studies: part Two: A Systematic Review of Substantive Findings (Revolution Causes, Forms, and Waves), Andrey Korotayev. et al, Critical Sociology, 2024.
the Fifth generation of Revolution studies: part Three: A Systematic Review of Substantive Findings (Repression, Sucsess, and outcomes of Revolutions), Andrey Korotayev. et al, Critical Sociology, 2024.
