ناسیۆنالیستەکان بیخوێننەوە، نەیارانی ناسیۆنالیزم قووڵتر (٢)
لە وتارێکدا بە ناونیشانی “ئاڵاکانی بێمەترسی: ئەوەی لیبرالەکان دەتوانن لە مۆندیالەوە فێری ببن” کە لەلایەن “دامەزراوەی لیبرالی ئورووپا” بڵاوکراوەتەوە، نووسەر وتارەکەی بەم وێنەیە دەست پێ دەکات کە لە کاتی مۆندیاڵی ٢٠٢٦دا، ملیۆنان مرۆڤ لە سەرانسەری جیھاندا بە شانازییەوە ئاڵاکانیان دەشەکێننەوە، سروودی نەتەوەیی دەڵێنەوە و سەرکەوتنەکان لەگەڵ کەسانی نەناسراودا جەژن دەگێڕن، بێ ئەوەی ئەم کارەیان بیانگۆڕێت بۆ ناسیۆنالیستی مەترسیدار، فاشیست یان دژەبێگانە. مۆندیال مۆدێلێک لە ناسنامەی نەتەوەیی پێشان دەدات کە شاد، مەدەنی و گشتگیرە و نابێت لێی بترسین.
نووسەر لە درێژەدا دەنووسێت کە ھەڵەی ستراتیژیکی لیبرالەکان، جێھێشتنی هێماکانە بۆ ڕاستڕەوە توندڕەوەکان. ئەو وا بۆی دەچێت کە لە جیهانی سیاسەتدا، وشەی “ناسیۆنالیزم” بووەتە وشەیەکی نێوزڕاو (Dirty Word) کە بە سیاسەتەکانی دژە کۆچبەری و پۆپۆلیزمی ڕاستڕەوانەوە گرێ دراوە. بەهۆی ئەم پێشینە نەرێنییە، ڕەوتە لیبرال و دیمۆکراسیخوازەکان لە دەربڕینی شانازیی نەتەوەیی و بەکارهێنانی هێما نەتەوەییەکانی وەک ئاڵا دوور کەوتوونەتەوە و فەزاکەیان کردووە بە تابوو و بڤە. ئەم دوورکەوتنەوەیە، بۆشایییەکی گەورەی دروست کردووە و ڕێگەی بۆ گرووپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و نیۆنازییەکان خۆش کردووە تا ئەم هێمایانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان داگیر بکەن و پێناسەی سڕینەوەخوازانە و ڕەگەزیی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن.
بە بڕوای نووسەر، دیمۆکراسی و خۆشبژێوی پێویستیان بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش هەیە.
ئەو بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی فەیلەسوفانی سیاسی وەک دەیڤید میڵەر، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە مانەوەی دەوڵەتێکی دیمۆکراتیک و بەردەوامیی سیستمەکانی خۆشبژێوی و کۆمەڵایەتی، مەەرجدارە بە هەبوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش. بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئامادە بن باج بدەن، تەسلیمی دابەشکردنەوەی سامان ببن یان ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیمۆکراتیک قبووڵ بکەن تەنانەت ئەگەر پارتە دڵخوازەکەی خۆشیان دۆڕاو بێت، دەبێت هەستێکیان بە متمانە، هاوپشتی و گونجان لەگەڵ کۆمەڵگایەک و “ئێمە”یەکی یەکگرتوودا هەبێت.
نووسەر بە ئاماژەدان بە جیاوازیی ناسیۆنالیزمی تۆپی پێ لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ڕەگەزی لەناو چیمەنە سەوزەکەدا دەڵێت: ئەمە خۆشەویستیی نیشتمانە بە بێ ڕقبوونەوە لە ئەویتر. هۆگرێکی ئیسپانیایی یان فەڕانسەوی بە تەواوی وجوودی خۆیەوە هانی تیمەکەی دەدات، بەڵام هاوکات ڕێز لە مافی هۆگرێکی مەغریبی یان ئەرژەنتینیش دەگرێت بۆ خۆشویستنی وڵاتەکەی. هیچ دژایەتییەک لە نێوان خۆشویستنی نیشتمانی خۆت و ڕێزگرتن لە شادبوونی کەسانی دیکەدا نییە.
بە بڕوای نووسەر، مۆندیال بیرهێنەرەوەی بنەمای سەرەکیی لیبرالیزم واتە شایستەسالارییە؛ لەو شوێنەی کە سەرکەوتن لەسەر بنەمای باڵادەستیی کارکردن و کێبڕکێی دادپەروەرانە دیاری دەکرێت، نەک باڵادەستیخوازیی ڕەگەزی.
ئەو لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە کاتی ئەوە هاتووە دیمۆکراتەکان و لیبرالەکان هێما نەتەوەییەکان و چەمکی نەتەوە وەربگرنەوە؛ نەک لەبەر نۆستالژیایەکی کوێرانە یان باڵادەستیخوازیی ڕەگەزی، بەڵکوو لەبەر ئەم هۆکارەی کە دیمۆکراسی بە بێ هەبوونی مانایەکی قووڵ لە “ئێمە” ھەڵدەوەشێتەوە. مۆندیال فێری ئەوەمان دەکات کە ناسنامەی نەتەوەیی دەکرێت ببێتە هۆکاری یەکێتی، نەک لێکترازان و دووبەرەکی.
بڕوانە بۆ:
Flags Without Fear: What Liberals Can Learn From The World Cup, Liberal Forum, 2026.


No Comment! Be the first one.