بەردەوام بێ ئازادی کوردستان بە خوێنی من
زندە باد آزادی کوردستان بە خون من
شەهید کردنی جەنابی پێشەوا و هاوڕێیانی
ساڵی ۱۳۲۵ی هەتاوی تێپەڕبوو و ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی بەسەرداهات. ئێوارەی ۱/۹/ ١٣٢٦ی هەتاوی (١٩٤٧/۳/۲۹ی زایینی) که ڕۆژی یەکشەممه بوو له حەوشەی بینای ستاد که ئێستا شارەوانییه، نزیک به پازده کەس سەرباز و گرووهبانی ژاندارمەری دە هاتووچودا بوون و بەردەوام دەنگی مشار و تەقەی چەکوچ و بزمار دەهات. له مەحكەمەی ئێمەڕا که دراوسێی ستاد و بەرزتر بوو به باشی دەبیندران بەڵام نەماندەزانی خەریکی چ کارێکن. نزیک ئێوارە، کارەکەیان کۆتایی هات و بێدەنگ بوون. شەو داهات و هەموومان بو نان خواردن چووینه خزمەت بابم. نزیک به ۳ کاتژمێر له خزمەتی دا بووین. بابم وەک دڵی ئاگای کردبێ بێتاقەت و نیگەران بوو.
“مەلا ساڵح لەتیفی” و کاک “محمەد قەزاق” ناسراو به مەمی خان له مالی ئێمه بوون و “میرزا عەبدوڵا”ی برام و من، پێکەوه چووینەوه مەحكەمه. ئەوان نوستن بەڵام خەو له چاوانی من تۆرابوو. منیش هەستم به سامناکی و خەفەتێکی نەناسراو دەکرد. شار ده تگوت قەبرستانێکی گەورەیه. بێدەنگێکی سامناک و ناخۆش، ئاسمانی شەوی داگرتبوو.
كات له نیوەشەو تێپەڕ ببوو. تەنیا دەنگێک که بێدەنگی شکاند هاڕەی ئۆتۆمبیلێکی سەربازی بوو. هات و له دەوری چوارچرا وەستا. من هەستام و له پەنجەرەڕا که دەیڕوانییه سەر چوارچرا سەیرم کرد. سێدارەکانم بینی که دەیانچەقێنن. دوای ماوەیەکی کورت، وڵات چۆڵ بوو و کەس لەوێ نەما. هەروا کڕ و مات بووم. نازانم خەوالوو بووم یا نەمدەویست بزانم چ روودەدا. له سەر جێگەکەم ڕاکشامەوه.
چاوم له بەری میچ بڕیبوو و بیرم دەکردەوه. له پڕ دەنگی شێرانه و پڕ له هەیبەتی پیشەوا، سامناکی و بێدەنگی شەوی شکاند. به هه مو توانای گوڕاندی:
“زنده باد آزادی کوردستان به خون من”. واته: “بەردەوام بێ ئازادی کوردستان به خوێنی من”.
ئەو ڕستەیەی به فارسی گوت تا جەلادەکان لێی تێبگەن.
من که بەخەبەر بـووم ئاسایی بوو گوێم لێبێ بەڵام مەمی خان که له خەودا بوو بەو دەنگه ڕاپەڕی و گوتی: چ قەوماوه؟ ئەو دەنگه چ بوو؟ کاتێک خۆمان گەیانده بەر پەنجەره پەیکەری بێ وێنەی پێشەوا به داری بێدادەوه ڕادەژا. خۆم پێنەگیرا. به پەله بەرەو خوار هەڵاتم تا بابم لەو کارەساته ئاگادار بکەم. بەڵام نەمزانی کەی و چۆن، سەربانی ماڵی ئێمەیان گرتبوو. سەربازێک ڕووی تفەنگی تێکردم و گوتی: بڕۆوه ژوور دەنا تەقەت لێدەکەم. گوتم: تینوومه، دەچم ئاو دەخۆمەوه.” بەو قسەیه خۆم گەیانده بەر دەرگای ژووری بابم. له دەرگام دا، دایکم دەرگای لێکردمەوه، بابم وەخەبەر هات و فەرمووی: “بو هاتووی؟” گوتم: “ئەو ڕۆژەی لێی دەترساین وەدیهات، پێشەوایان شەهید کرد.
بابم که ئەوەی بیست سەری به دەستەکانی گرت و دەستی کرد به گریان. کاتێک چوومەوه مەحکەمه دیتمان که جەنابی “محەمەد حوسێن خان سەیفی قازی” یان هێنا. کاتێک چاوی به تەرمی ئەو شەهیده کەوت خۆی ڕاپساند. سەرەڕای ئەوەی دەستیان له پشتەوەڕا بەستبووه، به شەق پەلاماری دوو ئەفسەری دا. له پاشان زۆری جنێو پێدان. به چەند کەس ئەو کەڵه پیاوەیان بۆ ڕانەدەوەستا. به زۆر بردیانه سەر کاپووتی ئۆتۆمبیلێکی بەرزی سەربازی و تەنافیان له گەردنی کرد. کاتێک ئۆتۆمبیلەکه کشاوه تەنافەکه توانای ڕاگرتنی ئەو جەسته و قامەته شێرانەی نەبوو. پسا و جەنابی محەمەد حوسێن خان کەوته خوار. دیسان هەڵیانهەستاندەوه و دوباره له سێدارەیان دا. له کۆتایی دا جەنابی “سەدری قازی” یان هێنا، بردیانه سەر کاپووتی ئۆتۆمبیلەکه و تەنافیان له ملی کرد. ئۆتۆمبیلەکه پاشەوپاش کشاوه و ئەویش هەڵواسرا. ئێمه گوێمان له قسەکانی شەهید سەدر نەبوو بەڵام سەربازەکان گێڕابوویانەوه که جەنابی سەدر، کاتێک چاوی به تەرمی پێشەوا دەکەوێ دەڵێ: “برادر بزرگوارم پیشوای کردستان مرا آزاد (حلال) کن. این من بودم فریب وعده های دروغین قوام السلطنه را خوردم و نگذاشتم آنچه در ذهن داری را به مرحله ی اجرا درآوری. اگر فریب این دروغ را نمی خوردم تو به آسانی تسلیم این بزدلان نمی شدی. مرا ببخش.” واته: “برای گەوره و بەڕێزم، پێشەوای کوردستان، بمبووره و گەردنم ئازا که، ئەوه من بووم فریوی بەڵێنه درۆکانی قەواموسەڵتەنەم خوارد و نەمهێشت ئەوەی بیری لێدەکەیەوه بیکەی به کردار. گەر من بڕوام به دروکانیان نەکردبا تۆ به ساکاری، خۆت ڕادەستی ئەو خوێڕیانه نەدەکرد. بمبووره.
بەو جۆره خۆری ژیانی ئەو سێ شەهیده ئاوا بوو و به بەر چاوی منەوه گیانی پاکیان تیکەڵ به یەزدان بوو. ئێستا که ئەو بیرەوەرییه دەنووسم نزیک به شەست ساڵ تێپەڕیوه به لام ئەو دیمەنه هیچ کات له بەر چاوم کەم ڕەنگ نەبووه و خەفەتیان له دڵم دەرنەچووه.
بەیانی کاتێک هەواڵی ئەو کارەساته له شار گەڕا بنەماڵەی جەنابی پێشەوا و سەدرولئیسلام هاتنه ماڵی ئیمه و دەست کرا به گریان و شین و ڕۆوڕو. به تەما بووین بڕۆین بۆ لای شەهیدەکان بەڵام سەرباز و دژبانەکان نەیانهێشت بچینه پێش و به زۆر له حەوشەیان کردینەوه. تەرمەکان به سێدارەوه ڕادەژان و خەڵک هەر له دوورەوه سەیریان دەکرد. لەو کاتەدا “برایمه شەلی مەحموودیان برای میرزا غەفور که به دەستی ڕووسەکان کوژرابوو خۆی گیانده نزیک تەرمی پێشەوا و گوتی: ئەوه بکوژی برای منه و دەستی هەڵێنا و دۆعای بەخێری بۆ شای ئێران کرد. زۆری پێنەچوو ئەفسەرێک هات و به بابمی گوت: “وەره، فەرمانداری نیزامی کاری به جەنابته. بابم له گەڵی ڕۆیشت و دوای ماوەیەک هاتەوه و به منی فەرموو بڕۆ قەبرستانی مەلا جامی و بەرامبەر قەبرستانی بنەماڵەی خۆمان سێ قەبر له تەنیشت یەک هەڵکەنن. هەوڵ بده بکەویته لای ڕۆژهەڵاتی قەبرستانەکه. من به خێرایی دوو قەبر هەڵکەنـم برد و ئەو شوێنەی ئێستا لێی به خاک ئەسپێردراون نیشانم دان و گوتم خێرا سێ قەبر له یەک ریز هەڵکەنن. دوایی من و میرزا عەبدوڵای برام به کۆڵان بەردمان له شاخی داشامەجید ڕا هێنا بۆ سەر گۆڕیچه و کێلەکان. کاتێک قەبرەکان ئاماده بوون گەڕامەوه لای بابم. بابم به سەرهەنگ پارستەباری ڕاگەیاند و ئەویش فەرمانی کرد تەرمەکان له سێداره بکەنەوه. من و میرزا عەبدوڵای برام تەنیا کەسانێک بووین که یارمەتیمان دان و تەرمەکانمان له سێداره کردەوه. تەرمەكان له تابووت نێندران و هەر تابووتەی به چوار سەرباز هەڵیانگرت و بەرەوه قەبرستان وەړێکەوتین. نەیاندەهێشت هیچکەس لێیان نزیک بیتەوه. کاتێک گەیشتینه بەر دەرگای مزگەوتی حاجی ئەحمەد له شەقامی پەهلەوی، بابم بەو ئەفسەرەی که بەرپرسی ناشتنی تەرمەکان بوو گوتی: “ئێمه موسوڵمانین و ئەوانەش مردووی ئێمەن. گەر ئیزن بدەن لەو مزگەوته دەیانشۆین و کفنیان دەکەین و نوێژیان له سەر دەکەین، دوایی به خاکیان دەسپێرین. ئەفسەرەکه تەرمەکانی لەوێ ڕاگرت و کەسێکی نارد پرس به فەرمانداری نیزامی بکا. زۆری پێنەچوو هاتەوه و گوتی هەرچی “قازی که ریم” بیهەوێ به قسەی بکەن. به قسەی بابم تەرمەکانمان برده حەوزخانەی مزگەوت و پاک و خاوێن شۆران و کفنیان کردن و نوێژیان له سەر كرا. ئەوجار بەرەو قەبرستانی مەلا جامی که له داوێنی شاخی داشامەجید هەڵكەوتبوو وەړێکەوتین. کاتێک گەیشتینه سەر قەبرەکان، هێندەیان پەلەپەل کرد و پاڵیان پێوه دەناین که نەیانهێشت سەری کفنەکان بکەینەوه. هەر کاممان له قەبرێک نا. دوایی بابم که دەیویست تەڵقینیان له سەر بخوێنێ سەری کفنەکانی کردەوه دیتی پیشەوا له قەبری ناوەڕاست دایه. فەرمووی: “رەحمان تەرمی پێشەوا بهێننەوه دەرۆ لەگەڵ سەدر ولئیسلام شوێنەکەیان بگۆڕن با ئەو بکەوێته ناوەڕاست. سەرباز و دژبان وەک تاری جاڵجاڵووکه دەوری قەبرەکانیان گرتبوو نەیاندەهێشت کەس لێمان بێته پێش. من و میرزا عەبدوڵای برام و بابم و یەک دوو کەسی تر جێبەجێمان کرد. له دەوری قەبرستان گریان و شینی خەڵک و بنەماڵەی خۆمان قیامەتێکی وای پێکهێنابوو که ناگەڕێتەوه.
بەو جۆره که بۆم باس کردن سێ ڕوڵەی بێ وێنەی نەتەوەکەمان، سێ شەهیدی نەمری ڕێگای ئازادی، سێ قارەمانی گیان له سەردەست که خۆیان له پێناو مافه ڕەواکانی گەلی کورد دا قوربانی کرد له قەبرستانی مەلا جامی مەهاباد به خاک ئەسپیردران….
سەرچاوە: ڕۆژگاری ون بوو، بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی ڕەحمان قازی، بە قەڵەمی ناسر قازی
بەردەوام بێ ئازادی کوردستان بە خوێنی من
March 26, 2024
5 Mins Read
161
Views