دەروازەیەک بۆ پێناسەی زیرەکی و هۆشی مەدەنی
زیرەکی مەدەنی توانای کۆمەڵەکانە – لە گرووپە نافەرمییە بچووکەکانەوە تا مرۆڤایەتی بە گشتی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، کارامە و کارتێکەر، چارەسەری کێشە هاوبەشە گرینگەکان بکەن.
زیرەکی مەدەنی بەسەر پێنج توانای سەرەکیدا دابەشکراوە کە بریتین لە:
مەعریفە و زانست،
هەڵوێست و ئاوات،
سەرمایەی ڕێکخراوەیی،
سەرمایەی پەیوەندیی و کۆمەڵایەتی،
سەرچاوە دارایی و مادییەکان.
چوارچێوەی تواناکان لە زیرەکی مەدەنی بە مەبەستی گەیاندنی دیاردەیەکی گشتگیرە بە شێوەیەکی تاڕادەیەک سادە. هەروەها زیاتر تەختەیەکی پەڕینەوەیە بۆ هاوکاری و کردار نەک کراسێکی تەنگ کە دیسیپلینێکی نەگۆڕ دەسەپێنێت.
پەنج پۆلی سەرەکی تواناکانی هۆشی مەدەنی لە ڕووی کارلێککردنی سیستەمەکانەوە دەتوانرێت لە فۆرمێکی مرۆییدا وێنا بکرێت لە وانە زانست بە سەر، هەڵوێست و ڕوانگە و ئاواتەکان بە دڵ، سەرمایە پەیوەندییەکان بۆ قۆڵ، سەرمایەی ڕێکخراوەیی بە ناوک و ناوەرۆک و سەرچاوە دارایی و مادییەکان بەو بناغەیە دابنرێت کە دەبێت مرۆڤ لەسەری ڕاوەستێت.
زیرەکی مەدەنی لە مەیدانی کردەییدا لە سیاسەت، هونەر، پرسی کۆمەڵایەتی، مێعماری، شانۆ، مۆسیقا، بۆنەکان، پەروەردە، گفتوگۆی ڕۆژانە و زۆر شتی تر خۆی پیشان دەدات.
زیرەکی مەدەنی لە پێناسە باوەکانی زیرەکی بەکۆمەڵ جیا دەکرێتەوە چونکە زیرەکی مەدەنی بەرەو چاکەی بەکۆمەڵ یان “خێری گشتی” ئاراستە دەکرێت.
سەبارەت بەم چەمکە دەگوترێت:بەبێ زیرەکی مەدەنی، ئێمە کۆی هەموو خراپترین تایبەتمەندییەکانمانین.
تێگەیشتن و ڕاڤەکردن و لێکدانەوە و بەرنامەداڕشتن و هەڵسەنگاندن و نرخاندن و کردەوە لە چوارچێوەی زیرەکی مەدەنی، هەروەها کە پێشتر گوترا لە سەر پەنج کۆڵەکەی سەرەکی دامەزراوە کە هەر یەک لەوانەش، چەندین تەوەر و پێویستی و پێداویستی لەخۆ دەگرێت:
زانست و زانیاری و مەعریفە بریتین لە: تیۆری و ڕەوایەت و سێناریۆ، فاکتەکان و یاسا و داتاکان، زانیاری تایبەت و بەرچاو، کارامەیی و کارتێکەری و زانیاری کارپێکراو، گەڕان و بەدواداچوون و چاودێری کردن، پەروەردە و فەرا- مەعریفە (meta Cognition)، دەسپێڕاگەیشتن بە زانیاری و زانست و مەعریفە، مودێلی کامپیۆتێری و هاوشێوەکردن و ئەپەکان.
هەڵوێست و ئاواتەکان بریتین لە: مەبەست و ئامانجی مەدەنی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، بەهاکان، وێنا و وێناسازی و وێناکردنی کۆمەڵایەتی، پاڵنەر و هەست و سۆز و هاوسۆزی، بەرپرسایەتی، سۆز و حەماسەت و خۆکارامەیی، بوێری.
سەرمایەی ڕێکخراوەیی بریتین لە: هێزی مرۆڤی، ڕێبەری، فرەڕەنگی، گەشەسەندنی تیمی، پێکهاتەی سازمانی و ڕێکخراوەیی، شێوازەکانی کار کردن، خوو و عادەتەکان، داهێنان، فووکووسکردن لە سەر زەمەن و کات و هەماهەنگی، پلاندانان، نرخاندن و هەڵسەنگاندن، دەسپێڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان.
سەرمایەی پێوەندی/ کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نۆڕمەکان، هاودەنگی، ناوبانگ، دەرفەتەکان، کاتی دیاریکراو، پرس و گونجانی فەرهەنگی.
سەرچاوەی دارایی و ماڵی بریتین لە: کەل و پەلی دارایی و سەرمایەی ماڵی، زانیاری و تێکنۆلۆژی گواستنەوە، زەوی و فەزا و بینا، ئامراز و ئامێرەکان، سەرچاوەکانی دیکە، کات.
بۆ ئەکتێکی مەدەنی سەرکەوتوو بە ئامانجکردنی سەرکەوتووترین تواناکانی کۆمەڵەکان، پێویستمان بە زیرەکی و هۆشی مەدەنی هەیە و بۆ زیرەکی مەدەنیش، پێویستە ژێربیناگەلی پەنجەوانە و ڕووبەناگەلی پێوەندیدار بە هەریەک لە کۆڵەکەکان، دەستەبەر و دابین و سەقامگرتوو بکرێن.
بڕوانە بۆ:
Civic Intelligence
هەروەها ئەم وتارە بخوێنەوە:
Piece of Civic Intelligence, towards a Capacities Framework, Douglas Schuler, 2014