لە ڕوانگەی خنکاندنی ژیۆپۆلیتیک
“خنکاندنی ژیوپۆلیتیک”، پڕۆژە- پڕۆسەی دڕێژخایەنی وڵاتانی ڕکابەرە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان بۆ سنووردار کردن، قەتیسکردن، یان هێزی لە هەڵکشانی وڵاتان یان خود ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە ڕێگای فاکتەرە پێوەندیدارەکان بە جوگرافیا.
ئەگەر لە ڕوانگەی خنکاندنی ژیۆپۆلیتیک، بڕوانین بۆ ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵەکانی جیهانی عەرەبی، جیهانی تورک، جیهانی ئێرانی و جیهانی عێبری، دەتوانین ئەوە ببینین کە یەکێک لە سەرەکیترین سیاسەتەکان، خنکاندنی ژیۆپۆلیتیکی یەکترە.
وێڕای ململانێی نێوان ئێران و تورک و ئێران و عەرەب لەم ڕوانگەوە لەوانە شەڕی کوڕیدۆرەکان و شەڕی دیپلۆماسی و شەڕی ئابووری و وزەو شەڕی کەمینە ئایینییەکان، شەڕی خنکاندنی ژیۆپۆلیتیک نێوان ئیسراییڵ و ئێران، ئاڵۆزترەو هەمیشە لە قاڵبی “شەڕی سێبەر”و “شەڕی پڕۆکسی”و “شەڕی نەرم”و بەم دواییانە، “شەڕی دیپلۆماسی”، سووڕی خواردووە.
شەڕی حەماس و ئیسراییڵ و دواتر هاتنە نێو شەڕی ئارامی پڕۆکسییەکانی ئێران وەک حیزبوڵاو حووسی و حەشدو بریکارەکانی سووریا دژی ئیسراییڵ، قۆناغی بە پراتیککردنی خنکاندنی ژیۆپۆلیتیکی ئەم وڵاتە لە لایەن ئێرانەو ئیسراییڵیش، کە ساڵانێکی زۆر، هەوڵی خنکاندنی ژیۆپۆلیتیکی ئێرانی داوە لە ڕێگاگەلی جۆراوجۆرو تا ڕادەیەکی زۆر، سەرکەوتوو بووە لە گۆشەگیر کردنی ئێران، هەنووکە، قۆناغی شەڕی سێبەری تێپەڕاندووەو حەتمەن دوای لێبوونەوە لە هەڕەشەی حەماس، پێویستە چارەیەکی تەواو ببینێ بۆ حیزبوڵاو حووسی و حەشدو دواتر ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە هەوڵەکانی ئێران بۆ چاکسازی پێوەندییەکان لەگەڵ جیهانی عەرەبی، نەچوونە ناو ململانی ئێرانی- تورکی لەگەڵ تورکیاو ئازربایجان و بریکسی ڕووسی- چینی، هەوڵدانی بەردەوام بووە بۆ دەربازبوون لە خنکانی ژیۆپۆلیتیک.
مێژوو هەمیشە ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە جیهان لە بەرەبەری چوون بەرەو تێپەڕین لە فەرمانی کۆن بۆ نەزمی نوێ و لە لووتکەی هەوڵدانی بەرانبەر بۆ خنکاندنی ژیۆپۆلیتیک، ئاگرە سوورەی ناوچەیی یا نێونەتەوەیی ئەزموون کردووە.