سەرنجێک بۆ ئێروتیزم لە ئەدەب و فەرهەنگی کوردیدا
ئایا ئیرۆتیزم لە شیعر و ئەدەب و مۆسیقا و هونەری کوردیدا شەرمەزارییە؟ و ئەوەی دەگوترێت فۆلکلۆر و گۆرانی و پەندی کوردی نابێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی تر چونکە بابەتی ئیرۆتیکی بەهێز و هەرە ڕووت و هەست بزوێن و ورووژێنەری تێدایە، ئایا ئەمە بۆچوونێکی دروستە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ڕەنگە بتوانین بە ئاماژەدان بە ژۆرژ باتایل بگەینە تێگەیشتنێکی دروستتر و داوەرییەکی مەعقووڵتر.
کاکڵەی بیرکردنەوەی ژۆرژ باتایل سێ گۆشەی سەرپێچی، ئەمری پیرۆز و قوربانییە، سەرکوتی درێژخایەن بە واتای بڤە دێت و ئەم تابۆیە وەک فەرمانێک و دواتر بە ناوی نەزم دەسەپێندرێت. ئێستا، هەرچێک بڤە بەهێزتر و توندتر بێت، فشار بۆ سەرپێچی و ئەزموونکردنی ئەمری پیرۆز لە ڕێگای شکاندنی ئەم فەرمان و نەزمە چڕتر دەبێتەوە.
به بڕوای باتایل، ئەم کردەوەیه سەرەتا خۆی له قوربانیدان له پێناو ڕزگارییدا دەردەخات که ئەزموونێکی ئەمری پیرۆز بنیات دەنێتەوه، له قاڵبی مەرگ و سۆز، له کاتی شۆڕش یان خه باتدا ڕوودەدات و سنووره پچڕاو و لێکدابڕاوەکانی تاکەکان تێکدەشکێنێت و بەردەوامبوونێک و پێکەوەپەیوەستبوونێکی به کۆمەڵی بەهێز دروست دەکات یان ساخیدەکاتەوە. بەڵام لە قۆناغی دواتر یان هاوئاراستە و لە زەمەنێکی دیکەدا دەڕوات بەرەو ئیرۆتیزمێکی بەهێز، بە واتا دەربڕینی سەرپێچی لە قەڵەمڕەوی فۆلکلۆڕ و ئەدەب و هونەر و شێعر و گۆرانی، بەستێنێک کە تێیدا بڤەکانی تاک و تابۆی سێکسی لە شێوەی وشەدا دەشکێنرێت و، بە ناخودئاگا یان بە خودئاگا، هێزی سەرپێچیکردنی سەرکوتکراو دەبات بەرەو ئاراستەی دەربڕینی بەهێزتر لە مەیدانی فۆلکلۆڕ و هونەر و ئەدەبدا؛ دەربڕینێکی جێگرەوە بۆ هەمان وزە و ئەو سەرپێچییەی کە ناتوانرێت بە ئاشکرا لە ژیانی سیاسی و ژیانی شۆڕشگێڕیدا دەرببڕدرێت.
ئیرۆتیزم لە فولکلۆڕ و ئەدەب و شیعر و گۆرانی نەتەوەی کورددا، بە پێی ئەم خوێندنەوەیە، نەک تەنیا بۆ بەرگریکردن دەشێت و شەرمەزارکەر و عەیبە نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە دووپاتکردنەوەی ژیانی پڕ لە سۆز لە بەرامبەر مەرگی سیاسیدا.
*بۆ خوێندنەوەی زۆرتر بروانە بۆ ئەندێشە و بۆچوونەکانی “Georges Bataille”

