ئیسراییل و ئێران و ئەگەری شەڕی دووهەم بە پێی توێژینەوەکانی ئایندە
یەک. دۆخی ئێستای نێوان ئیسرائیل و ئێران لە توێژینەوەکانی ئایندەدا بە “خاڵی وەرچەرخان” یان “هەلۆکی فیدباکی پەرەسەندن” ناسراوە کە تێیدا دینامیسمەکە بەرەو ململانێیەکی کۆنترۆڵنەکراو دەڕوات.
دوو. بە پشتبەستن بە لۆژیکی توێژینەوەکانی ئایندە و شیکاری داینامیکی پەرەسەندن، نزیکەی هەموو توخمە بەرپێگرەکان (شکستی دیپلۆماسی، ئیفلیجی ئابووری ئێران، مەزنەقەیرانەکان، شەڕ بۆ مانەوە) نەهێڵراون و توخمەکانی هاندەری شەڕ (گوشاری هەژمۆنیکی ئیسرائیل، پەنجەرەی دەرفەتی ئیسرائیل، کاتی گونجاو بۆ دوایین زەبر پێش ئاستانەی ئەتۆمی ئێران، بنیاتنانەوەی توانای مووشەکی ئێران، ڕێکخستنەوەی بەڕپێگری نیابەتی، دەرچوونی ئێران لە چەقبەستوویی ستراتیژیک) بەهێزتر بووگن.
سێ. بە پشتبەستن بە مۆدێلەکانی تیۆری یارییەکان، زۆرترین چوارچێوەی ئەگەری، بریتییە لە “دووڕیانی زیندانی لەگەڵ ڕیسکی پەرەسەندن”؛ ئیسرائیل بە پەرەپێدان و هێرشی پێشوەختە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی هەژمۆنگەرایی و کۆتاییهێنان بە ئاگربەستی ناسەقامگیر، ئێران بە ڕێکخستنەوە و کڕینی کات و تۆڵەکردنەوە و بەرگری چالاکانە. لە ئەنجامدا دینامیسمەکە بەرەو پەرەسەندن-بەرزبوونەوەی ململانێ دەڕوات.
چوار. ڕێگای ئەگەری ئەوەیە کە سیستەمەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ڕاستەوخۆی کۆنترۆڵنەکراو هەنگاو بنێت؛ هەم “خوێندنەوەی هەڵە” و هەم “ڕووداوێکی قەیراناوی” لە بەرە جیاوازەکانی شەڕدا پاڕامێترگەلی کاریگەرن و ئەگەری سەرهەڵدانی “پاڕامێتری دەرەکی” بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ زۆر لاوازە.
پێنج. بەپێی مۆدێلی “تەڵەی توسیدید”، کاتێک هێزێکی تازەپێگەیشتوو، مەترسی لەسەر پێگەی دەسەڵاتێکی باڵادەست دروست دەکات، ئەگەری شەڕ زۆرە. ئیسرائیل پێگەی ناوچەیی خۆی وەک تاکە هێزی نافەرمی ئەتۆمی و هێزی سەربازی هەژمۆن لە دەوروبەری نزیک، دەبینێت. ئێران لە ڕێگەی پەرەپێدانی کاریگەریی ناوچەیی پڕۆکسی و بەرنامەی ئەتۆمی و توانا مووشەکییەکانەوە، زیاتر هەڵوێستی ئیسرائیل دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەوە. هەستی ئیسرائیل کە “نابێت دەرفەتی هەژمۆنگەرایی لەدەست بدات” و گەشەی تواناکانی ئێران کە ئامادە نییە ستراتیژییەکەی بگۆڕێت، بەتەواوی هەمان ڕەنگدانەوەی دینامیسمی تەڵەی توسیدیدە. واتە شەڕ بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە هەڵە تێگەیشتنەوە نەبێت، بەڵکوو لە ترسی بنەڕەتی دەسەڵاتی باڵادەستەوە بێت لە لەدەستدانی پێگەی خۆی.
شەش. “مۆدێلی شکستی بەرپێگریکردن” سەرنج دەخاتە سەر ئەو بارودۆخانە کە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە واتە بەرپێگریکردن شکست دەهێنێت لە ڕێگریکردن لە لایەنی بەرامبەر لە گرتنەبەری ڕێوشوێن. بەپێگریکردن کاتێک شکست دەهێنێت کە لایەنێک یان پێی وایە لایەنەکەی تر هەڕەشەکەی جێبەجێ ناکات، یان ئەگەر هەڕەشەکە ئەنجام بدات، تێچووی شکاندنی بەپێگریکردن کەمترە لە قازانجەکەی.
لە بارودۆخی ئێستادا، ڕەنگە هەردوولا بەهای بەڕپێگریی لایەنی بەرامبەر بە کەم بخەمڵێنن، ئەمەش ئامادەیی هەر لایەنێک بۆ گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی و دەسپێشخەری یان تۆڵەسەندنەوەی چالاکانە زیاد دەکات. ئەمەش سیستەمەکە بەرەو شەڕ پاڵدەنێت.
حەوت. مۆدێلی “تیۆری جەنگی پڕۆکسی” میکانیزمێکە بۆ کەمکردنەوەی ڕیسک و ململانێی ڕاستەوخۆ. ئەگەر ئامانجی سەرەکی لە ڕێگای پرۆکسییەوە نەتوانرێت بەدیبهێنرێت، مەترسی ململانێی ڕاستەوخۆ زیاد دەکات.
شەڕی پڕۆکسی لەبری ئەوەی ڕێگری لە شەڕی سەرەکی بکات، ئێستا بووەتە شوێنی هەڵدانی شەڕی سەرەکی، چونکە هیچ کام لە ئامانجە گرنگەکانی لایەنەکان لە بەرەی پڕۆکسیدا چارەسەر نەکراون.
هەشت. لە سیستەمێکی پەرەسەندندا، “خاڵی نەگەڕانەوە” کاتێک دەگاتە ئەو ئاستەی کە تێچووی سیاسی یان ستراتیژی پاشەکشەکردن بۆ لایەنێک لە تێچووی شەڕی ئەگەری زیاتر بێت.
کاتێک هەردوولا دەگەنە ئەم خاڵە، ئیرادەی سیاسی بۆ شەڕکردن زیاتر دەبێت، چونکە ئاشتی و پاشەکشە چیتر بژاردەیەکی قبووڵکراو نییە.
نۆ. توانای ڕێوەبەری کارەسات، چیدیکە قورسایی زۆر کەمی هەیە لە دۆخی ئێستادا بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندن و ڕێگە کردن بەرەو شەڕ.
گرینگترین چەمکەکان
Futures Studies
Game Theory
Tipping Point
Escalatory Feedback Loop
Escalatory Dynamics Analysis
Escalatory Prisoner’s Dilemma
Window of Opportunity
Thucydides’ Trap
Rising Power
Dominant Power
Deterrence Failure Model
Proxy War Theory
Exogenous Actor
Point of No Return
Catastrophe Management

