تایبەتمەندی ڕێبەرانی لاواز
یەکێک لە مۆدێلەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێبەڕانی سیاسی لاواز، “مۆدێلی نەخشی نەرێنی”یە کە تێیدا بە نیشانکردنی دەوری ڕێبەران، ڕۆڵی ڕاستەقینە و ئەنجامەکانی زەقتر دەکەوێتە بەرچاو.
ڕێبەڕێک کە بەردەوام بەڵێنی ئامادەکاری ئەدات و هەمیشە خەریکی ئامادەکارییە بە بیانووی ئەوەی هەموو شتێک پێویستە لە لووتکەی ئامادەبووندا بێت هەرگیز ئامادە نابێت و تا هەمیشە ناچێتە قۆناغی کردەکاری. ئەم ڕێبەرە لاوازە.
ڕێبەرێک کە هەمیشە لە دووی تەواوی پێویستی و پێداویستییەکاندا دەگەڕێ و بەردەوام باسی نەبوون یان کەم بوونی سەرچاوە و ئیمکانیات دەکات بۆ هەنگاوی کاتژمێری سفر، ڕێبەرێکی لاوازە؛ ئەو هەرگیز ناچێتە قۆناغی جێبەجێکردن و کاتژمێری سفر.
ڕێبەرێک کە بەرپرسایەتی چاکە وە ئەستۆ دەگرێ و خۆی بە خاوەنی ڕەهای دەکات بەڵام خۆ لە قەرەی هەڵەکان نادات و ناڵێ هەڵەم کرد، خۆی گۆشەگیر و گێل دەکات و هەمیشە بیانوو و پاساوێک لە گیرفانیدا بوونی هەیە بۆ هەڵهاتن و دەرچوون لە بەرپرسایەتی، ڕێبەرێکی لاوازە.
ڕێبەرێک کە هەمیشە لە هێڵی بەرگریدا یاری دەکات هەرگیز ناتوانێ ئەنجامی دڵخواز دەستەبەر بکات یان ئەنجامەکان لە بەڕژەوەندی خەڵکەکەیدا بگۆرێت. ئەو ڕێبەرێکی لاوازە و خەڵکەکەی و نەتەوەکەی بە قوڕدا دەبات.
ڕێبەرێک کە دەسپێشخەر و داهێنەر و ڕچەشکێن و پێشڕەو نەبێت و تەنیا ئەرکێک کە بۆ خۆی پێناسەی کردووە شەپۆل سواری بێت ڕێبەری لاوازە.
ڕێبەرێک کە هەمیشە ئارگۆمێنت و پاساوێکی بۆ بەدوادانەچوون هەیە و جگە لە خۆی، دار و بەرد بە تاوانبار پێناسە دەکات ڕێبەرێکی لاوازە.
ڕێبەڕێک کە کەوتووتە سەر دەوری “گێری پێچەوانە” و لە بیری کردووە کە ئۆتۆمبیلی سیاسەت، دەندەی پێشەوەشی هەیە و بەردەوام هەم خۆی و هەم خەڵکەکەی و هەم نەتەوەکەی بەرەو دواوە دەبات، ڕێبەرێکی لاوازە.
ڕێبەرێک کە گرینگی بە فیدبەک نادات، خاڵە لاوازەکانی دەبێت بە بەشێک لە ژێنێتیکی سیاسی هەو و خۆی تازە و نوێ و بەڕۆژ ناکاتەوە، ڕێبەرێکی لاوازە.
ڕێبەرێک کە گرینگی بە داهێنەری و داهێنان نادات و دەیخنکێنێ و داهێنەرەکان دوور دەخاتەوە، ڕێبەرێکی لاوازە.
ڕێبەرێک کە “ڕێوەبەری بچووک” دەکات بە ستایلی ژیان و ڕێبەری، دوور ناڕوانێ، وێنا گەورەکە ناس ناکات و نایبینێ و ناوێرێ خۆی لە شەپۆلی گەورە بدات و بە حەوزێکی بچکۆلەی مەلە، ڕازی دەبێت ڕێوەبەر هەیە بەڵام ڕێبەرێکی لاوازە.
ڕێبەرە لاوازەکان خۆیان دەلکێنن بە پڕاکتیزە بەسەرچووەکان، بۆیە بەرەنگاری گۆڕانکاری دەبنەوە، هەوڵی زانینی نەزانراوەکان نادەن، لێهاتووییان لاواز دەبێت، ڕێگری لە گەشە سەندن دەکەن و هەرگیز ناتوانن خۆ لەگەڵ گۆڕانکاری و گۆڕانکاری خێرا بگونجێنن.
ڕێبەرێک کە لە ناو ڕابردوودا چەقیوە و چەقی بەستووە، ناچارە لەوەی کە دیوارێک بە دەور خۆیدا بکێشێت و تاقم درووست بکات و بە پێداگری خۆی و تاقمەکەی، تەنانەت ببێتە هۆکارێکیش بۆ دابەزینی مۆڕاڵی کۆ و مۆڕاڵی گشتی. بۆیە هاوکات لەگەڵ لاوازییەکانی خۆی ستانداردی ئێخلاقیش، تووشی نشست و دابەزین دەکات.
ڕێبەری لاواز، خاڵی دەبێتەوە لە داهێنەر بوونی پێشکەوتوانە و بەم شێوازە، لەگەڵ خۆی، خەڵک و کۆمەڵگایش لاواز دەکات.
ڕێبەری لاواز، بە جێگەی کارایی و کارامەیی و کارتێکەری و گەشەسەندن، بەردەوام سەرقاڵی “نا” و کەڵەکەکراو لە “نا” دا یە؛ ناکارایی، ناکارامەیی، ناکارتێکەری و ناگەشەسەندوویی و نا….
ڕێبەری لاواز بۆ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز یان بزاوتێکی نەتەوەیی، هێدی هێدی دەبێتە ڕێبەرێکی ژەهراوی و بە ژەهر ڕشتنە نێو بزووتنەوە و بزاوت، خوی ئەبێتە سەرچاوەی ماڵ کاولی و کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی ڕزگاری….
ئەم وتارانە بخوێنەوە:
Five Charcteristics of weak Leaders, Michael Hyatt
Weak Leadership: How Bad Leaders Erode Success, Aaron Nguy