شەڕی نێوخۆیی شاراوە
هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی ڕابڕدوودا لە قۆناغی “شەڕی نێوخۆیی شاراوە”(Invisible Civil War) ن، پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن، هێرشکردن بۆ یەکتر بەردەوامە، جیهانی ئینتەرنێت بۆ دژایەتی یەکتر، چالاکە، پڕۆپاگەندەی ئاوێتە بە زڕەزانست، ناڕاستی، بوغزو قین، فەراوانەو لایەنەکان، هەوڵ ئەدەن، تەنیا هەوڵەکانی لایەنی بەرانبەر پووچەڵ بکەنەوەو هیچ فۆڕماسیۆنێک بۆ لێکنزیبوونەوەو هاودەنگی و کۆدەنگی، تەنانەت، ئیرادەو ویست و خواستە سەرەتاییەکەشی نابینرێت. هیچ مەبەستێک کە هەڵگری بەرژەوەندی و خێری گشتی بێت لە ئارادا نییەو جارنەجارێک، لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و دێتە سەر زەوی واقیع.
جیاوازی شەری نێوخۆیی نادیارو شەڕی نێوخۆیی ئاشکرا لەوەدایە کە لە شەری نێوخۆیی مەیدان، بەرەکان و بکەرەکان و بەرپرسەکان و پاڵنەرەکان و خەسارەکان دیارن، جەماوەر دەیانبینێ و کاردانەوەکانیش توندن، بەڵام لە شەڕی شاراوەی نێوخۆیی، هەموو شتێک وەک ڕۆح دێت و دەڕوا، بە ڕواڵەت، شەڕێک، بوونی نییەو تەنانەت دەس و مشتاقیش دەکرێ، کۆبوونەوەو دانیشتن و دانوستاندنی هاوبەشیش دەگیرێ و لایەنەکانی شەڕی نێوخۆیی شاراوە، بە دەم یەکترینیشەوە پێدەکەنن بەڵام ژێربەژێر یەکتر دەهاڕن.
لە شەڕی نێوخۆیی شاراوە، بە تایبەت، دەرفەتی هەموار بۆ بناژۆخوازی دەمارگرژانە، هەڵڕژاندنی نەفسیی، زێدەڕۆیی، دەم کردنەوەی برینە کۆنەکان، تاوانبار کردنی دوولایەنەیەی بێ بنەما، پێچەوانەکردنی حەقیقەت و…دەڕەخسێت و کۆی ئەم نوقسانگەلە، دواتر وەک تۆپۆڵە بەفرەکەی لێدێ کە لە لووتکەوە، بەرەو خوار تلێر بووەو کاتێک دەگاتە داوێنی کێو، دەبێتە هەرەسی وێرانکەرو لە کۆنترۆڵ دەرچووە.
شەڕی نێوخۆیی شاراوە بە تایبەتی تر بۆ خەڵکی ئێمە کە زۆر جار، لە بەر زۆر بوونی درەختەکان، دارستان نابینن مەترسیدارتر، کاتکوژترو کاولکار تریش، کاریگەری دادەنێت…..