سەبارەت بە زامبی خۆماڵی لە پڕۆسەی ڕزگاریدا
داگیرکەرو کۆلۆنیالیست کاتێک ئەگات بەو ئەنجامەی کە مەودای نێوان خۆی و داگیرکراو، بە تەواوی بە دامەزراوەیی و دەروونی کراوەتەوە، سنووری خودو ئەویدی چیدیکە حاشای لێناکرێ و دوو جیهانی هاوتەریب درووست کراوە، هەوڵ ئەدات تووڕەیی و دژایەتی مرۆڤی داگیرکراو لە داگیرکەر بەلارەڕێدا ببات و تێدەکۆشێ ئەو تووڕەییە بە سەر بێجگە خۆی بڕشێندرێتەوە، لەوانەیە خودی مرۆڤی داگیرکراو دژ بە خۆی، دژ بە دراوسێ، دژ بە هاوشاری، ناوچەیەک دژ بە ناوچەی دیکە، دێهاتی دژ بە شاری و پێچەوانەکەی، زاراوە دژ بە زاراوە، چین دژ بە چین، دژە ژنی، دژە ڕەگەزی، دژە جێندەری و هەر قوربانییەک کە داگیرکەرو کۆلۆنیالیست نەوی، ئاگرەسوورەی تووڕەیی مرۆڤی داگیرکراو لە خۆی دوور بکاتەوەو جێگۆڕکێی ئەویدی حەقیقی بە ئەویدی دەسکردو ئەویدی ساختە بکاتن، خۆشەیدایی لە خۆ دژ بە ئەویدی ساختە چێ بکات، پڕۆپاگاندای بۆ بکات، بەرەو خراپەکاری و خۆخۆری ڕێنوێن بکات، قوربانی وەهمی درووست بکات و تەنانەت وەک بەها، پێناسەیشی بۆ بکات و بیگەشێنێتۆ.
درۆی ڕۆژانە بۆ سەرهەڵدانی وردە وردەی جەماوەر بۆ توڕەبوون لە خۆ، بۆ تووڕەبوون لە قوربانی ساختە، بۆ لادانی جەماوەر لە داگیرکاری و داگیرکەر….
لە وەها قۆناغێکدا، ئەم زامبییە خۆماڵیانە دەتوانن بە ئەندازەی داگیرکەر، مەترسیدار بن بۆ دوا قۆناغی پڕۆسەی ئازادی، ئەوانەی کە لە ژێر هەر بیانوویەکدا کەسانی خودی یان ئەویدی ساختە دەکەنە نێچیر بۆ کەسانی خودی….
ت.ب: فرانتس فانۆن بخوێنەوە
![](https://behzadkhoshhali.com/media/2023/10/IMG_20231003_091256_586.jpg)