ڕێپێوانی گەمژەیی
باربارا تاچمەن لە کتێبی “ڕێپێوانی گەمژەیی”، باس لە چوار حاڵەتی مێژوویی دەکات کە چارەنووسی جیهان، دەخاتە ژێر کاریگەری و گۆڕانکاری و هاوکات چەند هۆکاری پێوەندیداریش نیشان دەکات:
ئەسپی تڕوا
شەش ڕێنسانس
شۆڕشی دژە کۆلۆنیالیسمی بەریتانیایی ئامریکا
شەڕی ئامریکا لە ویتنام
تڕۆجانەکان، ئەسپی یوونانیان وەک پێشکەشی قبووڵ کرد، گوێچکەیان بە هۆشدارییەکان نەدا، لەخۆبایی بوون، سەرکەوتنیان بە مسۆگەرکراو زانی، پێشوەخت، جێژنی سەرکەوتنیان گرت و دواجار فەوتان.
شەش پاپای یەک لەدوای یەک، گرینگییان بە گەندەڵی کەلیسا نەدا، تووشی تەماحی بێ سنوور و لووتبەرزی بێ هاوتا بوون و دواجار، پڕۆتێستانتیسم، تەخت و بەختی هەزار ساڵەی تێکشکاندن.
لەدەسچوونی کۆلۆنییەکانی بەریتانیا لە دەرەنجامی شۆڕشی ئامریکا بوو بە هۆکاری یەکلاکەرەوەی وێرانکاری و ڕووخانی ئابووری و سیاسی بەریتانیا لە ئێمپراتۆرییەتێک کە خۆر تێیدا ئاوا نەدەبوو لە بەر ئەوەی شا، هێزی کارتێکەری بە کار نەهێنا، هەستی بە گۆڕانکاری جیهان و پێویستی بە گۆڕانکاری لە سیاسەت و شەڕی مان و نەمانی نەکرد.
لە شەڕی ئامریکا دژ بە ویتنام، زلهێز کەوتە دۆخێکی دەروونی خۆدروستکراو، دژە ئایدیۆلۆژی بوونی بە ستراتێژی گشتگیر کرد، بڕوای ساختەی وەهمی چێ کرد کە بە کەوتنی داشێکی دۆمینە، تەواوی دۆمینەکانی ئایدیۆلوژی دەڕووخێنێ و کەوتە بۆسەی گومان و دەمارگرژی و پێداگری و دواجار، “ئامریکا خەیانەتی بە خۆی کرد”و شکستی هێنا.
هەرچەندە دواتر ڕەخنەگەلێکی جێددی ئاراستەی بۆچوونەکانی تاچمەن کراو لێرەدا پێویست بە باسکردن ناکات بەڵام زۆرینەی هۆکارەکان و ئەنجامەکان، نامۆ نانوێنن لانیکەم بۆ مێژووی هاوچەرخ و ڕووداوەکان؛ ئەوەی کە تاچمەن وەک “ڕێپێوانی گەمژەیی”، ناوی هێنا.
کۆتا پرسیاری تاکمەن ئەم ڕستەیە:
ئایا وڵاتێک یان نەتەوەیەک [یان هەر حیزب و بزاڤ و سەرکردەو کەسایەتی] دەتوانێت خۆی لە گەمژەیی بپارێزێت؟
بۆ خوێندنەوەی زۆرتر بڕوانە بۆ:
The March of Folly, from Troy to Vietnam, Barbara Tuchman, 1984