سۆمالیلەند؛ نموونەیەک بۆ پێناسەکردنی ئەندازیاری پێچەوانە
بەفەرمی ناساندنی سۆمالیلەند لە لایەن ئێسراییڵ، دەتوانرێت وەک نموونەیەک لە ئەندازیاری پێچەوانەی سیاسی، ستراتیژیک، ژێئۆپۆلیتیک یان هێژمۆنیکی ناوچەیی وێنا بکرێت.
لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ئێران هەوڵی دا لە چوارچێوەی ستراتیژی هیلالی شیعی، هێژمۆنی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بچەسپێنێت و بە شێوازی ڕێژەیی، سەرکەوتنیش دەستەبەر بکات. بەڵام هیلالی شیعی، تەنیا هیلالی خاکی نەبوو بەڵکوو هاوکات پلاندارێژیش دەکرا بۆ هیلالی شیعی ئاویش کە لە هەوڵدا بوو هاوکات کە دەستی بەسەر گەرووی هورمزدا گرتووە، لە ڕێگای یەمەن، کنترۆڵی “باب المندب” بکات و دواتر لە ڕێگای دیپلۆماسی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ میسر و هاوکات گوشاری هێژمۆنیکی مێحوەری موقاومەت بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی، کاناڵی سۆئێزیش لە ژێر کاریگەری دابنێت و بەم جۆرە، دوو هیلالی خۆی بۆ هێژمۆنی ڕەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەواو بکات و وەک دواتر چەمکی بۆ دانرا، ئەڵقەی ئاگر بکاتە ئامرازی گەمارۆی تەواو بە سەر گەورەترین ڕکابەری خۆی واتا ئیسراییڵ.
هاوکات لە هەوڵی ئەوەشدا بوو بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی و پڕۆکسی، سەرەتا بەرپێگری، دواتر هاوسەنگی و دواجار هێژمۆنی دەستەبەر بکات.
هاوکات ئیسراییڵیش لەم ساڵانەدا، هەموو هەوڵی دا کە بە پاراستنی باڵادەستی ئەتۆمی، سەرەتا بەرپێگری ئێران پووچەڵ بکاتەوە و دواتر، ئەویش هێژمۆنی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.
لێرەدا پێویست ناکات باسی ئەو وردەکارییانە بکرێت کە لەم چەن دەیەدا ڕوویداوە بۆ ئەو ململانییە چونکی بە زۆری باسی کراوە و سەرەنجام لە لووتکەدا بووە هۆی رووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئیسراییڵ و ئێران. سەرنجی سەرەکی ئەم بابەتە، گرینگی بەفەرمی ناساندنی سۆمالیلەند لە لایەن ئیسراییڵە کە چۆن وەکوو ئەندازیاری پێچەوانە، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ وڵاتی ئیسراییڵ کە دوای پاشەکشەپێکردنی هیلالی خاکی، هەوڵی باڵادەستی ئێران لە هیلالی ئاوی، پووچەڵ بکاتەوە و لە ڕێگای ئەم وڵاتە نوێیە، بە کۆنترۆڵی نیابەتی “باب المندب”، شادەماری دەریایی شاخی ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، بخاتە ژێر هێژمۆنی خۆی.
ئەمە نموونەیەکە لە ستراتیژی ئەندازیاری پێچەوانە کە وەکوو کێوی سەهۆڵین، بەشێکی بچووکی لە ڕووی سەر ئاوەوە دیارە و بووە بە هۆی کاردانەوەی گەورەیی ناوچەیی و نێودەولەتی بەڵام زۆرینەی کێوەکە لە ژێر رووی ئاوە کە گەرەنتی چەسپاندنی باڵادەستی ژێئۆپۆلیتیک و هێژمۆنیکی ئیسراییڵ لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات.

