لە “جیهان-ڕەنج”ەوە بۆ “کورد-ڕەنج”؛ ناسیۆنالیزمی درەنگکەوتوو و ماخۆلەی پەرشوبڵاوی
وێڵتشمێرتز (Weltschmerz)، زاراوەیەک کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا بووە جێی بایەخ، ئاماژەیە بۆ خەمۆکییەکی گەردوونی یان ئازارێکی ئۆنتۆلۆژی کە لە بەدیهێنانی بە ئازارەوە لە ململانێی ئاشت نەکراوی نێوان ئایدیاڵ و واقیعی ناتەواودا سەرهەڵدەدات.
ئەم دەستەواژەیە ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی پێشهاتە فیکری و سیاسییەکانی ئاڵمانی دوای ڕۆشنگەری پێکهاتبوو و لە ڕاستیدا بەرهەمی شکستی ئەو بەڵێنە گەورانە بوو کە لەسەر بنەمای عەقڵ و زانست و سێکۆلاریسم دامەزراون کە بەڵێنی نەزمێکی کۆمەڵایەتی تەواویان دەدا. بەڵام لەدوای شۆڕشی فەڕانسە و شەڕەکانی ناپلیۆن ئەم هیوایە داڕما و پاشەکشەیەکی فەلسەفیی لێکەوتەوە و بووە هۆی یاخیبوونێکی سۆزداری بەرانبەر بە وشکی لۆژیک و ئەو نەزمەی هەبوو کە جەختی لەسەر گرینگی هەستکردن و شهوود و جیهانبینییەکی قووڵ بەسەر ڕەفتاری عەقڵانیدا دەکردەوە. تاکی ڕۆمانسی کە لە دەستکەوتە بابەتییەکان و بیرۆکراسی ساردی مۆدێرنیتە بێهیوا بوو، پەنای بۆ جیهانی دەروون برد.
بەڵام لە ئاڵمان جگە لە ڕەوتی گشتی، ناسیۆنالیزمی درەنگکەوتوو و قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی-سیاسی وایکرد پەنابردن بۆ ڕۆمانسیزم و بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە زیاتر بەرچاو بکەوێت.
لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ئینگلیس و فەڕانسە توانیبوویان ناسنامەی خۆیان لە دەوری دەوڵەتی نەتەوەیی ناوەندی دابڕێژن، ئاڵمان وەک کۆمەڵێک دەوڵەتشاری پارچەپارچە مابووەوە. خەونی “ئاڵمانێکی بەهێز و یەکگرتوو” لە بەرامبەر واقیعی هەژموونی پرۆس و نەمسا و دەستێوەردانی زلهێزە دەرەکییەکان بەدی نەهات و ئەم دەستەواژەیە لە کایەی فەرهەنگیدا وەک بێهێزی و خەمێکی سیاسی بەرهەم هێنرایەوە. ئەم خەم و پەژارە تەنیا “خەمباری کەسی” نەبوو، بەڵکوو خەم و پەژارەیەک بوو کە بەهۆی دواکەوتوویی مێژوویی و شکستهێنان لە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دروست بوو. هەرچەندە ئاڵمانی ئازارچێشتوو لە ڕووی سیاسییەوە لاواز بوو، بەڵام لە ڕووی ڕۆحی و فەلسەفیەوە قووڵتر بووەوە.
ڕۆمانسیزم، و پەنابردن بۆ ئەم وشەیە لە ئاڵمان، میکانیزمێکی دەروونی کۆمەڵایەتی بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی سیاسەت. کۆمەڵگای ئاڵمانی ناهومێدی سیاسی خۆی گۆڕی بۆ باڵادەستییەکی کولتووری و مەعنەوی. ئەگەر سیاسەتمەداران نەیانتوانی دەوڵەتێکی یەکگرتوو دروست بکەن، فەیلەسوف و هونەرمەندان توانیان کولتوورێکی باڵاتر دروست بکەن، و بە پێکهێنانی “ڕۆحی نەتەوەیی”، “ناسیۆنالیزمێکی کولتووری درەنگکەوتوو” کە جەختی لەسەر قووڵایی زمان و ئەفسانە و فۆلکلۆری ئاڵمانی دەکردەوە نەک دامەزراندنی دامەزراوەی بەهێز خولقێندرا. وشەکە جۆرێک لە نیشانەی شەرەف بوو بۆ ڕۆحی هەستیار و ئازارچێشتووی ئەڵمانی کە ڕووکەشی جیهانی بابەتیی تێپەڕاندبوو.
شۆپنهاوێر بە تیۆری “ئیرادەی کوێر” وەک سەرچاوەی ئازاری بێکۆتایی، بەهێزترین بنەمای فەلسەفی بۆ ئەم حاڵەتە سۆزدارییە دابین کرد، و لە سۆزێکی ڕۆمانسیەوە بۆ ڕاستییەکی فەلسەفی بەرزی کردەوە.
کوردشمێرتز (Kurdschmerz)، ئازاری پەرشوبڵاوی نەتەوەی کورد، چ لە خاکی داگیرکراو و چ لە ڕەوەندی دەروونی و جەستەیی، ڕەنجێکە کە ئێستا بۆتە ئازار و خەمۆکییەکی تاکەکەسی و ڕەگ و ڕیشەی لە ئازارێکی پێکهاتەییدا هەیە.
کوردشمێرتز ڕەنجێکە کە لە دابەشبوونی سەرزەمینی و سیاسی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم پەرشوبڵاوییە فیزیکییە گۆڕاوە بۆ پەرشوبڵاوییەکی دەروونی و زانستی و ڕێکخراوەیی، بووەتە هۆی فرەیی گێڕانەوە و لەژێر کاریگەری سیستەمی پەروەردەیی و میدیایی و ئایدیۆلۆژیی گرووپی داگیرکەردا، بووە بە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گێڕانەوەی دژ بەیەک لە ناسنامەی کورد و مێژووی کورد و ئامانجی نەتەوەیی کورد. بە نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی، ئەگەری دروستکردنی “فەرهەنگێکی سیاسی یەکگرتوو” یان “مێژوویەکی فەرمی یەکگرتوو”ی ڕەتکردووەتەوە، کە تاقمگەری لە هەموو بوارەکاندا قووڵتر دەکاتەوە. بووە بە هۆیەک کە هێزی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویتری ناخودی بە تەواوی لەناوبردووە و بووەتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یەکتر و بێتوانایی لە مۆبیلیزەکردنی هێز و توانا لە سەر ئاستی نەتەوەیی.
ئەو ئازارانەی کە بە هۆی چەوساندنەوە و پارچەپارچەبوونی دەرەکییەوە دروست دەبن، بە شێوەیەکی نائاگایانە لە شێوەی ململانێ و دژایەتیی ناوخۆیی لە نێوان حیزبەکان، ناوچەکان یان ئایدۆلۆژییەکاندا بەرهەم دەهێننەوە و بە لادان و بەلاڕێدابردنی وزەی دەستەجەمعی و وزەی کۆ، وزەیەک کە پێویستە بۆ کۆکردنەوەی کۆی گشتی بۆ گەیشتن بە ئایدیالی گەورەی نەتەوەیی خەرج بکرێت، تێوەگلاوە لە ڕەوایەتیدان بە خودی ئەتۆمیزەکراو بەرامبەر بە خودێکی تری ئەتۆمیزەبوو.
کوردشمێرتز لەم واتایەدا دەرکەوتەی بێتوانایی لە گەیشتن بە “ئامانجی یەکگرتوو”یە و بێتوانایی بوونە بۆ پێکهاتنی “گشتایەتییەکی چڕ”.
هەردوو وێڵتشمێرتز و کوردشمێرتز نوێنەرایەتی ڕاستییەکی فەلسەفی-سیاسی دەکەن:
خەمە گەورەکان تەنیا هەستی کەسی نین، بەڵکوو کاردانەوەی ڕەوا و مانادارن بەرامبەر بە شکستی دامەزراوەیی و کارەساتە مێژووییەکان.
بەڵام لێرەدا جیاوازییە گرینگەکە ئەوەیە:
لە کاتێکدا کە وێڵتشمێرتزی ئاڵمانی دواجار بووە هۆی یەکگرتوویییەکی درەنگانی بیسمارکی، کوردشمێرتز وەک ڕەنجێکی بەردەوام و چالاک ماوەتەوە کە وەک بەربەستێکی پێکهاتەیی لەبەردەم یەکێتی سیاسی و فیکریدا کاردەکات و بووەتە ماخۆلەی پارچەپارچەبوون و ناتەبایی و ململانێ.
تێبینی یەک:
هانریش هاینە لە کۆبەرهەمی شێعرەکان، گۆتە لە فاوست و شۆپێنهاوێر لە جیهان وەک ئیرادە و نواندنەوە ئاماژەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بەم چەمکە کردووە.
تێبێنی دوو: بۆ زانیاری زۆرتر دەربارەی چەمکی وێلتشمێرتز بڕوانە بۆ:
Frederick C. Beiser
Wilhelm Alfred Braun
Johannes Heinßen
From Weltschmerz to Kurdschmerz; Late Nationalism and the Melancholy of Dispersal


No Comment! Be the first one.