بۆچی هەڵدەکوتینە سەر یەکتر
دووانەیی وجودی، دووفاقی، توندوتیژی ئاسۆیی
“گافمەن” و “فریرە” باسی ئەوە دەکەن کە مرۆڤی ژیر دەستەو ستەملێکراو لە لایەکەوە خوازیاری سەربەخۆیی لە ستەمکارو داگیرکەرن، هەوڵی ئازادی و سەربەستی و ڕزگاری ئەدەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە وەک ستەمکار بیر دەکەنەوەو بەهاکانی ئەویان لە خۆیاندا بە دامەزراوەیی کردووە، لاسایی ئەو دەکەنەوە، وەکوو ستەمکارەکەیان بیر دەکەنەوەو وەک ئەو هەڵسووکەوت دەکەن و تەنانەت وشەکانی ئەو دووپات دەکەنەوەو ئانجا تێدەپەڕن بۆ قۆناغی “توندوتیژی ئاسۆیی”. ئەوان چونکی پێشتر بڕوایان هێناوە کە ناتوانن داگیرکەرەکەیان شکست پێبهێنن، واتە کەوتوونەتە بۆسەی “ئاگایی کۆیلە” و “ڕوانینی چارەنووس ساز، “هێرش دەکەنە سەر گرووپ و خەڵکی خۆیان، بێمتمانەیی بە یەکتریان تێدا چێ دەبێت، نەفرەت لە یەکتر دەکەن، یەکترین ئەتک دەکەن و ….
لە دووانەی وجوودی و دووفاقی، تاکی ستەملێکراو و ژێر دەستە، هاوکات کە هەوڵئەدات بۆ ڕزگار بوون لە ستەمی داگیرکەر، بۆ خۆیشی، وەکوو داگیرکەر، لەگەڵ هاوچارەنووسەکانی خۆی مامڵە دەکات.
گافمەن و فریرە، بە دوو نموونە ئاماژە دەکەن. یەکەم کەڕەکان کە سەرەتا بۆ باشتر بیستن و پێوەندی باشتر گرتن، سەمعەک بەکاردێنن و زمانی ئاماژە فێر دەبن بەڵام دواتر کاتێک ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕوانینی واتادار دەبن یان هەست دەکەن خەڵکی ئاسایی، جۆرێک سەیریان دەکەن تەنانەت ئامادە دەبن سەمعەک و زمانی ئاماژەش وەلانێن سەرەتاو دواتر ئەوانیش وەک خەڵکی دیکە، سووکایەتی بە کەڕەکانی دیکە بکەن.
هەروەها وەک نموونەیەکی دیکە، باسی ڕەشپێستەکان دەکەن کە هەوڵئەدەن لە هەڵاواردن بەرانبەر سپی، خۆ ڕزگار کەن بەڵام هاوکات و لە قۆناغێکدا سپی بیر دەکەنەوە، سپی هەڵسووکەوت دەکەن و دواتر سپی دەڕوانن بۆ هاوڕەگەزەکانی خۆیان و دەکەونە نێو توندوتیژی ئاسۆیی و سووکایەتی بە یەکتر.
سەیرێکی کوردی خۆمان ئەگەر بکەین ئەم دووانەی وجوودییە، ئەم دووفاقییە، ئەم توندوتیژی ئاسۆییەش، دەرک پێدەکرێ کە هەم لە بواری کۆمەڵایەتی، هەم فەرهەنگی، هەم ناوچەیی، هەم زاراوەیی، هەم لە سیاسەت و حیزبایەتی دەبینرێت و دەکرێت.
لەوانەیە دوو پەندی کوردی “….بە خاڵۆژنی خۆی فێرە” یان “بە کەر ناوێرێ بە کۆپان ڕەپەڕەپییە” تا ئەندازەیەک پێوەندییان بەم بابەتەوە بێت….
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە بۆ:
Characteristics of Oppressed and Oppressor Peoples: Their Effect on the Interpreting Context, Charlotte Baker-Shenk, NCIEC