بۆچی هەمیشە لە دۆخی دۆڕان-دۆڕان یاری دەکەین؟
لە ستراتیژی دانوستان و گفتوگۆ و بەشداریکردن لە کۆنفرانس و کۆنگرەدا ماتریکسێکی سادە هەیە، بەو گریمانەی کە دەبێت لە عەقڵیەتی “چەقەچەق لەسەر وردەکارییەکان”ەوە بگوازینەوە بۆ “ئەندازیاریکردنی دۆخەکە”.
ئەم ماتریکسە دانوستان بەپێی دوو میحوەری سەرەکی دابەش دەکات:
گرنگی پەیوەندی (ئاسۆیی) و گرنگی ئەنجام (ستوونی).
شیکاری
یەک. ستراتیژی کێبڕکێ – “بردنەوە-دۆڕان”.
بارودۆخ: گرنگی ئەنجامەکە زۆر بەرزە، بەڵام گرنگی پەیوەندی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر کەم یان هەر نەبووە.
لە پرسی کورددا ئەمە کاتێکە کە باس لە “بنەما بنەڕەتی” و “بۆ دانوستان نابێ” دەکەین (وەک مافی حاکمییەتی نەتەوەیی، مافی سەربەخۆیی، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەیی، هەڕەشەی وجوودی، پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ).
لێرەدا پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ حاکمییەتی ئێرانی (چ حکومەت بێت یان ئۆپۆزسیۆن) گرنگ نییە؛ ئەوەی گرنگە بەدەستهێنان یان پاراستنی دەستکەوتە.
چ تاکتیکێک بەکاربهێنین؟
بەکارهێنانی ئەهرۆمی گوشار،
قاتعییەت لە گوتار،
پاشەکشە نەکردن لە هێڵە سوورەکان.
دوو. ستراتیژی هاوکاری- “بردنەوە-بردنەوە”.
بارودۆخ: هەم ئەنجامەکە زۆر گرنگە و هەم پاراستنی پەیوەندییەکی درێژخایەن پێویستە.
ئەم ستراتیژە لە کارلێککردن لەگەڵ “هاوپەیمانە ستراتیژییەکان” و زلهێزە جیهانییەکان کە دەتوانن دان بە ناسنامەی نەتەوەیی و سەربەخۆیی ئێمەدا بنێن، بەکاردێت. ئێمە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێین کە هەم بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد مسۆگەر بکات و هەم هاندەرێک بێت بۆ هاوپەیمانەکانمان بۆ پشتیوانی و پشتگیری.
کام تاکتیک بەکار بهێنین؟
شەفافییەت لە ئامانجەکاندا،
داهێنان لە پێشکەشکردنی ئەو بژاردانەی کە بەهای زێدە دروست دەکەن،
دروستکردنی متمانەی دوولایەنە.
سێ. ستراتیژی سازان – “یاری ناوەڕاست”.
بارودۆخ: کاتێک کات سنووردار بێت و هەردوولا دەیانەوێت بگەنە ئەنجامێکی خێرا، تەنانەت ئەگەر داواکارییەکانیان سەد لە سەد جێبەجێ نەکرێت.
ئەمە ئامرازێکی “پراگماتیزمی بنەڕەتیی”ە. هەندێک جار بۆ دەستەبەرکردنی قازانجێکی بچووک، بە شێوەیەکی کاتی دەستبەرداری داواکارییەکی گەورەتر دەبین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێگەیەکی باشتر دروست بکەین.
کام تاکتیک؟
دابەشکردنی جیاوازییەکان،
مامەڵەی “ئەمە بەرامبەر بە ئەوە”،
ڕوانین بۆ کات وەک فاکتەری ستراتیژیک.
چوار. ستراتیژی خۆپاراستن– “دۆڕان-دۆڕان” یان “دواخستن”
دۆخ: نە ئێستا دەرئەنجامەکە گرینگە و نە پەیوەندییەکە شایەنی تێچوونەکەیە.
ئەم ستراتیژییە کاتێکە کە لایەنی بەرامبەر هەوڵ دەدات ئێمە بکێشێتە ناو دانوستانێکەوە کە سەرکەوتنی تێدا نەبێت و تەنها کات و وزەی نەتەوەیی و سیاسەتی نێوخۆیی بەفیڕۆ دەدات. لێرەدا پێویستە لە “بێدەنگی ستراتیژیک” و “دوورکەوتنەوە لە بەشداریکردن” کەڵک وەربگرین بۆ ئەوەی “شەرعییەتی درۆینە” بە دیوەکەی دیکەی گفتوگۆکە نەدەین.
چ تاکتیکێک بەکاربهێنین؟
دواخستن،
پشتگوێخستنی هاندەرەکان،
گرنگیدان بە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ لەبری ئەوەی کات بەفیڕۆ بدەین لەسەر مێزە بێ ئەنجامەکان.
تێبینی:
پێش دانیشتن لەسەر هەر مێزێکی دانوستان، یان بەشداریکردن لە کۆنفرانس یان کۆنگرەیەک، پێویستە ئەم ماتریکسە بکێشین و پرسیار بکەین:
لایەنی بەرامبەر لە کام خانەدا وەستاوە؟ (ئایا بەدوای دەرپەڕاندن و بەلارەڕێدابردن و سڕینەوەیە یان مامەڵە و گرێبەستێک؟)
بەهای پەیوەندییەکە چەندە بۆ داهاتوو؟ (ئایا ئەمە دۆخێکی هەمیشەیی یان کاتییە؟)
چاوخشاندنێکی ورد بە سەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی پەنج دەیەی ڕابردوودا بە ناوی دانوستان، دیالۆگ، ئەنجوومەن، شۆرا، ئێئتلاف، تەشەکول، کۆنفرانس، کۆنگرە و مەنشوور، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەرئەنجامی هەموویان لە پێگەی چوارەمدا، واتە یاری دۆڕان-دۆڕان، بووە، کە نەک هەر هەنگاوی ڕوو لە پێشەوە نەبووە بەڵکوو توانا و وزە ناوخۆییەکانی دیکەی لەکار خستووە و وەکوو نەریتێک بووە بە خولانەوە لە بازنەدا و بەفیڕۆدانی دەرفەتەکان.
بۆ خوێندنەوەی زیاتر:
The Thomas-Kilmann Conflict Mode Instrument (TKI) by Kenneth W. Thomas and Ralph H. Kilmann.


No Comment! Be the first one.