ڕیالیزمی ساختە، پراگماتیزمی ئیفلیجکەر؛
بە ڕوانین بۆ سێ نموونەی کۆنگرەی ئازادی ئێران، دەنگی ئامریکا، بەرساختی ئێرانی دێمۆکڕاتیک (بەم زوانە بەڕێوە دەچێت)
ئەم نووسینە بە ئاوڕدانەوە لە دوو چەمکی ڕیالیزمی ساختە و پراگماتیزمی ئیفلیجکەر، کارتێکەرییەکانی ئەم دوو کۆنسێپتە لە سەر حیزب و نوخبە کوردەکان لە کۆنگرەی ئازادی ئێران، دەنگی ئامریکا و بەرساختی ئێرانی دێمۆکڕاتیک دەکۆڵێتەوە.
ڕیالیزمی ساختە (Cynical/ Pseudo- Realism) ئاڵۆزییەکی مەعریفی و ئایدیۆلۆژیکە. لەم حاڵەتەدا نوخبەکانی ژێر دەسەڵات “واقیعی سەپێنراو و باڵادەستیی ناوەند” وەک “یاسایەکی نەگۆڕی سروشتی” قبووڵ دەکەن، تووشیاری هەڵەیەکی مەعریفی دەبن، توانای وێناکرنی داهاتوویەکی جیاواز لەدەست دەدەن و هەر بیرۆکەیەکی ڕزگاریخوازانە بە وەهم و ڕادیکالیزمی کوێر و نەبوونی پشتیوانی نەزمی جیهانی و بێتوانایی لە گۆڕینی نەزمی دامەزراوی هەبوو دەزانن.
پراگماتیزمی ئیفلیجکەر (Paralyzing Pragmatism) بەڵام بژاردەیەکی ڕەفتاری و قازانجخوازە. لێرەدا مەرج نییە نوخبەکان هەڵەیەکی مەعریفی ئەنجام بدەن؛ لەوانەیە لە خەڵوەتی خۆیاندا بزانن کە سەربەخۆیی مافی خۆیانە و ناوەند داگیرکەرە، بەڵام بەهۆی “حیسابکردنی تێچوون- قازانج بۆ پاراستنی مانەوەی هەبوو” پەنا دەبەنە بەر بەرهەڵستکاری. ئەم پراگماتیزمە بەم هۆکارە ئیفلیجکەرە کە “مانەوە”ی لە “رزگاری” پێ باشترە و جووڵە گەورەکان بە بیانووی “پاراستنی دەستکەوتە بچووکەکانی ئێستا” قفڵ دەکات.
ڕیالیزمی ساختە، لە ڕاستیدا بە بارمتەگرتنی ئەقڵانیەتە و لە تیۆرییەکانی بەدامەزراوەییکردنی ستەمدا، ئەم فاکتەرە ئاماژەیە بۆ ئەو ساتەی کە ئامێری ئایدیۆلۆژیک یان بورۆکراتیکی گشتی، سەرکەوتوو دەبێت لە دیکتەکردنی پێناسەی خۆی لە ئەمری مومکین بە سەر مێنتاڵیتەی دەوروبەردا.
میکانیزمی دەروونی لەم حاڵەتەدا بە جۆرێکە کە نوخبە وابەستەکراوەکان، چ لە شێوەی حیزبدا وەک قەوارەیەکی حقووقی بێت یان خود نوخبەی سیاسی و فیکری وەک کەسایەتی حەقیقی، پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوەند و سنوورە نێودەوڵەتییە هەبووەکان و هاوسەنگی دەسەڵاتی ئێستا بە هێندە ڕەق و ئەبەدی دەبینن کە هەر چەشنە ستراتیژییەک بۆ دابڕان، بە خۆکوژی ناوزەد دەکەن. ئەوان بە هەڵە ڕیالیزم بە تەسلیمبوون بە فاکتەرە هەبووەکانەوە دەزانن.
دەرئەنجامە دەروونییەکانی ئەم مەرجە ئەوەیە کە وێناکرنی سیاسی ناو نوخبەکان دەکوژێت و لەبری ئەوەی بپرسین “چۆن دەتوانین دۆخی ژیۆپۆلێتیک بە قازانجی سەربەخۆیی بگۆڕین؟”، نوخبەکان کە گیرۆدەی ڕیالیزمی ساختەن، بەردەوام دەڵێن: “بەو پێیەی دۆخی ژیۆپۆلیتیکی بەم شێوەیەیە، ئێمە ناتوانین هیچ بکەین.” ئەوان خۆبەخشانە ڕۆڵی چاودێرانی بێلایەن یان شرۆڤەکارانی بێتوانایی خۆیان و گەلەکەیان دەگێڕن و ژهر دەکەنە گیانی بزووتنەوە و مێنتاڵیتەی نەتەوەیی.
بەڵام پراگماتیزمی ئیفلیجکەر؛ بە سادەترین مانا، قوربانیکردنی ئاسۆیە لە کوشتارگەی ڕۆژانەبیری و ڕۆژانە بژیوی دا.
ئەم فاکتەرە بە تایبەتی لە گێڕانەوەی نوخبەکاندا دەکۆڵرێتەوە کە تەنانەت شوێنێکی بچووکیان لە بورۆکراسی یان پێکهاتە پەراوێزییەکانی پەیوەست بە کۆی گشتی بەدەستهێناوە و ڕێکخستنەکەیان بووەتە “دامەزراوەیەکی مەسڵەحەتگەرا”.
لە لێکۆڵینەوە لە میکانیزمی سایکۆلۆژیدا، لەم ئاستەدا، سەراتی یەکەمی حزب یان نوخبەی سیاسی، چیتر ئازادی یەک نەتەوە نییە، بەڵکوو پاراستنی مانەوەی ڕێکخراو و فەرمانگە و بودجەی سنووردار و کاناڵەکانی دان و ستانی (نە دانوستان) ئێستایە. ئەمەش پراگماتیزمی ئیفلیجکەرە چونکە هەر کارێکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ، ئەم نەزم و ئاسایشە نیمچە داخراوە دەخاتە مەترسییەوە.
لە پەیوەندی لەگەڵ دەرئەنجامە دەروونییەکەدا، پێویستە ئەوەش بگوترێ کە نوخبەکان، لەژێر کاریگەریی ئەم گۆڕەوەدا، بەردەوام پڕۆژەی ڕزگاری بۆ داهاتوویەکی نادیار دوادەخەن و بە وشەی سەرەکی وەک “ئێستا کاتێکی گونجاو نییە”، “دەبێت هەنگاو بە هەنگاو ڕێگە بکەین” و “نابێت هەستیاری ناوەند بورووژێنین”، ئیرادەی گشتی کۆمەڵگا دەخەسێنن؛ دۆخێک کە پرۆسەی خەبات دەگۆڕێت بۆ بورۆکراسییەکی ڕۆژانەی بێزارکەر و بێ کەڵک.
باس
لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار ئەوەمان بیستووە کە:
“لەبەرئەوەی ئامریکا بە سەربەخۆیی کورد ڕازی نییە یان دراوسێکانمان دەوریان داوین، ئەوا سەربەخۆیی مەحاڵە”،
کورد بە تەنیا ناتوانێت بیکات،
پێویستە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران بگەینە ڕێککەوتن،
بۆ گەیشتن بە پلاتفۆرمێکی هاوبەش، پێویستە تەنانەت چەمکی نەتەوەی کورد بۆ ئێتنیک یان “ملیت” بچووک بکرێتەوە،
ئەگەر پێویست بکات فیدراڵی و کۆنفیدرالیزم و ئۆتۆنۆمی سڕ دەکەین،
دیموکراسی لە داهاتووی ئێراندا مافی کوردەکانیش دەستەبەر دەکات،
ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نییە،
پێشمەرگە نانێرینەوە بۆ قەتڵگە (بۆ ڕزگاری کوردستان)،
سیاسەتی چاوەڕوانی، تەدبیری حەکیمانەیە،
ئێمە پڕۆکسی هیچ لایەنێک نین،
ئێمە گارانتیمان دەوێ (بۆ ڕزگاری خاکی خۆمان)،
ناسیۆنالیزمی کوردی ناسیۆنالیزمێکی بیر تەسکە،
ئێمە پابەندین بە “تمامیت ارضی” و یەکپارچەیی سەرزەمینی،
ژن، ژیان، ئازادی دروشمی زێڕینی ڕزگارییە،
کردەوەی مەدەنی بە ئامانجی کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەڵکای دێمۆکڕاتیک لە پێشینەی کارە،
پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و برایەتی گەلان،
هەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێراندا تەنیا و تەنیا لە ناوەوە ڕوودەدات (بخوێنەوە: لە تارانەوە) (و هەر بۆیەش بکەرایەتی خەڵکی کوردستان فەرعە لە ئەسڵ)،
نا بۆ شەڕ،
بەرخۆدانی چەکداری دژی هێزی ئێران مەحکوومە بە شکست و…
بە چاوخشاندن بە چوارچێوەی زەمەنی سێ مانگی ڕابردوو و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە کۆنگرەی ئازادی ئێران، وتارەکان، دەستوور و وتووێژەکانی دواتردا تێپەڕیوە، ئاوڕدانەوە لە تەفسیری شەبانگاهی چاودێری باڵای کوردی دەنگی ئامریکا و چاوپێکەوتنی کوردەکانی ئەم میدیایە لە بەشی کوردی و فارسی و بە گریمانە بۆ کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناوی “برساخت ایران دموکراتیک”، پێکهاتەی میوانەکان، و ئەو بابەتانەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا باس دەکرێن، دەتوانرێت هەست و دەرک بە کاریگەری و زاڵبوونی دوو چەمکی ڕیالیزمی ساختە و پراگماتیزمی ئیفلیجکەر بکرێت کە لە سەرەتای نووسینەکەدا باسی کرا.
وەک خاڵی کۆتایی دیسان جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ڕەنگە ئەم ڕەخنەیە بکرێت کە سەرەڕای ئەوەی کە بەناو کۆبوونەوە یان کۆنفرانسی “برساخت ایران دمکراتیک” هێشتا ئەنجام نەدراوە، چۆن دەکرێت وەکوو نموونە بهێنرێت؟ پێویستە بگوترێ ئەو ناوەی کە بۆی هەڵبژێردراوە، پێکهاتەی بەشداربووان و ئەو بابەتانەی کە بۆ کۆبوونەوە و وتارەکان ناسێنراون، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پیشان دەدەن کە هەمان ڕێبازی ڕیالیزمی ساختە و پراگماتیزمی ئیفلیجکەر بەردەوام دەبێت.
*بۆ زانیاری زیاتر لەسەر چەمکەکانی ڕیالیزمی ساختە و پراگماتیزمی ئیفلیجکەر، ئەم بابەتە بخوێنەرەوە:
Identity, colonial mentality, and decolonizing the mind: exploring narratives and examining mental health implications for Filipino Americans, Ashley M. Decena, Smith College, SMITH COLLEGE, 2014.
هەروەها:
Between Past and Present: The Sociopsychological Constructs, of Colonialism, Coloniality and Postcolonialism, Licata L.,& Volpato, C., International Journal of Social Psychology, (2018).
Colonial Mentality: Psychological Impact of Colonialism. Inside: The Psychological Impact of Oppression, David, E.J. R,. & Nadal, K.L. Emerald Publishing (2013).


No Comment! Be the first one.