حەماسەی ئۆدیسێ و جیهانژینی مرۆڤی کورد؛ شیکارییەک بۆ هێز و تراژێدیا و ناسنامە
پوختەی بابەتی سەرەکی
وتاری “چیرۆکێک لە سێکس و ستراتیژی و دەسەڵات” لە نووسینی دەیزی دان، بە تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە لە حەماسەی ئۆدیسێ، ئەم شاکارە ئەدەبییە وەک درامایەکی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و دەروونناسی و ستراتیژی دەناسێنێت. پوختەی دەقەکە کە ناونیشانەکەی لە کۆتایی بابەتەکەدا هاتووە، لە چەند تەوەری سەرەکیدا کورتکراوەتەوە:
پاڵەوانی پڕووکاو و ترۆمالێدراو: دوای شەڕی دە ساڵەی ترۆجان، ئۆدیسێ نە وەک براوەیەکی پۆڵایین، بەڵکوو وەک مرۆڤێکی سەرگەردان وێنا دەکرێت، کە لە کەناراوەکانی ئۆگیگیا دەگری و بەدەست جۆرێک لە “ئینێرسیای دەروونی” یان پۆست ترۆماوە دەناڵێنێت، کە توانای جووڵەی لەدەستداوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەرزەمین.
سیاسەتی شاراوە و سەروەری ژن: سەرەڕای ڕواڵەتی پیاوسالاری کۆمەڵگا، هێزی بزوێنەر و ڕزگارکەر و کۆنترۆڵکەری ڕاستەقینەی ئۆدیسێ خوداکان و حۆرییەکانن. ئاتینا، خوداوەندی ستراتیژی، خۆی وەک پیاوێک دەگۆڕێت بۆ ڕێنماییکردنی دیپلۆماسی و ڕزگارکردنی؛ کالیپسۆ و سیرس بە سیحرێکی سۆزداری و ئەفسوناوی دەوری دەدەن؛ و سیرینەکان بە گۆرانییە هەنگوینییەکانیان، هەڕەشەی کوشندە و وەرگۆڕان دەخەنە ڕوو.
خۆڕاگری ستراتیژی لە بنەڕەتدا: لە ئیتاکا، پێنێلۆپی هاوسەری ئۆدیسێ بەرەنگاری ژمارەیەکی زۆر لە خوازبێنەکان دەبێتەوە بە ڕێگەی کڕینی کات و دروومانی کفن بۆ ئەوەی بوونی سیاسی شانشینەکە بە زیندووی بهێڵێتەوە.
پێویستی میانڕەوی و خۆکۆنترۆڵی: سەرکەوتنی ئۆدیسێ پەیوەستە بە “تەسلیمبوونی ڕێژەیی لەگەڵ زیرەکی”؛ وەکوو خۆبەستنەوە بە ستوونی کەشتییەکەوە تاکوو کاتی گوێگرتن لە گۆرانی سیرێنەکان، نەخنکێت.
گونجاندنی پێکهاتەیی
کاتێک چەمکەکانی ئەم نووسینە ئەدەبی-ئوستوورە لە چوارچێوەی داستانی حەماسەی یۆنانی دەردەهێنین و لەگەڵ دیاردەناسیی سیاسی و مێژوویی “مرۆڤی کورد” و بەریەککەوتنی لەگەڵ “هێژمۆن و دەسەڵاتی ناوەندگەرا و داگیرکەر”دا دەیانگونجێنین، نەک لێکچوونێکی زمانی، بەڵکوۆ لەگەڵ لێکچوونێکی کارکردی بەرەوڕوو دەبینەوە. لەم پارادایمەدا توخمەکانی حەماسەکە خورافات نین، بەڵکوو مێتافۆری کارکردی میکانیزمەکانی دەسەڵات و شوناس داماڵین و مانەوەن.
ڕوونکردنەوەی ڕەهەند و توخمە بەراوردکارییەکان
ئیتاکا یان نیشتیمانی ونبوو، و کوردستان وەک شوناس، سەربەخۆیی و جەوهەری نەتەوەیی:
لە شێعری هۆمێردا “ئیتاکا” خاڵی کۆتایی و مەبەستی سەرەکی و قەڵەمڕەوی شانشینی ئۆدیسێیە؛ هەمان ئەو شوێنەی کە هەموو شەرعییەت و ناسنامەکەی تێیدا پێناسە کراوە. لە گونجانی پێکهاتەییدا، ئیتاکا هەمان خواستی سەربەخۆییە؛ واتە جەوهەر و خودبوون و مافی سەروەری نەتەوەیی گەلی کورد بەسەر خاک و چارەنووسی خۆیدا، کە گەڕانەوە بۆی تاکە ڕێگای دەربازبوونە لە سەرگەردانی و هەڵپەسێراوی مێژوویی.
ئینێرسیا و گریانی ئۆدیسێ و ترۆمای مێژوویی و قفڵی دەروونی کۆمەڵگا:
دوای جەنگی دە ساڵەی ترۆجان، ئۆدیسێ توانای جووڵەی لەدەست دەدات و لە کەناری ئۆگیگیا تووشی پاسیڤییەت و فرمێسک هەڵوەراندن دەبێتەوە، کە ئەمەش هەمان ئەو ئینێرسیایە کە لە ئەنجامی پۆست ترۆما دروست دەبێت. لە جیهانژینی مرۆڤی کورددا ئەم دۆخە هاوتایە لەگەڵ “ترۆمای کەڵەکەبووی دەروونی مێژوویی”؛ حاڵەتێک کە تێیدا کۆمەڵگا دوای سەرکوت و شکستی یەک لە دوای یەک، بەدەست جۆرێک لە ماندووبوون و پرتووکان و نادڵنیایی و گرێدرانی دەروونی لەگەڵ بڕیار و ئیرادەی دەسەڵاتە دەرەکییەکان دەناڵێنێت.
گۆرانی سیرینەکان، و وەسوەسەی لێکنزیکبوونەوەی درۆیینە و ئایدۆلۆژیای ناوەند:
سیرینەکان بە گۆرانییە زۆر سەرنجڕاکێش و هەنگوینییەکانیان دەریاوانەکان ڕاکێش دەکەن و دەیانکێشنە نێو تاشە بەردە کوشندەکان. لە شیکاریی پێکهاتەییدا ئەم گۆرانییە مێتافۆرێکە بۆ “ئەدەبیاتی هەڵمژین و ئایدۆلۆژیای لێکنزیکبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندگەرایی”؛ دروشمگەلێک وەکوو ” شانازی و کولتووری هاوبەش”، “برایەتی مێژوویی” و “دایکی نیشتمان” کە بە ڕواڵەتێکی جوانەوە، بانگهێشتی مرۆڤی کورد دەکەن بۆ ئەوەی دەستبەرداری “دەفرەی ناسنامەی سەربەخۆی خۆی” بێت و بتوێتەوە ناو کولتووری باڵادەست.
دەرمانی سیرس و گۆڕانکاری و وەرگۆڕانی زمانی-فەرهەنگی:
سیرس جادووگەرێکە کە بە دەرخوارددانی دەرمانی گیایی، هاوڕێکانی ئۆدیسێ لە جەوهەری مرۆڤایەتی خۆیان بۆش دەکات و دەیانکاتە بوونەوەری وەرگۆڕاو، واتە بەراز. ئەم دەرمانە هاوتایە لەگەڵ “دامەزراوەکان و سیاسەتەکانی ناسنامەداماڵین، پەروەردە و ڕاگەیاندنی ناوەند” کە زمان و مێژوو و هۆشیاری خۆماڵی دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد بکاتە بوونێکی پاسیڤ و بەکاربەر و قبووڵکەری پێکهاتەی باڵادەست.
ڕوخسار گۆڕینی ئاتینا و سیاسەتی چاکسازی و بەزەیی مەرجدارانەی ناوەند: ئاتینا، خوداوەندی ستراتیژی، هەرگیز لە فۆڕمی ڕاستەقینەی خۆیدا دەرناکەوێت، بەڵکوو خۆی وەک مژدەدەرەێکی نێرینە دەپۆشێت بۆ ئەوەی بەڕواڵەت یارمەتی ئۆدیسێ بدات و وای لێبکات وەک خودا دەربکەوێت. ئەم ڕەفتارە بە وردی هاوتایە لەگەڵ “ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەیی دەسەڵاتی باڵادەست لە بەرگی چاکسازی، ڕۆشنبیرانە یان نێوەندگیری گەشەپێدان”؛ سیاسەتگەلێک کە هەرچەندە کرانەوەگەلی کاتی دروست دەکەن، بەڵام دواجار سەرچاوەی دەسەڵات لە دەستی ناوەنددا دەهێڵنەوە و وابەستەیی مرۆڤی کورد بەرهەم دەهێننەوە.
داواکەرانی تەماحکار، و ڕەوتی سازشکردن و هەلپەرستانی ناوخۆیی:
لە غیابی پادشادا سەد و هەشت داواکار کۆشکی ئیتاکا داگیر و سامانی وڵاتەکە هەڵمەقووت دەکەن. لە گونجانی پێکهاتەییدا، ئەم داواکارانە هەمان “ڕەوتی سازش، لایەنە وابەستە و هەلپەرستە ناوخۆییەکان”ن کە لە غیابی سەروەرییەکی نیشتمانیدا، سەرچاوە ماددی و هێمایینەکانی کوردستان بە قازانجی ناوەند یان بەرژەوەندی کەسی دەگۆڕنەوە.
خۆبەستنەوەی ئۆدیسێ بە ستوون، و ئەقڵانییەت و خۆڕاگری ستراتیژیک:
ئۆدیسێ بۆ دەربازبوون لە گۆرانیی سیرینەکان، پەنا ناباتە بەر وروژاندن و پاسیڤیەت، بەڵکوو بە توندی خۆی دەبەستێتەوە بە ستوونی کەشتییەکەوە بۆ ئەوەی گۆرانییەکە بیبیستێت و شیکاری بکات بەڵام نەکەوێت. لە شیکاری کۆتاییدا، ستوونی کەشتییەکە هەمان خواستی سەربەخۆییە؛ واتە ئەقڵانییەت و زیرەکی و پشت بەستن بە ناسنامەی خۆی کە ڕێگە بە مرۆڤی کورد دەدات بە قووڵی ڕەهەند و فریوەکانی داگیرکەر بناسێتەوە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی لە هۆشیاری و ئیرادەی نەتەوەیی خۆیدا بمێنێتەوە.
شیکاری دەق و گرێدانی پێکهاتەیی
ئیتاکا: ترۆما و کێشەی ئینێرسیای مێژوویی
لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای جەنگی ترۆجان، ئۆدیسێ لە ئۆگیجیادا تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی دەروونی و پاسیڤیەت دەبێت؛ حاڵەتێک کە خوێنەری مۆدێرن بە نیشانەی تێکچوونی گوشاری دەروونی دوای کارەسات دەزانێت.
لە گونجانی پێکهاتەییدا، ئیتاکا هەمان سەربەخۆییخوازییە. مرۆڤی کورد دوای چەندین سەدە شەڕ و چەوساندنەوە و شکستی یەک لە دوای یەک، چەندین جار تووشی بارودۆخی “ئۆگیگیا” بووە؛ ترۆمای مێژوویی چڕ جۆرێک لە ئینسێریای دەروونی و پاسیڤیەت دروست دەکات کە تێیدا کۆمەڵگا سەرەڕای خواستی دڵیی بۆ ڕزگاری، هێشتا ناتوانێت جووڵەی کۆتایی بەرەو ئیتاکا بەدیبهێنێت. بێتوانایی ئۆدیسێ لە جێهێشتنی دوورگەکە بەبێ ئیرادەی خوداوەندەکان، ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە کە نەتەوەیەک چارەنووسی خۆی بە ئیرادە و هاوسەنگی هێزەکانی دەرەکییەوە بەستووەتەوە.
گۆرانی سیرینەکان: ئایدیۆلۆژیای یەکگرتن و وەسوەسەی کولتووری
نووسەری بابەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیرینەکان هێزی ئەوەیان هەیە بە گۆرانییە شیرین و هەنگوینییەکانیان پیاوان ڕابکێشن و فێڵیان لێبکەن بۆ مردن. ئێسکی قوربانیانی پێشوو لە دەشتەکان بەڵگەیە لەسەر کوشندەبوونی ئەم سەرنجڕاکێشییە.
ئەم میکانیزمە بە وردی لەگەڵ سیاسەتی هەڵمژین و هاوڕاستابوون لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا دەگونجێت. ناوەندی دەسەڵات هەمیشە بانگهێشتی مرۆڤی کورد دەکات کە بە خوێندنی “گۆرانی هەنگوین” واز لە “کەشتیی ناسنامەی سەربەخۆی خۆی” بهێنێت. ئەم ڕاکێشانە کولتووری-ئەدەبییە پێکهاتەیەکی فریودەری هەیە؛ قبووڵکردنی تەواوەتی هەمان و وردوخاش بوون لەسەر تاشەبەردەکانی ناسنامەداماڵین هەمان.
دەرمانی سیرس: گۆڕان و وەرگۆڕان
لە بابەتەکەدا هاتووە کە سیرس بە ڕواڵەتێکی ناهەڕەشەئامێز و دەرخوارددانی دەرمانی گیایی، هاوڕێکانی ئۆدیسێی کردووە بە بەراز.
لە شیکاری پێکهاتەییدا ئەم دەرمانە هێمای دامەزراوەکانی تواندنەوەی کولتووری و پەروەردەیی ناوەندە. زمان و مێژوو و دەروونناسی داسەپاوی ناوەند، جەوهەری وشیاری نەتەوەیی لە مرۆڤی کورددا دەکاتە ئامانج. دەرئەنجامی کارلێکی ناڕەخنەیی لەگەڵ ئەم پێکهاتە، وەرگۆڕانی دەروونی و تێکچوونی مرۆڤی ئیرادەدارە بۆ بوونەوەرێکی پاسیڤ کە پێکهاتەی باڵادەستی قبووڵ دەکات.
گۆڕینی ڕووخساری ئاتینا: دیپلۆماسی ئاڵۆز و پشتیوانی مەرجدار
بەگوێرەی دەقی وتارەکە، ئاتینا، بۆ ئەوەی لە جیهانێکی پیاوانەدا دەسەڵات بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، خۆی دەگۆڕێت بۆ فۆرمی پیاوگەلێک وەک “مێنتس” یان بەشارەتدەر بۆ ئەوەی ئۆدیسێ ڕزگار بکات و وەک خودا دەریبخات. ئاتینا دەزانێت پیاوان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، بەڵام ژنان بە فێڵبازی و فەرتەنە ڕووداوەکان لە قاڵب دەدەن.
ئەمە مۆدێلێکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەیی سیستەمەکانی دەسەڵات لە بەرگی ڕیفۆرمخواز یان گەشەخواز. دەسەڵاتی باڵادەست، لەپێناو کۆنتڕۆڵکردن و ڕێنماییکردنی ڕەفتاری مرۆڤی کورد، هەمیشە بە ڕوخسارێکی سەربازی توند دەرناکەوێت، بەڵکوو هەندێکجار لە شێوەی ڕۆشنبیر، ڕێوەبەرێکی دڵسۆز، فریادڕەس، یان بانکەوازکەرێکی گەشەپێدان دەردەکەوێت. هەرچەندە ئەم دەستێوەردانانە بە ڕواڵەت هەلومەرجی ژیانی کاتی دابین دەکەن، بەڵام دواجار سەرچاوەی دەسەڵات لە دەستی ناوەنددا دەهێڵنەوە و مرۆڤی کورد بە وابەستەی ئیرادەی کەسێکی دیکە.
خوازبێنەکان و خۆڕاگریی پێنێلۆپ: بەرەی نێوخۆیی
لە غیابی فەرمانڕەوادا، لە قاڵبی داواکارە تەماحکارەکان لە کۆشکی ئیتاکا جێیان خۆش کردووە و سەروەت و سامانی وڵاتەکە دەخۆن. پێنێلۆپ، بە زیرەکی و کات کڕین بە قوماش دوورین لە شەودا، شەرعییەتی دەسەڵاتی پاشایەتی دەپارێزێت تا گەڕانەوەی خاوەنە ڕاستەقینەکەی.
لەم گونجاندنەدا، داواکاران هەمان سازشکار و هەلپەرستی ناوخۆیین کە لە غیابی سیستەمێکی سەربەخۆ و خۆماڵیدا بازرگانی بە سەرچاوە ماددی و هێمایینەکانی کوردستانەوە دەکەن. لەبەرامبەردا پێنێلۆپ مێتافۆرێکە بۆ “بەرخۆدانی نەتەوەیی و ناوەکی خەوشهەڵنەگری وشیاری کورد” کە بە سەبرێکی ستراتیژیکەوە کات دەکڕێت و ڕێگە نادات ڕەوایەتیی سەروەری سروشتی بەسەر ئەو خاکەی کە سەر بە نەتەوەی کوردە بە فەرمی بگوازرێتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنەکان.
پێویستی ستوونی سەربەخۆیی
وەک دەیزێ دان لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێدەکات، ئۆدیسێ هیچ هەنگاوێکی سۆزداری هەڵنەگرت بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی بە خاکی سیرێنەکاندا تێپەڕێت؛ گوێچکەکانی خۆی کەڕ نەکرد کە نەبیستێت، و ڕێگەی نەدەدا جەستەی ڕەها بێت، بەڵکوو خۆی بە توندی بە ستوونی کەشتییەکەوە بەستەوە، گوێی لە دەنگە سێحراوییەکە گرت، شیکاری بۆ کرد، بەڵام بەو زنجیرەی کە خۆی بە ستوونەکە بەسترابوویەوە، ڕێگری لە کەوتنی خۆی کرد.
****
بە پشتبەستن بەم بەراوردکارییە، مرۆڤی کورد پێویستی بە “ئەقڵانییەتی سارد و ستراتیژیک” هەیە لە بەرامبەر داگیرکەر و دەسەڵاتی ناوەنددا. وەڵامێکی سۆزداری یان پاسیڤییەتی ڕەها هەردووکیان دەبێتە هۆی شکست.
“ستوونی کەشتی” لەم شیکارییەدا هەمان “گەڕان بۆ سەربەخۆیی”یە کە پێکهاتەیەکی پێوانەکراو و ئەقڵانی و ڕەسەنی ناسنامە و سەربەخۆییە.
مرۆڤی کورد دەبێ بە قووڵی لە ڕەهەندەکانی وەسوەسە و سیحر و دیپلۆماسی و فشاری پێکهاتەیی ناوەند تێبگات و ڕووبەڕووی واقیعەکان ببێتەوە، بەڵام خۆی بە “ستوونی هۆشیاری و ئیرادەی نەتەوەییەوە” ببەستێتەوە.
مرۆڤی کورد تەنیا بە گرتنەبەری ئەو جۆرە خۆڕاگری و ئەقڵانییە ستراتیژیکە دەتوانێت زەبر و زەنگی مێژوویی یان ئینێرسیای کەنار ببڕێت و فریودانی سیرینە سیاسییەکان بێلایەن بکات و داواکارە قۆرخکارەکان لە ئیتاکای خۆی دەربکات و سەروەری سروشتی خۆی بەسەر چارەنووسی خۆیدا بەدیبهێنێت.
بڕوانە بۆ بابەتی سەرچاوە:
A story of sex, strategy and power: How women shape the plot of Homer’s Odyssey, Daisy Dunn, BBC, 2026.


No Comment! Be the first one.