فیلمی مین و ڕوانینێکی خەسارناسانە بۆ پرسی سەربەخۆیی کورد
چیرۆکی فیلمی مین باسی سەربازێکی قەناس بەدەست دەکات کە دوای ئەرکێکی سەرنەکەوتوو لە بیابانێکدا، بە هەڵە هەنگاو دەنێتە سەر شتێکی ڕەق و پێی وایە کە مینە و بۆ ئەوەی لە تەقینەوە و مردن خۆی ڕزگار بکات ناچار دەبێت پێی بەرز نەکاتەوە و چەند ڕۆژێک لەو دۆخە سەختەدا بوەستێت و چاوەڕێی یارمەتی هێزی پشتیوان بکات.
لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی وەک تینوویەتی، برسییەتی، ماندوویەتی لە ڕادەبەدەر، گەرمای ڕۆژ و سەرمای شەو، مایک دەچێتە حاڵەتێکی نیمچە هۆشیارییەوە. لەم دۆخەدا پێداچوونەوە بە یادەوەرییە تاڵەکان و ململانییەکانی ڕابردووی ژیانی کەسیی و سۆزداری و پیشەیی خۆیدا دەکات. ئەو تێدەگات کە زۆرێک لە ڕووداوە خراپەکانی ژیانی لە ڕاستیدا مینی پەیوەندی و کۆمەڵایەتی بوون کە بە کاردانەوە دەستبەجێ و بەپەلەکانی تەقینەوە و هەموو شتێکیان لەناوبرد.
لوتکەی چیرۆکەکە و وانە گەورەکە لەو کاتەدایە کە مایک تێدەگات هیچ مینێک لە ژێر پێیدا نەبووە و ئەوەی مایکی بۆ چەند ڕۆژێک ئیفلیج کردووە تەنها سەری بووکەڵەیەک بووە.
مینە ڕاستەقینەکە خەیاڵی خۆی و ترسە دەروونییەکانی مایک بوو کە لەسەر شێوازەکانی کاردانەوە و ئەزموونەکانی ڕابردووی خۆی کاریگەری هەبوو.
ئەمە چیرۆکی ئەو کوردەیە کە هەمیشە لە بەرانبەر سەربەخۆیی، بە ئیدیعاگەلی جۆراوجۆر، وا لەو پرسە دەکات کە هیچ ئیمکانێکی بۆ نەبووە و نییە و نابێت.
وەهمی مەترسی و گریمانە ئیفلیجکەرەکان، ترس و گریمانە نەسەلمێنراوەکان، چەقبەستوویی و بەستەڵەک، کرداری غەریزی و کاردانەوەیی، دیلبوون لە ڕابردوو و کاردانەوەگەلی لەسەر بنەمای ڕابردوو، نەرێنی بینی، دوورکەوتنەوە لە بژاردە و هەڵبژاردنی نوێ و هۆشیارانە، نەبوونی بوێری لە بڕیاردانی یەکلاکەرەوە، ترسی زەینی و دەروونی و ترس لە ڕیسک و مەترسییە خەیاڵییەکان، و نەبوونی بوێری لە قبووڵکردنی ئالنگارییەکان، دەتوانرێت وەک خاڵەکانی لێکچوونی کوردی لەو چەشنە و مایک هەژمار بکرێت.
ئازادی مایک بۆ جووڵە پەیوەست بوو بە تێگەیشتن لەوەی کە هیچ مەترسییەک نییە.
بۆ ئەو تاقمە لە نەتەوەی کوردیش هەمان شت ڕاستە.
Mine (2016)
