ئایا ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک، فەزیلەتی مەدەنی بۆ کورد دەستەبەر دەکات
لە ڕوانگەی یاسایی، شارۆمەند کەسێکە کە ئەندامی فەرمی کومەڵگایەکی سیاسییەو چاوەڕوانیگەلی مەشرووعی لە حکومەت هەیە. شارمەند بەرانبەر بەم چاوەڕوانییە هاوکات ئەرکیش دەکەوێته سەر شانی کە پابەندی یاسا بێت، ڕێزی لێبگرێ و ئامادەش بێت گەر سەرپێچی یاسایی کرد سزاش بدرێت.
ئەمە سەرەتاییترین پێناسەی شارۆمەندی مەدەنی و ئەرکی مەدەنییەو لەوانەیە بە دێمۆکڕاسیش بشوبهێندرێ. لە بەر ئەوەیە کە تەنانەت سیستەمێکی پاوانخوازیش، زۆرجار بە پشتبەستن بەم پێناسەیە، ئێدعای دێمۆکڕاتبوونیش دەکات و لەوانەیە یاساکەی تەژی لە بنەماگەلی دێمۆکڕاسی بێت بەڵام دێمۆکڕاسی، تەنیا پێویستی ملکەجبوونی یاسا یان خاڵە دەستوورییە دێمۆکڕاتیکەکان نییە بەڵکوو گرینگترین پێویستی، بەشداری چالاکانەی شارمەندانە لە ڕەوتی سیاسی. ئالێرەدایە کە ناوەرۆکی حکومەت و حاکمییەت و ڕاستی و ناڕاستییەکانی دێمۆکراتیکبوون خۆی دەردەخات.
با فەرز کەین کە وڵاتێک وەکوو ئێران، دێمۆکڕاتیک دەبێ و ئەم دێمۆکڕاسییە لە یاساو کارکرد، ڕچاوی چەمکی شارمەندی مەدەنی و ئەرکی مەدەنی بە نیسبەت تاکەکان دەکات، ڕێگە بە بەشداری چالاکانە لە ڕەوتی سیاسی دەدات، خەڵک بەرانبەر بە یاسا یەکسانن، تێلۆڕانس و تەحەمولی بە گوێرەی پێویستە، عێداڵەتی ڕێژەیی بوونی هەیە، خەڵک لە خۆشبژیویدا دەژین و پابەندبوونی دوولایەەنەی حکومەت- شارمەند، بوونی هەیە.
گەرچی ئەم گریمانەگەلە فەرزی مەحاڵە بەڵام بە فەرزی هەبوونیان، لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوەو ئەویش ئەوە کە ئایاکوو لەم حاڵەتەدا تاکێکی کورد، هەست بە “فەزیلەتی مەدەنی” دەکات؟
فەزیلەتی مەدەنی لە کەمترین پێویستی و پێداویستییەکانی دێمۆکڕاتیک تێدەپەڕێت، و دۆخی ناوەوەی ئەو کارەکتەرە دەگرێتەوە کە بە بەردەوامی لە کردەی ستایشکراودا، خۆی دەردەبڕێت، بۆیە بیرکردنەوە لە شارۆمەندبوون لە ڕوانگەی فەزیلەتی مەدەنییەوە، پێویستی بە پرسیارکردن هەیە کە چ جۆرە هەڵوێست و ئەرک و چالاکییەکان ڕێزی لێبگردرێ، بەرەوەپیریی بڕوات و قبووڵ بکرێت لە نێو شارمەنداندا بۆ ئەوەی کورد بتوانێت کردەی ستایشکەرو ستایشکراوی خۆی لەگەڵیدا دەرببڕێت.
ئایا هاووڵاتییەکی کورد کە چووەتە قۆناغی خودئاگایی نەتەوەیی و هەست دەکات کە بەشێکە لە نەتەوەیەک و مافی ئەوەی هەیە بەرپرسیارییەتی چارەنووسی خۆی بگرێتە ئەستۆ، دەتوانێت هەست بە فەزیلەتی مەدەنی بکات؟ ڕەنگە ئەمە سەرەتایەکی باش بێت بۆ ئالنگارییەکی جددی کە هەڵبژاردنی ئێرانێکی دیموکرات وەک ئامانج، ناتوانێت فەزیلەتی ئەو خەڵکە دابین بکات کە خۆیان بە نەتەوە ناودەبەن و سەربەخۆیی و سەروەری نەتەوەیییان دەوێت….
بۆ خوێندنەوەی زۆرتر بڕوانە بۆ:
Civic Duties, Civic Virtues, and the Brriers to Effective Citizenship, Cristopher A. Callawi, Human Rights Magazine, Vol 43. No 2.
Civic Virtue, Ian Champ, Angie Gordon, Michelle Indiano, 2013
ئایا ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک فەزیلەتی مەدەنی بۆ کورد دەستبەر دەکات
September 27, 2023
2 Mins Read
202
Views