خۆدەرباز کردن لە سواڵکەری سیاسی لە ڕوانگەی ململانێی بوون
ململمانێی بوون چییە؟
بۆچی لە ڕۆانگەی ململانێی بوون، فێدراڵێسم و کۆنفێدراڵیسم و ئۆتۆنۆمی و دێمۆکڕاتیزە کردنی ئێران، هەڵەی کوشندەیە؟
بۆچی “کێشەی بەردەم ئێمە تەنیا کۆماری ئیسلامییە” هەڵەیە؟
بۆچی ئەم جۆرە ڕوانیننە لە هزر و سیاسەتدا لەمپەری بنەڕەتییە؟
ململانێی بوون، کێشەی سنوور و سەرچاوە و پشکی دەسەڵات نییە، باسی “کێ بوون” و “حەق”ە، باسی ئەوەیە کە ڕێگای ناوەڕاست بوونی نییە، سازانی سەقامگیر بوونی نییە، باسی سڕینەوەی لایەنێکە لە لایەن لایەن یان لایەنگەلی دیکەوە، باسی تواندندنەوە و داماڵین و گۆڕاندن و وەرگۆڕانە، باسی ژیانێکی سەرشۆڕانەیە، باسی سفر و یەک بوونە، باسی ئەوەیە کە بوونی کورد وەک ئەوەی خۆی دیهەوێت، سەرەکیترین تاوانە، باسی ئەوەیە کە ئەگەر ئەویدی ئەمنییەتی دەوێت من نابێت بوونم ببێت و بمێنێت، باسی ئەویدییەکی بێگانەیە بۆ ئەو کە بوونی تۆ، شێوازی ژیان و خۆشبژیوی ئەو دەخاتە مەترسییەوە، باسی ئەوەیە کە بوونی فیزیکی و واتایی تۆ، مەترسییە بۆ یەکەی سیاسی ئەو، باسی ئەوەیە کە تۆ گورگی بۆ ئەو (هابز).
لە ململانێی بووندا، کێشەکە خواردن یان تەنانەت زەمین نییە بەڵکوو بەڵگەی بوون و ئازادی یان کۆیلە بوونە (هێگێل)، شەڕی کەلەپوورە لە سەر ئەو شتەی کە هەیت (هانتیگتۆن)، بۆ ئەستاندنەوەی مرۆڤایەتییە بەرامبەر سیستەمێک کە تۆ ئینکار دەکات (فانۆن)، ئۆبژە دەبێ بسردرێتەوە و دوژمنی وجوودییە (شمیت)، کێشەی ئەمنییەتی وجوودییە (ئەتزیۆنی)، خەسارهەڵگری بوونە، و مەرگی تەنانەت شیاوی ماتەمین نییە (باتلەر)، جەنگی وجوودییە دژی داهاتووی نەتەوەیەک (لاتۆر)، ململانێی ئەمنییەتی ئۆنتۆلۆژیکە (میتزەن)، سیاسەتی مەرگ و دۆخی بە هەڵواسراوەیی هێشتنە تا کۆتایی بێت (مێمبێ)، بە فەرمی نەناسینی مافی یەکەی سیاسی و هێشتنەوە لە نادڵنیایی وجوودی هەتاهەتاییە (وەنت)، و هتد.
بۆیە بە ئامانجکردنی سیاسەتی کوردی لە چوارچێوەگەلی فێدراڵی و ئۆتۆنۆمی و خۆسەری، چۆنیێەتی ڕێوەبەری وڵاتێکە کە هی تۆ نییە، نەک خاوەنداری نەتەوەیەک کە خاوەنی چارەنووسی خۆیە، سپاردنی چارەنووسی بوونی نەتەوە و سەرزەمینێکە بە ئیرادەی لە گۆڕانی ئەویدییەک کە خۆی بە سەر تۆدا سەپاندووە، دانوستاندنە لە سەر شێوازی کۆیلایەتی و لادانە لە ئەسڵی ڕزگاربوون.
لە ڕوانگەی ململانێی بوون، تەنانەت مافی چارەی خۆنووسینیش خواستێکی هەڵە و نەگونجاوە؛ ماف، خواست، یان ئیرادە؟ بۆ هەبوون، شەرعییەت وەرگرتن؟ جێگۆرکێی ئەسڵ و فەرع؟ سپاردنی بابەتی وجوودی و ژیانی بە دیپلۆماسی و بورۆکڕاسی؟ ڕێگەدان بە بنبەستی شەرعییەت؟ خواستی یاسایی لەرزۆک؟ گرێدانی بوون بە داڵانەکانی بەڕژەوەندی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی؟ و هتد.
فێدراڵی و ئۆتۆنۆمی و خۆسەری و چی و چی ئێژێت: جارێک بێ لە تەنیشت من لە پارلمان، ئاقڵ و ماقووڵ دانیشە، چەکەکەت دابنێ، مەدەنی بە، جا قسەی لێدەکەین، بە کوردی خۆمان، جارێک با دیانەکانت بکێشم و دواتر شێڕدا بۆ داپیڕدا؛ مافی چارەی خۆنووسینیش دەفەرمی جارێکان تەمایەر بە بزانین بارودۆخەکە چۆناوچۆن ڕێکی دێت، بە کوردی خۆمان بە تەماتە بە.
کورتی بکەمەوە پرسی کورد، ململانێی بوونە، لەم ڕوانگەوە، هەر چەشنە داخوازییەک لە چوارچێوەی ئێراندا، لە خۆشبینانەترین ڕوانیندا، سواڵکەری سیاسییە و تەنانەت مافی چارەی خۆنووسینیش، سپاردنی کلیلی بوون و نەبوونە بۆ داڵانە تاریک و ڕوون و تەنگەکانی بەناو ڕیاڵیسم و بەڕژەوەندی لێکئاڵاوی مار و مێروو….
چۆن خۆت دەرباز دەکەی؟
کلیلی زێڕین، ئەم ڕستەیە:
من چارەنووسی خۆم دیاری کردووە، هەنووکە پێویستە جیهان لەگەڵ ئەم واقیعەدا خۆی بگونجێنێت.
Existential Conflict


No Comment! Be the first one.