کوردایەتی قوڵەنگی
ئەم ماوە خەریکم پێداچوونەوە بە خۆمدا دەکەمەوە، دوبارە خوێندنەوە بۆ چەمکەکان دەکەم، ئەڕوانم بۆ کوردایەتییەکەم و کوردایەتییەکەمان، بۆ ئەو کوردایەتییە وا ڕۆژانە لە قەسابخانەی سیاسەتی کوردیدا سەری دەبڕن و سەروپێ و جەرگ و دڵ و دەس و ڕان و تەنانەت ڕیخۆڵەو پێستەکەیشی دەفرۆشن. دوبارە دەچمەوە بە چەمکەکانداو….
کە منداڵ بووین دەخولاینەوە بە دەور خۆمانداو هاوکات هاوارمان دەکرد: باوەخوڵێ گێژم مەکە، ئەو یارییە ئێستا بووگە بە ژیانمان، ژیانی بە ناو سیاسی و کوردایەتیمان.
نەتەوە، کوردستان، کورد، کوردایەتی، ناسیۆناڵیسمە پێناسەییەکەمان؛ چۆن بە زەڕافە ئێژن وشتر، مانگا، پڵنگ؛ ڕێک ئەو پێناسەیەیە ئێمە ئەیکەین.
دیسانەوە خوێندنەوەی چەمکەکان: نەتەوە بەواتای زمان و نەریتی هاوبەش زێدە ئەسڵی سەرزەوینی، نەتەوە یانی سەرزەوی هاوبەش زێدە زمان زێدە وەدیهێنانی ئامرازی سیاسی هاودەنگی و کۆدەنگی زێدە خۆڕێوەبەری و دەیان پێناسەی دیکە؛ نەتەوەی سروشتی، نەتەوەی فەرهەنگی، نەتەوەی سیاسی: باوەخولێ گێژم مەکەو پرسیاری زۆر؛ ئایاکوو ئێخلاقی نەتەوەیی هەیە؟ پێناسەی شارۆمەندی نەتەوەیی کوا؟ ئایا نوێنەرایەتی سیاسی لە سەر توخمی نەتەوەیی، هەوڵی بۆ دراوە؟ ئایاکوو تێگەیشتنی نەتەوەیی لە نوێنەرایەتی سیاسیدا کاردانەوەی هەبووە؟ ئایا هەرگیز کوردایەتییەکەمان، بووە بە جاڕنامەی حقووقی یان بەیانی یاسایی؟ باوەخولێ گێژم مەکە.
دیسانەوەی چەمکەکان: ئیرادەی تاک و کۆ، خودئاگایی، ئاگایی گشتی، ئاگایی نەتەوەیی، یەکەی ئۆرگانیکی باڵا، کوژاندنەوەی پەرتەوازەیی فیۆداڵی و عەشیرەیی و ناوچەیی، یەکخستنی پێوەندییە جوداکان، یەکپارچەسازی لە لۆکاڵ بۆ نەتەوەیی، ئێجماعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چەمکێکی سەیرو سەمەرە کە بە بینینی، ئازای ئەنامم، شەپڵە لێیدەدات: سازمانی سەرزەوینی؛ باوەخولێ گێژم مەکە.
خۆ ئەوەیش وا هەیە، لە مەکینەی بەناو سیاسەت، ئایدیاڵیسمەکەشمان، بە ئامرازی ڕۆمانسیبوون، بە چەقۆی ئەمری واقیع، سەرکوت ئەکرێ؛ تەنانەت پێناسە دەکرێ بە شیرین عەقڵی و لە قەڵەمڕەوی “عاقڵانە نییە”، گەمارۆ دەدرێ و یەخسیر دەکرێت؛ باوەخولێ گێژم مەکە….
ئەم کوردایەتییەی تا ئێستا کردوومانە، چۆن کاتووزیان سەبارەت بە ئێران ئێژی بینای قوڵەنگییەو پێویستە بکوترێ و سەرلەنوێ بینا بکرێتەوە، کوردایەتییەکەی ئێمەیش، بینای قوڵەنگییەو….
دواجار کە باوەخولێمان دەکردو هەس و هیلاک دەبووین و عارەقەمان دەرئەداو نەماندەزانی ئێمە بە دەور دنیا دەسووڕێینەوە یان دنیا بە دەور ئێمەداو زۆرجاریش تا هێڵنجداین دەڕۆیشتین، واماندەزانی تەواومان کردووە؛ کێبەرکێیەک کە هەرگیز براوەی نەبوو…
باوەخولێ گێژم بکە…..