ئەحە بچکۆلەکانی جیهانی یەکەم، ئاواتارەکانی جیهانی دووهەم
جیهانی دووهەم (second Life) لە یەکەمین یارییەکانی ئێنتێرنێت بوو کە مرۆڤ تێیدا بە دڵی خۆی، عەرزێکی ئاوەدان دەکردەوەو بە پێی خواست و سەلیقەی خۆی و بەکەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵێک یارمەتی کە یارییەکە پێیدەدا، بەرەو پڕۆژەگەلی ئاوەدانکردنەوە، گەشە سەندن، شەڕ، وڵات ساز کردن و فەرمانڕەوابوون دەڕۆیشت و جیهانێکی بۆ خۆی ساز دەکرد کە ئاوێنەی خولیاکانییە. جیهانی دووهەم کە دواتر یاریگەلێکی دیکەیش لە ڕووی ئەوە دروست بوو، ئەوەندە سەرنجڕاکێش بوو کە فەرمانڕەواکەی تەنانەت لە جیهانی حەقیقی جودا دەکردەوەو لە ڕاستیدا ئەو جیهانە دەسکردە دەبوو بە حەقیقەتی ژیانی کاربەرەکەی.
ئەم جیهانە خەیاڵییە سازکردنە خۆی لە خۆیدا ئەگەر لە ئاستی یاری بمێنێتەوە زۆریش چێژی هەیەو دەتوانێ ئارامی ببەخشێ بەڵام کاتێک تێکەڵ بە حەقیقەتی جیهان بکرێت دەبێتە کێشەی زۆر جیدی بە تایبەت کاتێک ڕووکردێکی توندڕەوانە دەگرێتە خۆی، وەهمی زانیاری و هێز دروست دەبێت، سنوورەکانی ژیان، بە دروستی هەڵناسنگێندرێ و هاوسەنگی تواناو بێتواناییەکان ڕچاو ناکرێت.
گرفتی گەورەتر کاتێک سەرهەڵئەدات کە کۆمەڵگا ناتەندروست بێت، نەتەوەیەک لە پڕۆسەی خەبات بۆ ڕزگاریدا بێت، مرۆڤەکان لە ژێر دەسەڵاتی پاوانخوازی و سەرکوتدا بن و خوێندنەوەی دروست بۆ هێزی خودو تواناکانی ئەویدی نەکرابێت یان تاکەکان هەڵگری ئایدیۆلۆژی ڕادیکاڵی بن یان خود، تووشیاری دیاردەدەی “کەمایەسی کەڵەکەکراو” بن. لێرەدایە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەنگە توندڕەوانە کە هەریەکەو خاوەنی جیهانی دووهەمی خۆیەتی و بە کەمتر لە زۆرترینەکان، ڕازی نابێت جیهانی یەکەم بەرەو کارەساتی نوێ دەبات.
بە پێی کۆمەڵێک توێژینەوە، ئایدیۆلۆژیسم، ئایینپەرستی، ڕاسیسم، دژەکۆچبەری و ناسیۆناڵیسم، لەبارترین کێڵگەن بۆ توندڕەوی جیهانی دووهەم لە پانتایی حەقیقەتی جیهانی یەکەم.
٭٭٭٭
بریکارەکانی ڕادیکاڵبوون ئەو کەسانەن کە قسەی توندڕەوانە بەکاردەهێنێن بۆ ڕاکێشانی تاکەکان کە پلەی جیاوازی لاوازییان هەیە و لەوانەیە هەستی قوربانیبوون یان ڕەتکردنەوە، کێشەی شوناس، یان هەندێک لاوازی کەسی یان کۆمەڵایەتی پیشان دەدەن. بریکارەکانی ڕادیکاڵبوون جیهانبینییەکی سادە و ڕەش و سپی پێشکەش دەکەن کە هەندێک بیروباوەڕ وەک شتێکی ئاشت نەکراو و دژایەتی یەکتر نیشان دەدات.
بریکارەکانی ڕادیکاڵبوون، چ لە جیهانی ڕاستەقینە یان مەجازی (واتە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە)، هەوڵدەدەن دەستکاری بیرکردنەوەو تێڕوانینە ڕەواکانی مرۆڤەکان بکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵەیەکی تایبەت لە نیگەرانییە ئایدیۆلۆژییەکان یان ئەجێندایەکی سیاسی بەرەوپێش ببەن. ئەوان وردە وردە،” بینەرەکانیان هان دەدەن کە پرسە کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و سیاسییەکان، بەرەو ڕەشی ڕەها یان سپی ڕەها ببەن و لە سەر ئەو ئەساسەیش، پلان و بەرنامەی بۆ دابڕێژن.
ئەم بریکارانەی توندڕەوی، پەیامێکی زەق و تووڕە، یان هەندێکجار بە سادەیی نیگەرانکەر بڵاودەکەنەوە، بەبێ ئەوەی کراوە بن سەبارەت بە مەبەستێک بۆ هاندانی بانگەوازێک بۆ کردەوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی- بەرامبەر بە کەسێکی دیکە، گرووپ یان بەرەو کەسانی دیاریکراو.
هەروەها بریکارەکانی ڕادیکاڵبوون بە زووترین کات بەرەوە جەمسەربەندی دەڕۆن و هەمیشە، بڵیندگۆیەکی دەرەکیش بوونی هەیە کە بە قسەی زەرق و بەرقدارو وشەی هەمە پەسەن، ئەم جەمسەربەندییە بەرەو ڕەها بوون ڕێنوێن بکات. جاری وا هەیە کە تەنانەت ئامانجەکانیش دەگۆڕدرێت و ئامانجی سەرەکیش لە ژێر شەپۆلی ئەم توندڕەوییە، پەردەپۆش دەکرێت….
٭٭٭٭
هەموومان لە شاروگوندو ناوچەی خۆمان، ئەحە بچکول و ئەحە بووچکەل و ئەحە چکۆلێکمان بووەو دەزانین ئەم کەسایەتیگەلە چۆناوچۆن لە دەرەوەی تواناکانی خۆیان، ئیدعاگەلی سەیرو سەمەرەیان بووەو خۆیان بە پاڵەوان شوبهاندووەو….
ئەحەکانی جیهانی دووهەم لە سەردەمی ئێستادایشدا لە جیهانی کوردی، بە خۆشوبهاندن بە ئاواتار، قەڵشێکی گەورەیان نێوان حەقیقەت و مەجاز خولقاندووە….
ئەم وتارەیش بخوێنەوە:
EX-POST PAPER, Free speech, extremism and the prevention of radicalisation in higher education 8-9 February 2018, Manchester (UK)
ئەحە بچکۆلەکانی جیهانی یەکەم، ئاواتارەکانی جیهانی دووهەم
December 1, 2023
3 Mins Read
163
Views