بۆچی مردن کۆمان دەکاتەوە
یەک: کۆمەڵگایەک کە بەدەست تڕۆمای مێژوویی ناخودئاگا و دابڕانی پێکهاتەیی و نائەمنی دەروونی درێژخایەن دەناڵێنێت، لە حاڵەتە ئاساییەکاندا تووشی دڵەڕاوکێی سەرگەردان دێت. ئەم دڵەڕاوکێیە لە شێوەی ململانێی توندی نێوان گرووپ، شەڕاشۆیی ئاسۆیی، شەڕانگێزی بەرامبەر بە گرووپە سیاسییە خۆماڵییە ناخودەکان و ناهاوسەنگی دەروونی بەکۆمەڵ خۆی دەردەخات.
بەڵام کاتێک مردن ڕوودەدات، ئەو ئازار و دڵەڕاوکێ دەروونییە بەکۆمەڵە ناڕوونە لەناکاو هێمایەکی بابەتیی و جەستەیی دەدۆزێتەوە. مردن دەبێتە شۆکێکی جەستەیی بەرچاو کە گێژاوی دەروونی کۆمەڵگا دەوەستێنێت.
دوو: ململانێی زێدەڕۆیانە لە حاڵەتە ئاساییەکاندا دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی وزەی دەروونی سەرکوتکراوە. کوژران بە دەستی ئەویدی، شۆکێکی توند دروست دەکات کە دەبێتە هۆی دەردانی سۆزداری لەناکاو. کۆمەڵگا لە قۆناغی توڕەیی و شەڕانگێزییەوە دەگۆڕێت بۆ قۆناغی ماتەمینی و هاوسۆزی و ماتەمینیش دەگۆڕێت بۆ هەستێک کە بە پێچەوانەی توڕەییەوە مرۆڤەکان لە یەکتر نزیک دەکاتەوە.
سێ: هەندێکجار قەیرانێکی توندی وەک کوژران، کۆمەڵگا لە قەیرانێکی درێژخایەن و ململانێیەکی سەرتاسەری ڕزگار دەکات و کۆمەڵگا دەگاتە فۆکۆسێکی هاوبەش. ئێستا هەموو کەسێک ئازارێکی بەرجەستە و دیار و بەرچاوی هەیە کە باسی بکات و بۆی بگری و چیدیکە پێویست ناکات ڕووبەڕووی ئازاری دەروونی ژێر پێستی و ئاڵۆزی خۆی ببێتەوە.
چوار: لەو کۆمەڵگایانەی کە تووشیاری کۆتڕۆمان، زۆرجار ململانێی نێوگرووپی لە ئەنجامی نەبوونی یەکگرتوویی پێکهاتەیی دروست دەبێت.
بە شێوەیەکی ئاسایی مرۆڤەکان تەقەی فیزیکی و زمانی لە یەکتر دەکەن، چونکە دوژمنێکی بابەتیانە و ئامانجێکی هاوبەشیان نییە یان پێی ڕاهاتوون. بەڵام کوژران و ئازاری جەستەیی، سنووری گرووپەکە دیاریدەکاتەوە و بیریان دەخاتەوە کە هەمووان ملکەچی ئەم خەسارەن. لە ئەنجامدا ئازاری جەستەیی لەدەستدان، جێگەی ئازاری دەروونی ناسنامە یان بێ ئامانج دەگرێتەوە.
پەنج: لە بەرامبەر ئازارێکی دەروونی درێژخایەن و ئاڵۆز و کۆنترۆڵنەکراودا کە وەک ناهاوسەنگییەکی بەکۆمەڵ خۆی دەردەخات، کۆمەڵگا ناخودئاگا بەدوای خاڵێکی بەرجەستەی کێشکردندا دەگەڕێت. مردنی تاکێک یان تووشبوون بە ئازاری جەستەیی وەک ئەو خاڵە کێشکردنە کاردەکات؛ ئازارە دەروونییە ناڕوونەکە دەگۆڕێت بۆ خەمێکی بەرچاو کە هەستپێکراوە و بۆ گریان و هاوسۆزی دەبێت و لە ئەنجامدا ئارامی و ئاسوودەیییەکی کاتی دروست دەبێت.
شەش. مردنی ئەندامێک لە کۆمەڵگا دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو ئەندامانی گرووپەکە خۆیان وەک هاوبەشێک لە زیان و هەڕەشە جەستەییە بەرجەستەکراوەکاندا ببیننەوە. لەم ساتەدا هەموو ناکۆکی و ململانێ بچووکە ناوخۆییەکان کاڵ دەبنەوە، چونکە هەستکردن بە هەڕەشەی بوون سێبەر دەخاتە سەر هەمووان.
حەوت. مردنی جەستەیی لەناکاو هێمایەکی ڕوون و حاشاهەڵنەگر بۆ ستەم و ئازاری هاوبەش دروست دەکات. ماتەمینی ڕێگە بە کۆمەڵگا دەدات وزە دەروونییە چڕەکان و تووڕەیی ناوەوە کە پێشتر پێشکەشی یەکتریان دەکرد، بگۆڕن بۆ هاوسۆزی هاوبەش.
هەشت. گرووپگەلی تووشیاری تڕۆمای چارەسەرنەکراو جۆرێک لە پەیوەندی نەرێنییان هەیە بەو مانایەی کە لە دەوری دەستکەوتە ئەرێنییەکان کۆنابنەوە، بەڵکوو لە دەوری ئازاری باو و کوژران پەیوەندییان هەیە و کۆدەبنەوە.
نۆ. مردن یان کوژران شۆکدەرێکی دەروونییە کە ململانێ پەرشوبڵاوەکان ڕادەگرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم هاودەنگییە پشت بە ئازارشکێنێکی کاتی دەبەستێت، کاتێک هەستی ماتەمینی کەم دەبێتەوە، کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ ناوخۆییەکان و سووڕی دڵەڕاوکێ.
تاکی کورد پێویستە دەربازی ئەم سووڕە بێت کە وەک قەفەسێک، مێنتاڵیتە و دەروونی، گیرۆدە و ئەسیری خۆی کردووە و نە شەرمە و نە عەیبەش کە لێرەدا، هەبوونی دەروونناس و دەروونشیکار و ڕەوانپزیشک بۆ تێپەڕین لەم خەسارە کە چیدیکە تەنیا خەسار نییە و بووە بە دیاردە، لە نانی شەو و لە سیاسەتیش پێویستترە.
سەرچاوەکان:
Karen Horney, The Neurotic Personality of Our Time, W. W. Norton & Company, 1937.
John Dollard, Neal E. Miller, Leonard W. Doob, O. H. Mowrer, Robert R. Sears, Frustration and Aggression, Yale University Press, 1939.
Sigmund Freud, Group Psychology and the Analysis of the Ego, International Psycho-Analytical Press, 1921.
Sigmund Freud, Mourning and Melancholi: The Standard Edition of the Complete Psychological Works of Sigmund Freud, Vol. 14, Hogarth Press, 1917.
Émile Durkheim, The Elementary Forms of Religious Life، Free Press, 1912/1995.
Randall Collins, Interaction Ritual Chains, Princeton University Press, 2004.
Vamik Volkan, Bloodlines: From Ethnic Pride to Ethnic Terrorism, Farrar, Straus and Giroux, 1997.
ت.ب تایبەت: خوێندنەوەی توێژینەوەکانی وڵکان بۆ پسپۆڕانی کورد، پێویستە


No Comment! Be the first one.