ڕێبەری ژەهراوی لە زانستی ڕێبەریی و ڕێوەبەری
یەک: سەرکردە و ڕێبەرێکی گۆڕانکار و گۆڕانخواز دەتوانێت دەرفەتەکان لە گێژاودا ببینێت و ئیلهامبەخش بێت بۆ خەڵک بۆ ئەوەی شوێنیان بکەون بۆ داهاتوویەکی باشتر.
دوو: ڕێبەری و زاڵبوون بەسەر کێشە نوێیەکاندا، پێویستی بە سێ فاکتەری سەرەکییە:
پاراستنی تەندروستی دەروونی،
مۆڕاڵی ئەرێنی،
کولتووری ڕێکخراوەیی بەهێز.
سێ: سەرکردەیەکی ناکارامە، بە تەنیا مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێکدا دەکات و ئەوەندە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانە کە چیدیکە ناتوانێ ڕێوەبەری بکات.
چوار: جیاوازی لە نێوان سەرکردە ناکارامەکان و سەرکردە وێرانکەرەکاندا هەیە. لە کاتێکدا هەردووکیان دەرئەنجامە نەرێنییەکان دروست دەکەن، جیاوازی سەرەکی لە سیفەتەکانیان و شێوازی بەڕێوەبردنیاندا هەیە کە گرینگە بۆ تێگەیشتن.
پەنج: سەرکردەیەکی تێکدەر بە مەبەست و سیستماتیک بە شێوەیەک ڕەفتار دەکات کە بەرژەوەندی ئەندامان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێکخراوە و سازمان و حیزب پێشێل بکات. ئەم ڕەفتارە- و ئەنجامەکانی- زۆرجار بێ ئاگا دەچێتە بنج و بناوانەکان تاوەکو زۆر درەنگ دەبێت بۆ ئەوەی هیچ شتێک لەو بارەیەوە بکرێت.
شەش: تایبەتمەندییە ژەهراویەکانی سەرکردایەتی تەنها بابەتی پێکدادانی کەسایەتی نییە. ئەم جۆرە تاکانە شێوازی ڕەفتاری ئاسایی نیشان نادەن بەڵکوو شێواندنی توند نیشان دەدەن کە بەهۆی بەشە سەرەتاییەکانی مێشکەوە بەهێز دەکرێن- واتە ترس. کاتێک ئەم نەخش و ڕوڵگەلە دەبنە خوو، وڵامەکان بۆیان تووشی گۆڕانکاری دژەباو و پێچەوانە و دژە نۆڕم دەبن.
حەوت: ئەگەر کەسێک لە سەرەتای گەشەکردنیدا تووشی ڕەخنەی زێدەڕۆیی بووبێت، ئەوا ئیگۆ- تێڕوانینێک تۆمار دەکات. ئەمە هەستێکی بەرزتر درووست دەکات کە مانەوەی خۆیان دەبەستنەوە بە ڕەخنە نەگرتن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی وەسواسی، بەدوای باڵادەستبووندا بگەڕێت لە هەموو بارودۆخەکاندا بۆ کەمکردنەوەی ترس.
هەشت: وەک مرۆڤ، ئێمە سیستەمی ناتەواو ئەزموون دەکەین؛ گرینگ نییە پەروەردەکردنمان چەندە تایبەت بێت، زۆربەمان، شوێنەواری ترس دەهێنینە تەمەنی گەورەیی. ڕەفتارگەلی ترس دەتوانن مرۆڤ سەرلێشێواو و زۆرجاریش بێزارکەر بکەن.
نۆ: سەرکردەی ژەهراوی، لە دەروونی خۆیدا بەرزەخۆ نییە، لە جیهانێکی ئایدیاڵدا دەژی کە کەسی تر ناتوانێت پێوەندی بەو ژیانەی بکات، دەیەوێت هەموو شتێک بە ڕێگای خۆیدا بڕوات، و دەرک بەوە ناکات کە زۆر شت نازانێ و پێویستە فێر بێت و خۆی باشتر بکات.
دە: سەرکردە ژەهراوییەکان بە تاک، پێڕەوکەری بەرژەوەندی خۆیانن. ڕێبەرە تەندروستەکان، ئامادەن گوێبگرن و فێربن و هەڵبژاردن و کارەکتەری گۆڕانخواز بەکاربهێنن. نیەتێکی ئەرێنیان بەرامبەر بەوانی تر هەیە و کار دەکەن بۆ چاکەی ئەرک و بەرپرسایەتی، بەڵام سەرکردە ژەهراوییەکان بیرکردنەوەیەکی ڕەق دەگرنەبەر و دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ دەستکاریکردنی ژێردەستەکانیان بۆ ئەوەی بیانبەنە سەر ئیرادەی خۆیان. دروشمیان ئەمەیە کە: “من ئەو کەسەم کە منم، بۆیە پێویستە وا مامەڵە لەگەڵم بکەیت.”
پاڵنەرێکی نهێنی شاراوەیان هەیە بۆ ویستن و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی خۆیان لەسەر حیسابی ئەوانی تر.
یانزە: ڕەفتاری “من جۆرێک لە شتێکی گەورەم!” ئاماژەیەکە بۆ ڕێبەری ژەهراوی کە لە هیچ شوێنێک نزیک نییە لە ڕاستی. ئەم نەخشە نەرێنییە لە کەسێکی گەورەساڵەوە سەرهەڵدەدات کە لە دووڕیانێکی منداڵیدا گیرۆدە بووە لە دەوری وەرنەگرتنی سەرنجی پێویست لەلایەن چاودێرانەوە لە سەرەتای ژیانیدا. دەرئەنجامەکەی تاکێکە کە ئارەزووی تێرنەکراوی سەرنجدان و پێویستییەکی هەڵئاوساو بۆ تایبەت، ناوازە، یان ڕۆمانسی هەیە.
ئەم تاکانە لە تەنیایی یان خەمۆکیدا گیریان خواردووە بەهۆی ئەوەی کە بەس “تایبەت” نین بۆ ئەوانەی گرینگن، هەست بە شەرمەزاری دەکەن بەهۆی تێڕوانینیان بۆ بێبەشبوون لە سەرنج یان ناشایستە و نەشیاو. زۆرجار ئەمەش دەبێتە هۆی یاخیبوون لەلایەن کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانەوە کە پێیان وایە نەدەکرا متمانەیان پێبکرێت. یاخی دەبن، فێڵ دەکەن و لەگەڵ پلانە خەیاڵییەکانی خۆیاندا دەڕۆن.
دوانزە: ڕێبەرە ژەهراوییەکان زێدەڕۆیی دەکەن تا ڕادەی خەیاڵ و خۆ بەرزکردنەوە و حۆ فەرز کردن و خۆ گەورەکردن بێ داوای لێبوردن؛ ئەمە دەبێتە خوو، هەروەها زێدەڕۆیی دەکەن لە قسەکردن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا. دەبن بە پاپا و بە دروستکردنی چیرۆکی ورد و درشت، تەنانەت یاسا ئاساییەکانیش پشتگوێ دەخەن کە لە ئەنجامدا کەشوهەوای پشێوی گشتی لێدەکەوێتەوە.
سیانزە: سەرکردە وێرانکەرەکان، بەردەوام، داوای سەرنجدان دەکەن، سنووردارکردنەوەی خۆیان ناوێت، چالاکیی زێدەڕۆیی دەستپێدەکەن و ئەم نەخشەیە وایان لێدەکات پێشبینی نەکرێن، بۆیە ئەو کەشوهەوایەی کە لە دەوروبەریان دروستی دەکەن، بۆ ئەوانی دیکە دەبێتە هۆکاری پشێوی و سەرلێشێواوی.
چواردە: هەلسوکەوتی ڕێبەری ژەهراوی هەمیشە ئاماژەن بۆ “هیچ کام لەمانە وا ڕوویانداوە خەتای من نییە!”، دوورکەوتنەوە لە ململانێ و خۆلادان دەکەن بە نۆڕم و هیچ بەرپرسیاریەتێکی نەرێنی وەئەستۆ ناگرن.
ئەم نەخشە وێرانکەرە لە دووڕیانێکی منداڵییەوە سەرهەڵدەدات سەبارەت بە بەدەستنەهێنانی ڕزامەندی و قبوڵکردنی پێویست. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە داوای ڕەزامەندی تێرنەکراو و پێویستییەکی زیادەڕۆیی بۆ ئەوەی لەلایەن هەموو کەسێکەوە بەدڵ بێت، تەنانەت کەسانی نامۆش. ترسی ناوەوە ئەوەیە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە ڕەت بکرێتەوە یان گاڵتەیان پێبکرێت و وەک ناخۆشەویست هەژمار بکرێن.
لەبەر ئەوەی خۆیان بە قبوڵنەکراو لەلای ئەوانی تر هەست پێدەکەن، هەست بە بێدەسەڵاتی و ناشایستەیی گرینگیدان دەکەن. ئەم ئەزموونە دەتوانێت ببێتە ئازاربەخش، و ناتوانن پەیوەندی بکەن یان داوای ئەوەی لە کەسانی دیکە بکەن کە پێویستیان پێیەتی، چونکە هەست ناکەن شایەنی ئەوەن. ئەوان دوادەخەن بۆ ئەوانەی لە ڕۆڵی دەسەڵاتداردان و بە هێمنی لە وابەستەیی و بێهیوایدا ئازار دەچێژن و وەک “پێویست” سەیر دەکرێن بۆ هەر پارچەیەکی ڕزامەندی.
ئەوان پێویستییەکی تێرنەکراویان لێ پەیدا ئەبێت بۆ ئەوەی هەمیشەقبوڵ بکرێن، لەخۆبگیرێن.
لە ئەنجامدا کەشوهەوایەکی دوور لە ململانێ دروست دەبێت
پانزە: سەرکردەی ژەهراوی و وێرانکەر، بەردەوام چاوەڕوانییان هەیە کە کەسی بەرانبەر بەرپرسیاریەتی بڕیاردانیان لە ئەستۆ بگرێت. لەوانەیە ئەم چاوەڕوانییە بە کەسی بەرانبەر نەڵێن. خۆیان لادەدەن و بەم شێوەیە دەتوانن لە هەموو کارێک بێ تاوان بمێننەوە و بەردەوام بن لە باوەڕ بەوەی کە ئەوان “چاکن” یان “بێ تاوانن”. ئەم نەخشە ژینگەیەکی تاڵ دروست دەکات و ئەرکی ئەوانی دیکەش تێکدەدات، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە بتوانن بێ تاوان بمێننەوە و خۆیان بێ تاوان نمایشت بکەن.
شانزە: ئاماژەی هەڵسووکەوتەکانی ڕێبەری ژەهراوی ئەوەیە کە “تەنها ئەوەی دەیڵێم بیکە!”
تەنانەت تا ئاستی زاڵبوونی زێدەڕۆیی بەسەر ئەوانی تردا بە پشتگوێخستنی مرۆڤایەتییان.
ئەم نەخشە وێرانکەرە لە دووڕیانێکی منداڵییەوە سەرهەڵدەدات سەبارەت بە بەدەستنەهێنانی ئۆتۆنۆمی و دەسەڵاتی پێویست بەسەر بارودۆخەکاندا بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانەوە. ئەم دووفاقییە لە ئەنجامدا دەسەڵاتی تێرنەکراو و پێویستییەکی زێدەڕۆیی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکەدا یان تەنانەت بابەتیکردنیان بەدوای خۆیدا دێنێت.
لەبری بەهادان بە مرۆڤەکانی تر، ئەوان وەک ئۆبژەیەک بەسوود بۆ ئامانجەکانیان دەبینن و دەستکارییان دەکەن. زۆرجار کات بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی مانادار تەرخان ناکەن. ترسیان لەوە هەیە کە بە لاواز هەژمار بکرێن. لەبەر ئەوەی پێویستە خۆیان وەک کەسێکی بەهێز هەست پێبکەن، هەوڵدەدەن ئەو جەنگاوەرە قارەمانە بن کە ئەوانی دیکە ڕزگار دەکەن، لە کاتێکدا مەبەستی بنەڕەتی ڕاستەقینە، پاراستنی خۆیانە لە ترسە قووڵەکانیان لە لاوازی. لە کۆتاییدا هەست بە توڕەیی دەکەن بەرانبەر بە کەسانێک کە نیشانەکانی لاوازی ئەوان دەردەخەن.
هەڤدە: ڕێبەری ژەهراوی بەردەوام بێتاقەتی دەردەبڕێ کە ئەوانی دیکە کارنامەیان هیچ نییە و بەردەوامە لەوەی کە ئەوانی تر چەندە خاو دەجووڵێن، پشتگوێخستنی بەهاکان یان پێداویستییەکانی ئەوانی تر، دەروونی دەکاتەوە و
وا دەردەکەوێت کە هاوسۆزی نییە لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئەوانی تر و بێتوانا ئەوێت لە گوێگرتن بۆ کەسانی دیکە و بەردەوام داوای دڵسۆزیش دەکات بۆ هەموو کارەکانی.
هەژدە: ڕێبەری ژەهراوی لە ئەنجامدا بەرەو کەشوهەوای خۆسەپێنانە دەڕۆن، داوای دڵسۆزی بێ پرسیار دەکەن، دەسەڵاتی خۆیان بۆ پاراستنی ئەوانی تر لە زیاندا بەکاردەهێنن، بەڵام لە بەرانبەردا پێویستیان بە ملکەچییەکی ڕەها هەیە. ئەوان ئەو بەها ئەخلاقییانە پشتگوێ دەخەن کە ڕەنگە ڕێگریان لێبکات و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە دەوروبەریان، پرسیاریان لێ نەکەن و هەمان شت بکەن کە ویست و خواست و ئارەزووی ئەوانە.
نۆزدە: ژەهراوییەکانی سەرکردە، شەڕانگێزن بەرانبەر بە هەر کەسێک کە بە هەر شێوەیەک ڕەخنە نیشان بدات. بێ وەفاکان بە نۆڕمە دەستکردەکانی خۆیان، بە خێرایی لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە و پشتگوێ دەخرێن. بەڕای ژەهراوییەکان تۆ یان “لە ژوورەوە”ی یان لە “دەرەوە” و هیچ بەینابەینێک بوونی نییە.
بیست: ئاماژەی گرینگی دیکەی ڕێبەر و سەرکردەی ژەهراوی ئەمەیە: “متمانەم پێ بکە؛ من هەرگیز هەڵە نیم”. هەروەها لەڕادەبەدەر بەکەم بینین و بەکەم زانینی ئەوانی تر و سووک ڕوانین بۆ زانینەکانیان.
دووڕیانێکی منداڵی سەبارەت بەوەی کە ئەوەندە زیرەک نەبیت بۆ هەڵبژاردنی لۆژیک چونکە کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان و گەورەترەکانیان بەردەوام داشکاندنیان بۆ دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێرنەبوانە بەدوای پێگەدا بگەڕێن و پێویستییەکی زێدەڕۆیانە بۆ ئەوەی لەلایەن کەسانی دیکەوە وەک گرینگ یان گرینگترین سەیر بکرێن.
بیست و یەک: ئاماژەیەکی دیکە ئەوەیە کە
قسەکان دەبڕێت بۆ ئەوەی بڵێت چی هەڵەیە پێش ئەوەی کەسانی تر قسەکان تەواو بکەن.
ئامادە نابن پشت بە کەسانی دیکە ببەستن کە ناتوانن بەپێی پێوەرەکانی ئەوان بژین. خۆ بە تەواو زانین دەبێتە زیدەڕۆیی و وەسوەسەی
فشەکەکردنی ئەخلاقی و بە گەمژەیە بینینی ئەوانی دیکە کە گوایە هیچ نازانن. هەروەها
لە ڕادەبەدەر ڕەخنەگرتن لە هەر شتێک کە بە ڕای ئەوان تەواو نییە دەبێتە تایبەتمەندی سەرەکی ژەهراوییەکان و دروستکردنی ستانداردی مەحاڵ کە کەس ناتوانێت پێی بگات.
بیست و دوو: سەرکردە وێرانکەرەکان، پێوەرەکانیان ئەوەندە بەرز داناوە کە هیچ شتێک و هیچکەس ناتوانێت هەرگیز باش بێت. خواستی تێرنەکراو بۆ تێپەڕاندنی کەسانی دیکە و سەلماندنی هەڵەیان، دەبێتە هۆی کەشوهەوای نادیار؛ دیدێکی نەرێنی بۆ هەموو شتێک و بۆ هەموو کەس. فڕێدانی یەکسەرەی ناڕزایەتییەکان دەبێتە نۆرم و دەرئەنجامە نەخوازراوەکەی بریتییە لە دوورکەوتنەوە لەو کارانەی کە پێویستە بۆ ئەوەی هەموو شتێک بە باشی ئەنجام بدرێت.
بیست و سێ: سەرکردە ژەهراوییەکان لە تەنها بێزارکەربوون تێدەپەڕن. ئەوان بە مەبەست و بە ئەنقەست، خزمەت دەکەن بە زیانی ئەوانی تر. ژەهراوییەکان بێتوانا نین لە باشتربوون چونکی مرۆڤەکان هەمیشە توانای گۆڕانکارییان هەیە؛ ئەڵبەت ئەگەر هەڵیبژێرن، بەڵام نایانەوێت بگۆڕدرێن.
بیست و چوار: تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی سەرکردەی ژەهراوی و وێرانکەر، دەتوانێت یارمەتی بدات بزانرێت کەی مرۆڤ بەکاردەهێنن بۆ تێرکردنی ترسە ناخودئاگاکانی ناوەوەیان.
بیست و پەنج: سەرکردە ژەهراوییەکان ڕەنگە لە کورتماوەدا بە تێچووی فراوان، سەرکەوتن بەدەست بهێنن بەڵام بە هۆی کۆی دژەکان، تا سەر نایبەن. ئەو ژەهرە، دواجار خۆیان دەکووژێت.
ت.ب: وتارەکانی پێوەندیدار بەم چەمکە بخوێنەوە:
Toxic Leaders
Toxic Leadership
هەروەها بڕوانە بۆ:
Toxic Leadership: Destructive Characteristics & Examples, Pam Boney, 2021