ئاشتکردنەوەی فێمێنیزم و ناسیۆناڵیزم
ئیرلەند، نموونەیەکی جوانە کە چۆن فێمێنیستە ئیرلەندییەکان و فێمێنیزمی ئیرلەندی، ناسیۆناڵیزمیان لە قاڵب داوە، پێشەنگی بووژانەوەی کولتووری ئیرلەند بووگن و بە هاوبەشی لەگەڵ پیاوانی ئیرلەند، لە ناو زەریای چالاکی سیاسی، لە فێربوون و فێرکردنی زمانی ئیرلەندی تا بەشداریکردن لە شۆڕشی چەکداریدا، چالاکیان کردووە؛ هەزاران ژنی ئیرلەندی کە لە بازنەکانی ناسیۆناڵیزمدا تێکۆشانیان کردووەو تەنانەت لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیرلەند، جۆرێک ناسیۆناڵیزمی مێینەیان بنیات ناوەو هاوکات، هێڵێکی فێمێنیستی بەهێزیان پاراستووە.
ئاشتکردنەوەی فێمێنیزم و ناسیۆناڵیزم، دەبێتە ئەرکێک کە هەموو گرووپێکی گەورەی ناسیۆنالیستی ژنان لە ئیرلەند، ڕووبەڕووی دەبێتەوەو هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی، خەبات بۆ یەکسانی جێندێریش دەکات. ناسیۆناڵیزم و فێمێنیزم، کارلێکدەکەن و هەریەکەیان، ئەویدیکە لە قاڵب دەدات، زمانەکانی ڕزگاری نیشتمانی و ژنانە، بە شێوازیکی ئاڵوگۆڕ، بەکار دەهێنراو پێوەندییەکی بەرفراوان و قووڵی لە نێوان ئەو دوو عەقیدە درووست دەکردو هەردووکیانی دەخەستە جوولەی زۆرتر.
دیبۆرا وێب، ناسیۆنالیست و فێمێنیستی ئەو سەردەمە دەبێژێ: دوو بزووتنەوەی هاوشێوە، وەک ئەوانەی کە ئازادی مرۆڤ درووست دەکەن، بێگۆمان دەبێ پێکەوە پێشکەون. هەر بۆیە زۆرجار گوتراوە کە شۆڕشی ئیرلەند، باشترین واقعییەتە بۆ خوێندنەوەی شۆڕشە مۆدێڕنەکان.
شۆڕشی ژینا لە کوردستان، بە ڕوانین بە هەموو ڕەهەندەکانی، هەر لە ژینای گیانبەختکردوو تا پێشەنگایەتی ژنان و ئەکتی هاوکاتی شوناسخوازانەو یەکسانیخوازانە، نموونەی ئاشتکردنەوەی فێمینیزم و ناسیۆناڵیزمە لە کوردستان، ئەو ڕاستییە دوای زۆرتر لە یەک سەدە، دەهێنێتەوە سەر زەوی واقێع کە دوو بزووتنەوەی هاوشێوە، وەک ئەوانەی کە ئازادی مرۆڤ درووست دەکەن، بێگۆمان دەبێ پێکەوە پێشکەون….
ئەم وتارە بخوێنەوە:
Revolutionary Women, Senia Paseta, The Oxford Historian, Univefsity of Oxford, 2014-2015