کوردی- فارسی
ساخارۆڤ، کوردستان، کورد
دیمەنی یەکەم: ژینای کوردستان دەبێتە قوربانی ئامێری سەرکوتکەری تاقمی دەسەڵاتدار؛ بە بیانووی حیجاب: ئێمە غەریبین، لە ئێران، لە تاران، ئێمە ناسنامەین.
دیمەنی دووهەم: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی؛ ناڕەزایەتی، سەرکوت، کوشتن؛ ئێران، جیهان؛ کوردستان بە تەنیا دەمێنێتەوە.
دیمەنی سێهەم: بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد کە ئیلهامبەخش بووە بۆ جیهان، دەبێتە قوربانی یارییە پیسەکەی سیاسەت، خەڵکەکە بەجێدەهێڵرێن و کۆمەڵێک سیاسەتبازی پشکخۆرو پشکخواز، وەک هەمیشە دەست بە شەپۆلسواری دەکەن و بەرەو بنبەستیشی دەبەن.
دیمەنی چوارەم: کورد و کوردستان، پێشەنگەکانی بزووتنەوەکە، پەراوێز دەخرێن، “جوداخوازەکان” دەبێتە زمانی هاوبەشی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن، سەرکوتکردن بەردەوامە؛ بە مووشەک، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بە زمان، بە میدیاو بە سڕینەوەی کوردستان و کوردو مافە ڕەواکانی.
دیمەنی پەنجەم: ئێرانییەکان خەڵاتی نۆبڵ بەدەست دەهێنن، کورد نایبات، ئێرانییەکان کوێر دەبن، کورد؟ کوا کورد؟ ئێران سەرکوت دەکرێت، کوردستان؟ خۆ هەموومان ئەرێ…
دیمەنی شەشەم: ساخارۆڤ پەردەکان لادەدات، ئەڵبەت بڕێک، حەق بە حەقدار دەگات؛ بێگومان بڕێک…
دیمەنی حەوتەم: براوەی خەڵاتەکە، ژینای گیانبەختکردووە، دایک و باوکی ژینا بڤەی سەفەرن، پارێزەری بنەماڵەی ژینا، کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە هاتووە، دوای گەڕانەوەی دەچێتە زیندان بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی. تابلۆیەکی تەواو لە ستەم دژ بە نەتەوەیەک: براوەی گیانبەختکردوو، دایک و باوکی دیل، پارێزەری زیندانی، کوردستانی ستەملێکراو، شەهیدان، دەستدرێژی و سەرکوت، زیندانی درێژخایەن، ئەشکەنجەو….
دوا پەردە: ئێمە دەمێنینەوەو کوردستان دەپەڕینینەوە بۆ لووتکەی جیهان….
