پرسیارگەلێک دوای کەف و کوڵ
ئایاکوو باشتر نەدەبوو بۆ کرانەوەی درگاکانی دیپلۆماسی نێونەتەوەیی، ناوەندی هاوکاری، بە هەموو توانایەوە، بەشداری یارییەکان بێت؟
ئایاکوو قورسایی ڕەهاو وزەی ڕەها نەدەبەخشرا بە کورد؟
ئایاکوو ئەو قورسایی و وزە، بە زووترین کات کوردی نەدەکرد بە پێشڕەوی بێ ئەملاولای نەتەوەکانی دیکە لە ئێران؟
ئایاکوو لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، وێڕای خاوەندارییەتی شۆڕشی ژینا، نەدەبووین بە ڕێبەری ئەو شۆڕشە؟
ئایاکوو دیپلۆماسییەتی کارای نێونەتەوەیی بۆ دزەکردن لە ئاست و ئاراستەکانی باڵاتر، نەدەبوو بە میوانمان؟
ئایاکوو نەماندەتوانی هاوکات و ژێربەژێر، پشتیوانی و پشتگیری و سازماندەری وزەی سەربەخۆییخوازمان بکردایەت و بە بەهێزکردنی ڕەوتی سەروەریخوازی، ئەهرۆمی گوشارمان بۆ سەپاندنی داخوازییەکان لە یاری هێژمۆنەکان، چەند قات بکردایەت؟
ئایاکوو نەماندەتوانی هەستین بە تواناسازی نەتەوەکانی دیکەو چەپەکان و کۆماریخوازان و فێمێنیستەکان لە ژێر چەترێکی کوردستانی بۆ بەرتەسککردنەوەی گوشاری ناوەندگەراکان؟
ئایاکوو نەماندەتوانی، بە پلاتفۆڕمێکی کوردستانی، متمانە بەخشێ درووست کەین بۆ هەموو هێزەکانی سیاسی پانتای ڕۆژهەڵات و فۆڕماسیۆنی بلۆکێکی کوردستانی؟
ئایاکوو نەماندەتوانی وەک کوردستان، ببین بە مارکەی دێمۆکڕاسی بەرانبەر بە هەرچەشنە ناوەندخوازی و سێنتراڵیسم؟
ئایاکوو نەماندەتوانی بە جێگای سیاسەتکردن لەگەڵ خۆمان و پەنجەی یەکتر شکاندن، سیاسەتێکی یەکانگیری کارامەو کارتێکەر بگرینە پێش؟
ئایاکوو نەماندەتوانی تەواوی هێزی دیاسپۆڕاو سازییە مەدەنییەکانی کوردستان، بکەین بە هێزی پاڵنەرو دواتر یەکلاوەکەرەوەی داخوازییەکانمان؟
ئایاکوو نەماندەتوانی بە جێگای درووست کردنی جەمسەربەندی دەستکردی ناپێویستی هەست تەوەر، عەقڵانییەتی یەکانگیر بکەینە ستراتژی و نەخشە ڕێگا؟
پرسی کورد، پرسی ئاڵۆز (پیچیدە)ەو بە فکری خەتی و هەنگاوی خەتی و تەدبیری خەتی چارەسەر نابێ. پێویستمان بە معادەلەی چەند ڕەهەندییە لە جیهانی ڕەهەندەکان.
ئێرانی ئێستاو ئێرەو مەزنە قەیرانەکانی، تەنیاو تەنیا، ئاسۆکەی داڕمانەو هیچ ئاڵتێرناتیوێک، ناتوانی بەر بەو دارمانە بگرێت بەڵام پێویستە ڕێوەبەری زەمەن بکرێت بۆ “فۆڕماسیۆنی هەژمۆنی کورد” بە هێوری و هەنگاوی ژیرو وردو قووڵ.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرەکەتی شۆڕشی ژینا، هەرگیز ئەوەندە لە ئاستی نێونەتەوەیی بەرچاو و جێگای سەرنج نەبووە.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەرگیز ئەوەندە قەناعەتی نەهێنابوو کە بە بێ کوردستان، هیچ شتێک ناکرێت و ئەم دەرفەتە لە دەسپێکی ئێرانی سیاسی یان دەولەت- نەتەوەی ئێران، بێ وێنەیە. ئەویش لە کاتێکدا کە هەم حاکمییەتی ئێرانی لە جێگای خۆیدایەو هەم شەرعییەتی خۆی بە تەواوی لە دەست داوە.
ئێمە ڕۆژهەڵات لە هەمیشە ناسراوترین، لە هەر زەمەنێکی دیکە، بەرچاوترین، ناوخۆی وڵاتمان، سەرچاوەی وزەو ئێبتکارو داهێنانە، حیزبەکانمان وەک دەسپێشخەرو پێشڕەو ڕێکخەر، جێگای حاشا نەماون لە ئێران و جیهان، قەیرانی شەرعییەتی ئۆپۆزیسیۆنبوونمان نییەو هەڵقوڵاوی جەماوەرن لە جوگرافیای ڕۆژهەڵات و گرینگتر لە هەمووی پڕ لە هیواین.
کێشە تەنیا ئەوەیە کە لە پوتانسییەلەکانمان بە درووستی کەڵکوەرناگرین، گیرۆدەی نەخۆشی پرتەوازەیین و گرینگتر لە هەمووی شایەت، بۆ پرسی پیچیدە، چارەسەری پیچیدە ناکەین و زۆرجار، پەنا دەبەین بۆ ئەزموونە ماوە بەسەرچووەکان.
ئێمە دەتوانین بە دڵنیایی گەر مێنتاڵیتەی کۆن و ماوەبەسەرچوو وەلانین و نوێ بیر بکەینەوە.
ت.ب: ڕەخنەکانیشتان سەر سەرو سەرچاوم بەڵام تکایە گەورە بیر بکەنەوەو لە گۆشە چاوی وێنا گەورەکە، بۆی بڕوانن
ت.ب دوو: وێنەکە هەم دەتوانێ ئێمەی کوردستانی و ئاواتەکانمان بێت هەم ئێرانی دەسکرد