مانگرتن و سەرخۆشی سیاسی-کۆمەڵایەتی (Euphoria)
سەرخۆشی سیاسی- کۆمەڵایەتی، کاتێک ڕوو ئەدات کە کردەوەیەکی کۆی کۆمەڵایەتی کە مەبەست یان پاڵنەری سیاسی لە پشتە، سەرکەوتن دەستەبەر دەکات و ڕزامەندی دەروونی لە تاکەکان و ڕزایەتێکی گشتی لە نێو جەماوەردا درووست دەکات.
کردەوەیەکی سیاسی- کۆمەڵایەتی، ئەو کاتەی دەگاتە ئەنجامێکی باش، بە تایبەت لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەری دژ بە سیستەمێکی پاوانخواز یان داگیرکەر، بۆ مرۆڤ یان مرۆڤگەلێک کە لە پڕۆسەیەکی زەمەنی دوور و درێژدا، هەوڵی ڕماندنی کەسایەتی و دەروونییان لە لایەن ئەو سیستەمەوە دراوە، وەک هەڵسانگدنێگی تاک و گشتی، سەرەتا نرخاندنێکی زۆر بەرز و گەورەتر لە قاڵبی خۆی بۆ دەکرێت و چونکی سەرخۆشییەکی گەورەی جەماوەری لێ پەیدا بووە و خەڵک هەست دەکەن گەیشتوونەتە لووتکەی سەرکەوتن یان دەردی هاوبەشی کۆمەڵگا بڕێک، ئارامیی پەیدا کردووە، دەبێتە هەوێنی پاڵنەریی دوبارە کردنەوە و پێگەیەکی جێگیربوون لە لووتکەی دەروونی، پەیدا دەکات بە شێوازێک کە لە قووڵایی جەهەندەمی تۆتالیتاریسم و داگیرکاری و مەزنە قەیرانەکانی تاقەت پڕووکێن، هەستی گەیشتن بە لووتکەی خۆشی و سەرکەوتن بە شێوازی کاتی دەبەخشێت بە تاک و بە جەماوەر.
٭٭٭٭
مانگرتنەکانی کوردستان وەکوو کردەوەیەکی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، لە ماوەی ساڵانی ڕابڕدوو و ئەکتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی، لە یادەوەری تاک و کۆی کۆمەڵگا، بە دەروونی و دامەزراویی کراوە و هەمیشە وەک بژاردەیەک و چەکێکی کارا سەیر کراوە و لە ساتە وەختەکانی هەستیار بەرانبەر بە سەرکوتی داگیرکەری ئێرانی، و کاریگەری خۆیشی بووە و حاشای لێناکرێ بەڵام بوونی ئەم دیاردەیە بە سەرخۆشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنی و یۆفۆریا، دەتوانێ دواتر بەرەو خەسارمان ببات:
یەکەم:چیدیکە بە پێویست نەزانین بیر لە بژاردەکانی دیکەی خەبات و بەرخۆدان بکەینەوە
دووهەم: هەمیشە پەنا ببەین بۆ مانگرتن وەک تاکە چارەسەر
سێهەم: لە هەڵسەنگاندندا، زۆرتر لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی، حسابی بۆ بکەین
چوارەم: ببێتە ڕەوتێکی هەمیشەیی لە کردارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانمان وەک عادەتی باو
پەنجەم: داگیرکەر یان پاوانخواز، بە خوێندنەوەی هەمەلایەنە، وەک کاردانەوەیەکی ئاسایی، دڵنیا بێتەوە کە لووتکەی کردەوەی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان، تەنیا یەک بژاردە و ئەویش مانگرتنە.
شەشەم: ببێتە جۆرێک خۆ ئێرزایی سیاسی و کۆمەڵایەتی (social and political Masturbation)
پێویستە ئاگاداری قووڵی ئەم حاڵەتە بین کە هەر دیاردەیەک یان هەر ئەکت و کردەوەیەک، تا ئەو کاتەی بە سەرخۆشی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەبووە، کارامەیی و کارتێکەری پێویستی هەیە و کاتێک دەبێت بە یۆفۆریا، نەک تەنیا بەهای دادەبەزێت و دواتر کەم بایەخ دەبێت بەڵکوو لە ڕووبەڕووبوونی جەماوەر و داگیرکەر یان پاوانخواز، دەبێتە شمشێرێکی دوو دەم کە خۆڵەکەی زۆرتر دەچێتە چاوی خۆمان.
ئەکت و کردەوە و هەنگاوی مەدەنی، هەمیشە دوو تایبەتمەندی پێویستە:
داهێنەرانە (creative) بێت
زایندە (generative) بێت
مانگرتن و سەرخۆشی سیاسی- کۆمەڵایەتی
February 6, 2024
2 Mins Read
169
Views