هێزەکانی کوردستان و پێویستی تێگەیشتن لە تیۆری یارییەکان
یەک: تەڵەزگەی زیندانییەکان نیشان دەدات کە دوو کەس لە هاوکاریکردندا چۆن زیان بە خۆیان دەگەیەنن بۆ ئەوەی زیاتر قازانج بکەن؛ لە کاتێکدا هەردووکیان دەتوانن ئەنجامێکی باشتر دەستەبەر بکەن.
ئەم تەڵەزگە بەم شێوەیەیە: دوو کەس کە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە دزییەکی چەکداریدا دەستگیر کراون، بە جیا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و هەریەکەیان وەهایان پێدەگوترێت:
ئەگەر هاوڕێکەت ئاشکرا بکەیت و شایەتی لەسەر بدەیت و ئەو بێدەنگ بوو، ئازاد دەکرێیت، بەڵام سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر ئەودا دەسەپێنرێت.
ئەگەر هەردووکتان یەکتر ئاشکرا بکەن و شایەتی دژی یەکتر بدەن، ئەوا هەردووکتان سزای سێ مانگ زیندانیکردنتان بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئەگەر هیچ کام لە ئێوە ئەوی دیکەیان ئاشکرا نەکات و بێدەنگ بن، ئەوا هەردووکتان بە یەک مانگ زیندان سزا دەدرێن.
لێرەدا لە بەرژەوەندی هەردوو زیندانیەکەدایە کە بژاردەی سێیەم هەڵبژێرن بەڵام لەبەر ئەوەی هەر یەکێکیان تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە و بەدوای بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام بۆ خۆی دەگەڕێت واتە ڕزگاری و متمانەی بە لایەنی بەرامبەر نییە، هاوڕێکەی ئاشکرا دەکات و هەردووکیان زەرەرمەند دەبن.
تیۆری یارییەکان هەوڵ دەدات ئەو دۆخانە بە مۆدێل بکات کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی دوو لایەن ناکۆکن.
ئەم دۆخە کاتێک سەرهەڵدەدات کە سەرکەوتنی کەسێک و بڕیارەکەی پەیوەستە بەو بڕیار و ستراتیژانەی کە لایەنی بەرامبەر هەڵیدەبژێرێت و ئامانجی کۆتایی تیۆری یارییەکان دۆزینەوەی ستراتیژییەکە کە بۆ یاریزانان گونجاوە.
دوو: لە تیۆری یارییەکان هەروەها تەڵەزگەیەکی دیکەش هەیە: لە کافەیەکدا چوار هاوڕێی جەوان دانیشتوون و خەریکی خواردنەوەن. لە ناکاو چوار کچیش دێن بۆ کافەکە. لە ناو چوار کچەکە، یەکێکیان لەوانی کە جوانترە. ئەگەر هەموو کوڕەکان حەزیان لە جوانترین کچ بێت و هاوکات پێشنیاری هاوڕێیەتی بکەن خانمەکە وڵامی ئەرێ بە هەریەکەیان بداتەوە نێوانیان تێکدەچێ. لەوانەیە ئەو کوڕانەی کە دۆڕاندوویانە بە هاوڕێی پێشوویان، دوای ئەم ئەزموونە گەرەکیان بێت پێشنیار بە کچەکانی دیکە بدەن بەڵام کەنیشکەکانی دیکەیش هەرگیز حەز ناکەن بژاردەی دووهەم بن بۆیە قبووڵی ئەو دۆخە ناکەن و لێرەدا تەنیا کوڕو کچێک خێریان کردووەو ئەوانی کە دەسیان لە کونی هەوانەکە دەردەچێ. تیۆری یارییەکان لێرەدا ئێژێ باشتر وایە هەر لە سەرەتاوە کوڕەکان زرووفی خۆیان بزانن و هەریەکیان بە سەرنجدان بە جوانی و ڕازاوەیی خۆی، یەکێک لە خانمەکان هەڵبژێرێ و هەموویان هەوڵنەدەن بۆ ڕازیکردنی جوانترین کچ. لێرەدا تەنیا دەمێنێتەوە ڕازیبوونی خانمەکان کە دەبێتە باشترین بژاردەو کەمترین زەرەرمەندی و کوردی گوتەنی من ڕازی و تۆ ڕازی.
ئەم دۆخەش لە تیوری یارییەکان بە “هاوسەنگی نەش” ناسراوەو باسی ئەوە دەکات کە هەر یارییەک، دواجار دەگاتە هاوسەنگی کە ئەم هاوسەنگییە، بە پێی عەقڵی یاریچییەکان، دووسەر بردنەوە، دووسەر دۆڕاندن یان بەردنەوەی ڕەهای یەک یاریچی و دۆڕاندنی ڕەهای ئەویکەیە.
بە گشتی هاوسەنگی نەش لە دۆخێکدا ڕوودەدات کە هەموو ئەوانەی بەشدارن لە بڕیارێکدا، بە گریمانەکردنی زانیاری لەسەر ستراتیژی کەسانی دیکە و زانینی ئەوەی کە ناتوانن ستراتیژەکانیان بگۆڕن، ناتوانن بە گۆڕینی ستراتیژی خۆیان ئەنجامێکی باشتر بەدەستبهێنن.
سێ: بە ڕوانین بۆ تیۆری یارییەکان و ئەکت و هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی، ئەو ڕاستییە خۆی دەردەخات کە هیچ هێزێکی کوردستانی، نەیتوانیوە بە تێگەیشتنی قووڵ لە تیۆری یارییەکان، هاوکات هەم خێری سەقامگرتوو بۆ خۆی دەستەبەر بکات و هەم ببێتە سەرچاوەی خێری گشتی بۆ کوردستان و کورد. بڕوانن بۆ پارچەتەوەری لە سیاسەت، زۆن تەوەری، ئایدیۆلۆژی تەوەری، بیرو بڕیاری هەر خۆم بۆ خۆم، گرینگی نەدان بە بەڕژەوەندی لایەنەکانی دیکە، بێ متمانەیی بە دامەزراوییکراو، پاشقولدانی یەکتر، شکاندنی پەنجەکانی یەکترو دواجار خولانەوەی درێژخایەن لە نێو بازنەی دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستان و بژاردەگەلی دووسەر دۆڕان….
نزیکەی هەمیشە خراپترینمان هەڵبژاردووە….
بازدان بۆ قۆناغی نوێی زانستی سەردەم و تێپەڕین لە بیرو بڕیاری نەریتی، پێویستییەکە کە ئێستا ئیتر نزیکە لە دووڕییانی مان و نەمان….
ت.ب: هیوادارم توانیبێتم تیۆری یارییەکان بە زمانێکی سادە، بەیان کەم
بۆ زانیاری زۆرتر بڕوانە بۆ:
Game Theory
Prisoners Dellima
Nash Equillibrium
هێزەکانی کوردستان و پێویستی تێگەیشتن لە تیۆری یارییەکان
October 6, 2023
3 Mins Read
220
Views